یادەوەرییەك لە هەولێرەوە .... پایتەختێكی هەڵكشاو بێداربووی رۆژهەڵاتی ئاسیا
January 22, 2019
وتار و بیروڕا
من زۆر خۆشحاڵ دەبم بە گواستنەوەی ئەو مەعریفەیەی كە لە ژیانی نەوەیەكی نوێتری ئەندازیاراندا بەدەستهاتووە- پلاندانەرانی شار- بۆ نموونە: وەك ئەو زانیارییانەی وەك- بەشێك لە نامەی دكتۆراكانیان بەدەستی دەهێنن، -منیش- وەك پەرەپێدەرێك، هاوكارییان دەكەم بۆ گەیشتن بە ئاستە یەك لەدوای یەكەكانی پیشەیی زانستی ئەم كەسانە. لە ساڵی 2008ەوە بۆ 2016، من سەرۆك دیراساتی دكتۆرا بووم لە بەشی ئەندازیاری لە زانكۆی پۆلەتەكنیكی وارشۆ. لەو كاتەدا، من توانیم ژمارەی قوتابییەكان زیاتر بكەم كە بوونە كاندیدی دكتۆرا لە 12 كەسەوە تا گەیشتە 100 قوتابی. لە ئەیلوولی ساڵی پاردا، من 10 رۆژم بەسەر برد لەگەڵ دیدار گەردی، كە ئەندازیارە و لەسەر بنەمای ئیراسموس دەخوێنێت، كە ئێستا قوتابی دكتۆرایە لای من و نامەی دكتۆرا دەنووسێت لەبارەی ئەندازیاری و پلاندانانی شارستانی بۆ هەولێر، لە نێویاندا مێژوووی تراژیدی و گەشەكردنە گەورەكەی لە سەدەی 21دا. بەرەپێشچوونی هاوچەرخی ئێستای هەولێر بریتییە لە بابەتی سەرەكیی ئەم كارە رەسەنە. لە ئێستادا هیچ تێزێكی ئەكادیمی، یان هیچ بڵاوكراوەیەك نییە لەبارەی ئەم بابەتانەوە. ئەمەش جێی داخە، لەبەر ئەوەی بەریەككەوتن لەگەڵ ئەم شارەدا كاریگەرییەكی مەزنت لەسەر دروست دەكات. هەر كاتێك ئەم دەقانە دەخوێنمەوە كە قوتابییەكی دكتۆرای من لە وارشۆ لە پۆڵەندا دەینووسێت، یان لە سیمینارەكانی زانكۆكەدا دەخرێتەڕوو لەبارەی بەرەوپێشچوونی هەولێر لە سەدەی 21دا، ئەوا هەموو كەسێك سەرنجی دیمەنە سرووشتییە سەرنجڕاكێشەكانی شارەكە دەدات، و بە مەراقەوە گوێ دەگرێت، لەگەڵ هەندێ باوەڕنەكردن و گومانكردن لەوەی بە راستی شارێكی لەم شێوەیە بوونی هەبێت، بەو دیمەنە دڵڕفێنانەوە. ئەوان لە راڕەوەكانی زانكۆكەدا لە بەڕێز دیدار گەردی نزیك دەبنەوە، و رایدەگەیەنن كە بە دڵنیاییەوە ئەوان ئامادە دەبن لە بەرگریكردن لە تێزی دكتۆراكەیدا- بۆ ئەوەی گوێی لێبگرن و سەیری بكەن، لەبەر ئەوەی لە زانا هاوەڵەكانیانەوە دەزانن لەبارەی گفتوگۆكەیەوە- پریزێنتەیشن-. ئەگەرچی بەهۆی زۆرێك لە گەشتەكانمەوە دەزانم- كە ئەمەش پەرۆشی منە بۆ چەندین شار لەم بەشەی ئاسیا لە جیهاندا- كە سەردانیكردنی هەولێر لە ئەیلوولی ساڵی 2018دا تێڕوانینی منی گۆڕی لەبارەی ئەم شارەوە، ئەویش كاتێك دەرفەتم هەبوو بۆ ئەوەی خۆم كۆمەڵگەی كوردی و هەلومەرجی ئەوێ ببینم، من قەناعەتم هەیە بەوەی خوێنەرانی ئەم رۆژنامەیە سەرنجی دەگمەنبوونی ئەو شوێنە نادەن كە لێی دەژین، لەگەڵ ژیانی رۆژانە و پشووەكان و كاركردندا، هەروەها ئەو راستییەی كە هەولێر لەباریدا هەیە، خەونی ئەوەی هەبێت ببێتە هەڵگری ناونیشانی پایتەختێكی جیهانی، بە مەرجێك هۆكارە سیاسییەكان نەبنە بەربەست لەبەردەم هاتنەدی ئەم خەونەدا. لەم روانگەیەوە، من خوازیاری ئەوەم لە خوارەوە چەند خەسڵەتێكی دیاریكراوی هەولێر بخەمەڕوو كە دەگمەنن بە بەراورد بە شارەكانی دیكەی جیهان.
لە یەكێك لە كۆنترین ئەو وێنانەی لەبارەی هەولێرەوە (كە پێشتر ناوی ئەربیل بووە) لە ساڵی 1820ەوە بەجێماوە، كە تەنیا قەڵاكەی تێدا دەركەوتووە، كە شێوەیەكی هێلكەیی هەیە و لەسەر پانتاییەكی تەختدا دروستكراوە و لە خەلفیەتی وێنەكەدا زنجیرە چیاكان بەرچاون. لە دامێنی قەڵاكەدا هیچ باڵەخانەیەك نییە، لە دەوربەری گردەكە، جگە لە منارە و بازاڕەكە نەبێت. لە كۆتایی سەدەی 20دا، باڵەخانەكان بوونەهۆی ئەوەی نزمتر دەركەوێت. قەڵاكە- كە پێشتر شوێنێكی نیشتەجێبوونی بەرگریكردن بوو نزیكەی 30 مەتر بەرزترە.... بە بەراورد بە خاكی دەوروبەری... یان بەرزترە لە دەوروبەری خۆی ( 10x3مەتر –قاتێك-= 30 مەتر). بناغەی قەڵاكە تەختكراوە، دوای رووخانی باڵەخانەكان، پاشماوەكانی لەوێدا لانەبراون لەم ناوچەیە، تەنیا تەختكراون و چینی دواتری لەسەر بنیادنراوە. بۆ هەزاران ساڵ، نیشتەجێبووان گەیشتنە بەرزترین ئاستی خاكەكە. لە ئەیلوولی ساڵی 2018دا، من دەرفەتی ئەوەم هەبوو كە لە لوتكەكەیەوە دەرئەنجامی توێژینەوەكە ببینم، لە نێویاندا هەڵكۆڵینی ئاركیۆلۆژی لە بەرزیی 8 مەتر لە ژێر چینی سەرەوەی قەڵاكە. پێمان وترا كە لە خوارەوەی ئەو بەردانەی دەرهێنران، بناغەی قەڵاكەیان لێ پێكهاتووە كە دەگەڕێتەوە بۆ 6000 هەزار ساڵ، واتە كۆی حاڵەتەكە بۆ 8000 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. كەواتە توێژینەوە لەسەر چەندین چینی كراوە. بەڵام كاری توێژینەوەكە لە ساڵی 2014دا راوەستا. لە هەمان كاتدا 22 مەتر لە بەرزایی گردەكەوە، كە زیاترە لە 7 چین لەگەڵ بەشە مێژووییەكەی دەوروبەریدا!!! هێشتا توێژینەوەی لەبارەوە نەكراوە!!!
مێژوونووسە ئەوروپییەكان، ئەوانەی پەرۆشی شوێنە دیرێنەكانن و چاودێریی ئەم چالاكییانە دەكەن، تا راددەیەكی گەورە دڵنیان كە چینەكانی دیكەی قەڵاكە هەزارەیەكی دیكەن لە مێژووی مەزنی ئەم شوێنە. لەبەر ئەوەی بونیادێكی هاوشێوە نییە لە جیهاندا كە شوێنێكی نیشتەجێبوونی مەحكەم بێت و ئەم دوو خەسڵەتەی تێدا بێت: بوونی نیشتەجێبووان و بەرگریكردنی پیشەییانە لێی- كە ئەمەش مەسەلەیەكی پێویستە بۆ ئەوەی مرۆڤ بە سەلامەتی بژی لە بونیادێكی ئاوا بەرزی چەند چیندا، ئەم شوێنە و مێژوووەكەی جێی سەرسوڕمانن.
دەتوانیت پێشبینی هاتنی گەشتیاران بكەیت لە وڵاتانی وەك پۆڵەندا، كە تێیدا شارستانیەت دەستی پێكردووە.
مێژووی شارەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 9 و دواتر، لەبەر ئەوەی ئەو گەلانەی لە سەردەم و رۆژگارەكانی كۆندا كۆچیان دەكرد، بەم خاكانەدا تێدەپەڕین، مێژووی كۆنی قەڵای هەولێر دوچاری سەرسوڕمانی دەكردن. لەلایەكی دیكەوە، گەشتیاران لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاواوە، ئەوەی پێی دەڵێن ئەوروپای كۆن، كە گەلانی كۆچبەر لە ئاسیاوە پێی دەگەیشتن، تاوەكو لە شوێنێكی نزیكەوە بیانبینیایە، ئەوا زیاتر سەرسوڕمان دایدەگرتن. خەسڵەتی پلانی قەڵاكە لە شێوەی درەختێكدایە كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا مایەی سەرسوڕمانە، كە پانتاییە گشتییە سەرەكییەكە بە چەشنی قەدی درەختەكەیە، كە لێیەوە شەقامەكان بە چەشنی لق و چڵەكان لێی جیادەبنەوە، هەروەها لەم لق و چڵانەشەوە- شەقامی زیاتر لە شێوەی لق و چڵی بچووكتردا، كە دواتر لقی دیكەی لێ دروست دەبێت. ئەمە تاكە شاری نیشتەجێبوونە لە جیهاندا كە ئەوەندە هەستورووژێن و تایبەت و خاوەن دیزاینێكی ناوازە بێت، ئەویش دەرئەنجامی ئەو راستیەیە كە پلان بۆ تێكڕای دانەرێژراوە. تەنیا بە گوێرەی پرەنسیپی فەلسەفی ئەفلاتۆن، كە بریتیە لە هەنگاو بە هەنگاو، چین بە چین بنیاتنراوە، كە ئەمەش بۆتەهۆی دروستبوونی شێوەیەك چەشنی درەختە.
هاووڵاتیان ئەو راستییە دەزانن كە قەڵاكە شوێنێكی مێژووییە، لەبەر ئەوەی رێكخراوی جیهانی یۆنیسكۆ خستویەتە نێو چوارچێوەی پاراستنی خۆیەوە. بەڵام شێوەی ئێستای شارەكە چەندین توخمی هەیە كە لە هیچ شوێنێكی دیكە بەدی ناكرێت. لە تێڕوانینی پلاندانەری شارستانییەوە- دیزاینەرەكە سەرسام دەبێت بەو خانووانەی كە تایبەتن بۆ نیشتەجێبوونی تاكە خێزانێك. لە نێویاندا قەبارەی خانووەكان. نەك وەك مامۆستایەكی زانكۆیەكی بە ناوبانگی وەك تەقەنی لە وارشۆ، بەڵكو وەك دیزاینەرێكی بەئەزموونی چەندین لایەنی پەیوەست بە ناوشار و گەڕەكەكانی نیشتەجێبوونەوە لە شارە جیاوازەكانی پۆڵەندا، پێموایە سەرەتا و پێش هەر شتێك، پێویستە كە پارێزگاری بكرێت، یان چەند ناوچەیەك سەوزایی بە پانتایی بەرفراوانتر دروست بكرێت. ئەمە بۆ ناوچەكانی نیشتەجێبوون، هەروەها بۆ شەقام و گۆڕەپانەكانیش راستە كە موڵكی گشتیی دانیشتووانەكەین. پانتایی سەوزایی پێویستە بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا لە جیهان، هەروەها پێویستە بەهۆی كاریگەرییەكەی لەسەر تەندروستی دانیشتووانەكەوە.
بیرۆكەی مەزنی دروستكردنی پشتێنەی سەوزایی بە دەوری شارەكەدا دەبێتەهۆی دروستبوونی ژینگەیەكی تەندروست بۆ ئەو كەسانەی لە كۆتایی هەفتەكان و لە پشووەكاندا گوڕوتینی ئەوەیان هەیە گەشتی وەرزشكردن لە دەرەوە بكەن لە ناوچەكانی دەرەوەی شارەكە. پانتایی سەوزایی و هەوای پاك پێویستن لە شارەكەدا، بە تایبەتی كە نزیك بێت لەو شوێنەی لێی دەژیت، نەك تەنیا لە نزیك شارەكەوە. پێویستە دانیشتووان و بەكارهێنانی دیكەی پانتاییەكانی شار لەمە تێبگەن. پێویستە هەڵمەتی ریكلامكردنیش ئەنجام بدرێت بۆ برەودان بە پانتاییەكانی سەوزایی. هەرچۆنێك بێت، پێداویستییەكی دیكە بریتیە لە بوونی سەوزایی لە شوێنەكانی نیشتەجێبوون، لە ئێستادا ئەم شوێنانە نزیكەی لە 100% بینا و باڵەخانەن، ئەمەش دژی تەندروستیی دانیشتووانەكەیە. لە وڵاتێكی وەك پۆڵەندا، كە تێیدا گەرمای هاوین تا راددەیەك كەمترە و ئەمەش لە پلانەكانی پەرەپێدانی پانتاییەكاندا لەبەرچاو دەگیرێت، و رێژەیەكی سەدی لە پانتایی دیاری دەكرێت، كە پێویستە لە روی «بایەلۆژییەوە بە چالاكی» بمێنێتەوە، واتە پانتاییەك بمێنێتەوە كە بتوانێت رووەكە رەگدارەكانی تێدا بچێنرێت.
لەلایەكی دیكەوە، قەبارەی خانووی تاكە خێزانێك بە راددەیەكی زۆر گەورەیە، پانتایی خانووەكان لە نێوان 500-600 مەتری دووجایە. لە پۆڵەندا، پانتایی خانووەكان بریتییە لە 140—250 مەتری دووجا. هەروەها خانووی 400 مەتر دووجا هەیە، بەڵام ئەمە حاڵەتێكی تایبەتییە. كاتێك لە مانگی ئەیلوولدا سەردانی هەولێرم كرد، چەندین خانووی تاكە خێزانیم بینی، بۆم دەركەوت كە لە میانەی پەرەپێدانی خێزانی گەورەدا، ژمارەی منداڵان زۆر زیاترە لەوەی لە وڵاتی مندا هەیە (3-4 مناڵ بە زۆر دادەنرێت)، كە ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی پانتایی زیاتر بمێنێتەوە بۆ بەكارهێنان. هەرچۆنێك بێت، قەبارەی ئەم خانووانە دەكرێت زۆر گەورە بێت بە بەراورد بەوەی لە ئەوروپا هەیە. من سەردانەكەی خۆم بۆ لەندەن لە یادە لە كۆتایی سەدی 20 و سەرەتای سەدەی 21دا، كە تێیدا خانووە لێكدراوەكانی تاكە خێزانێك لە نێوان قاتی زەمینی و قاتی یەكەمدا تەنیا 60 سەنیتمەتر پان بوو، كە جانتایەكی سەفەری پێوەنەدەچوو.
ئەو دیاردەیەی لێرە زۆر سەرسامت دەكات، بریتییە لە پەرەپێدانی شار و گەڕەكە نوێیەكانی لەم ساڵانەی دواییدا. ئەمە پرۆسەیەكە كە لە چەندین شاری گەورەی جیهان سەرنج دراوە. خەڵكانی شارۆچكە و گوندەكانی بەرەو شارە گەورەكان كۆچ دەكەن كە تێیدا ئاسانتر كار دەدۆزرێتەوە. دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، ژمارەی دانیشتووانی هەولێر لە سەدەی 21دا بۆ 7 هێندە زیادی كردووە. ئەمەش زیادبوونێكی جێی سەرسوڕمانە. دانیشتووانی 1.7 ملیۆنن و هاوشێوەی وارشۆیە، كە گەورەترین پایتەختە لە ئەوروپای رۆژهەڵاتدا. لێرەدایە كە دەڵێین هەولێر لە هەڵكشاندایە، بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی گەشتیاری رۆژئاوای ئاسیا. سیستمێكی گواستنەوەی پێشكەوتووی هەیە. كە بە راددەیەكی سەرەكی ئۆتۆمبێل و تاكسییەكان كاری گواستنەوە دەكەن، هۆكاری گواستنەوەی بە كۆمەڵ، وەك ترام و میترۆ لە پلاندایە، بەڵام هێشتا بەرەوپێش نەچووە. هەرچۆنێك بێت، تۆڕی گواستنەوە كە پێكهاتبێت لە شەقامی 5 سایدی بۆ هەر ئاراستەیەك، كارایی سیستمی پەیوەندیكردن باشە و بە دڵنیاییەوە باشترە لەوەی لە وارشۆ هەیە، كاتی چوونە سەركار و گەڕانەوە دەبنەهۆی قەڵەباڵغكردنی هاتوچۆ، كە جووڵەی ئۆتۆمبێلە تایبەتەكانی دەگرێت.
هەولێر پلانێكی شارستانی هەیە كە شێوەی بازنەییە- كە گەڕەكی گەورەتر و گەورەتر و شەقامی پێكەوەبەستراو لە خۆدەگرێت. پلانێكی ئاسایی شار نییە لە جیهاندا كە ئەوەندە ژمارەی دانیشتووانی لە خۆبگرێت. ئەمەش خەسڵەتێكی دیكەی دەگمەنی پلاندانانی شارستانییەكەیە.
بازاڕێكی گەورە لە دامێنی قەڵاكە و ژینگەكەیدا باڵادەستە. لەلایەكەوە، دیمەنێكی دڵڕفێنە، لەلایەكی دیكەوە كاڵا و سامان و ناوچەی جۆراوجۆریش لەخۆ دەگرێت كە تێیدا فرۆشیارەكان مامەڵە بە كاڵای دیاریكراوەوە دەكەن: ئاڵتوون، میوە، مەنجەڵ و هەر شتێك كە ماڵ پێویستی پێی بێت، بەهارات، بەرگدروو، كەرەستەكانی دیكە، پێڵاو، جانتا، شەپقە، هونەری خواردن. ئەوەی سەرنجت رادەكێشێت، ئەوەیە كە خەڵكەكە بە گوڕوتین و متمانەوە كارەكانیان دەكەن، وەك ئەو خزمەتگوزارییە ناوازەیەی كە چێشتخانە مەحەلییە زۆر باشەكان پێشكەشی دەكەن لەگەڵ ژەمی خۆراكی چێژبەخشدا.
ئەو هەڵسەنگاندنانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد، لەسەر بناغەی بەراوردكردنیان ئەنجامدراوە بە بابەتە هاوشێوەكان، یان لایەنە پەیوەندیدارەكانی شارەوە، بۆ نموونە لە شارە گەورە ئەوروپییەكاندا. بینینی چۆن ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییانە لە شوێنە جیاوازەكانی شارەكە كاردەكەن، دەرفەتی ئەوەت پێدەدات كە گوزارشت لەم بۆچوونە ئەرێنییە بكەیت. هەروەها شەقامە پڕ لە بازاڕەكانیش مایەی سەرسوڕمانن، بەتایبەتی ئەو شەقامانەی دراوی بیانی بەكار دەهێنن، كە بە بڕێكی زۆری دۆلار لەسەر عەرەبانەی شووشە، كەوەنتەر دانراون و خەڵكانی زمان جیاوازیش بە ئاپۆڕای گەورە هاتوچۆ دەكەن لەم كۆڵانانەدا. دیمەنێكی هاوشێوە ئەمە لە شارەكانی ئەوروپادا بەدی ناكەیت. شوێنە بازرگانییەكان كە هەموو جۆرە ئۆتۆمبیلێكی لێیە، بە مۆدیلی كۆن و نوێیەوە. بیرۆكەیەكی دیكەی مەزن بریتییە لە شەقامی دكتۆر و دەرمانخانەكان لە شارەكەدا- هەموو پسپۆڕییەكانی لە یەك شوێندا. لە شوێنانی دیكە، ئەم خزمەتگوزارییانە پەرت و بڵاون و هەر یەكەیان لە بەشێكی شارەكەن. بەدڵنیاییەوە، مامەڵەكردن لەگەڵ پرسەكانی پەیوەست بە تەندروستی لە یەك شوێندا، یا تەنانەت لە چەند شوێنێكی كەمدا، بەڵام هەر یەكەیان بە شێوەیەكی گشتگیر بیرۆكەیەكی مەزنە و دەبێتەهۆی ئەوەی دانیشتووان ئاسانتر بژین لە ساتەوەختە دژوارەكاندا.
هەروەها دەكرێت چیرۆكەكان زیاتر بكرێن لەبارەی چارەسەرە بێهاوتاكانی ئەم شارە دەگمەنەوە، لە بەشەكانی دیكەی جیهاندا چەندین شوێن هەن كە دەكرێت بە یەكتربڕی شارستانیەتی ناوزەد بكرێن، ئەمەش پەیوەست دەكرێتەوە بە دەرفەتڕەخساندن بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش، وەك چێشتخانەكان، یانەكان، باڕەكان، دووكانەكانی شیرینی و پاركەكان. لە سەرەتای سەدەی 21دا، چەند پاركێك لە نزیك یەكدییەوە دروست كراون. ئەمەش هاوشانە بە چەندین پرۆگرام كە دەبنەهۆی راكێشانی سەرنجی ژمارەیەكی زیاتری بەكارهێنەرانیان.
هەروەها كەش و كەلوپەلی بەسەربردنی كاتی خۆش بۆ منداڵانیش دەستەبەر كراون، لەگەڵ دەرفەتی وەزرشیی جیاواز بۆ پێگەیشتووان، وەك تاڤگەی سەرنجڕاكێش، لەگەڵ ئەگەری بەكارهێنانی باڵۆن، ئەو هەست و سۆزەی لەبەكارهێنانی تەلەفریكەكانەوە دەكەونەوە، ئاشنابوون بە كەلتور و رێگاكان و پێشانگای پەیكەرەكان، وێنەكێشراوەكان، مۆزەخانەكان، پێشانگاكان، پانتاییە سەوزاییەكان، چالاكییەكانی پەیوەست بە بەسەربردنی كاتی خۆش. هەروەها سەرچاوەكانی ئاو هەن. ئەم ئاڵوگۆڕانە بەسەر پاركەكان و بوونیان بە جێی بایەخی كەسانی تەمەن جیاواز بوونەتە هۆی ئەوەی ئەم شوێنانە لە ئێواراندا پڕ بن لە خەڵكی. بوونی ئەم پاركانە بەم خەسڵەتانەوە هاوشان بە چەندین لایەنی سەرنجراكێش دوایین تەوژمی هاوچەرخە لە جیهاندا.
من قەناعەتم بەوە هەیە كە ئەو هەنگاوە گەورە شارستانییەی لە هەولێر هەڵگیراوە، هاوشان بەو ئاڵوگۆڕەی بەسەر دیمەنی شارەكەدا هاتووە، ئەوەندە مەزنە كە پێویستە شارەكە لە هزری هەموواندا بێت، پێویستە هەولێر وەك یەكێك لە شارە هەر گرنگەكانی جیهان دابنرێت و وەك پایتەختێكی رۆژئاوای ئاسیا لێی بڕوانرێت كە لە سەرەتای هەڵكشاندایە. ئەگەر لە روانگەی مێژووەكەیەوە بڕوانین، ئەوا شایستەی ئەوەیە ئەم وێنەیە بگۆڕێت. بەو پێیە، لەو كۆنفرانسە زانستییەی كە لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا رێكخرا لە زانكۆی سەڵاحەددین لە هەولێر، من ئەم تێڕوانینەم لەبری زانكۆی تەقەنی وارشۆ دەربڕی. لە رێی پێرۆزباییكردن لەم بەرەوپێشچوونەوە، ئەوا ئومێد دەخوازم كە لە ئەساڵدا (2019) ئەم تەوژمانە لە هەولێر بەردەوام بن و كاریگەریی ئەرێنیان هەبێت لەسەر رازیبوونی دانیشتووانەكەی. شارێك بۆ خەڵكی تەوژمێكی جیهانییە لە ئێستادا، بەتایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریكا. ئێمە بانگهێشتتان دەكەین بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە هاوكاریكردن بەم ئاراستەیەدا.
بە گوێرەی یەكێك لە زانای پۆڵەندییەكان، پڕۆفیسۆر بۆگدان جاوۆێسكی، بۆ ئەوەی شارێك بە راستی ببێتە پایتەخت، ئەوا گرنگە ئەم 10 مەرجەی خوارەوە لەخۆیدا بەدی بهێنێت.
1- توانای ئەوەی هەبێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هاوكاری بكات، واتە شارەكە بتوانێت هاوكاری بكات لەگەڵ وڵاتە دەرەكییەكان لە بوارەكانی بەرهەمهێنان، خزمەتگوزاری، كاڵا و هێزی كار.
2- توانای داهێنانكاری لە بواری نێودەوڵەتیدا، بە واتای ئەوەی توانای ئەوەی هەبێت لەسەر خاكەكەی كۆمپانیا و رێكخراوی بیانی و ئەركی دیپلۆماتی و .. هتد ئەنجام بدرێت.
3- توانای ئەوەی هەبێت بانك و دامەزراوە و پڕۆژەكانی و.. هتد لە دەرەوە كار بكەن.
4- پەرەپێدان بە هێڵی پەیوەندی زەمینی و ئاسمانی.
5- پەیوەندییەكی كارا لە رێی بوونی سیستمێكی كارای پۆست، تەلەفۆن، ئەنتەرنێت و گەشتیارییەوە.
6- بوونی كەرتێكی خزمەتگوزاریی پێشكەوتوو، كە بتوانێت خزمەتگوزارییەكانی پەیوەست بە بواری بزنس دەستەبەر بكات.
7- راگەیاندن و هەبوونی دەزگایەكی راگەیاندن كە لەسەر ئاستی نەتەوەیی كاریگەر بێت.
8- بوونی دامەزراوە نەتەوەییەكان لەسەر خاكەكەی، لەگەڵ رێكخراوە ئیقلیمییەكان و ئەوانەی رەهەندێكی نێودەوڵەتییان هەیە.
9- بوونی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی كە نوێنەرایەتی هەبێت لە شارەكانی دیكە، یان لە دەرەوەی وڵات.
10- توانای رێكخستنی بۆنە و كۆبونەوە نێودەوڵەتییەكانی هەبێت.
دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2018 سەردانی هەولێرم كردم، من متمانەیەكی قووڵم هەیە كە بەلای كەمەوە نیوەی ئەم مەرجانە لەم شارەدا بەدی هاتوون، كە چەندین جار لە وتارەكاندا ئاماژەیان پێكراوە. یەكەم هەنگاوەكانی پەیوەست بە چوونە نێو بواری نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی بەرچاو و بەهێز، هەڵگیراون.
هەولێر وەك پایتەختی گەشتیاریی ئاسیا، تەنانەت دەتوانێت بە زمانی پۆلۆنیش لەسەر ئەنتەرنێت لەبارەیەوە بخوێنێتەوە. ئەوەی پێویستە هێنانەدی ئاڵوگۆڕی گەورەیە لە تەواوی شارەكەدا. بە چەشنی ئەندازیار (دیدار گەردی) هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە بواری ئەندازیاریدا، ئەنجامی دەدات. هەروەها بڵاوكردنەوەی كتێب و وتار لە رۆژنامە جیهانییەكاندا، لەگەڵ پەرەپێدانی ئەندازیاری، پلاندانانی شارستانی تایبەت، هەروەها هەبوونی ئیرادە بۆ هاوكاریكردن لەگەڵ كورد و ئاڵوگۆڕكردنی كاڵا و خزمەتگوزاری، كارمەند، قوتابی و ئەوانی دیكە. پێویستە كارێك بكرێت كە دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی وەك جیهانیبوون و شارەكانی جیهان، كە بە بەردەوامی هەڵسەنگاندن بۆ شارەكان دەكات لەسەر ئاستی جیهان، دەرفەتی ئەوەی هەبێت جوانی و بەرەوپێشچوون و خەڵكە زۆر باشەكەی هەولێر ببینن كە هەوڵ و كۆششی سەخت دەكەن بۆ خستنەگەڕی لقی جیاوازی ئابووری و كەلتوور و زانست لە هەولێردا. ئەم پایتەختە، كە دەبێت بە فەرمی ئەو نازناوەی لێ بنێین، كاریگەرییەكی ئیقلیمی دەبێت. ئایا ئەو خەڵكانەی لە هەولێردا نیشتەجێیبوون لە كوێوە هاتوون، ئایا چ شتێك بۆتەهۆی ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە بە راددەیەكی زۆر گەورە زیاد بكات؟ بەرەوپێشچوونی ئەم شارە بە مانای ئەوە دێت كە شوێنێكی باشە بۆ ئەوەی ژیانی تێدا بەسەر بەریت. من ئومێد دەكەم لە ساڵی نوێدا (2019) بتوانین بۆ بە پایتەختبوونی هەولێر قەناعەت بە جیهانی دەوروبەری كوردستان دروست بكەین، ئایا پێوستە ناكات مەسەلەكە بەم شێوەیە بێت؟
* لە بەشی ئەندازیاریی زانكۆی تەقەنی وارشۆ لە پۆڵەندا