تەنیا حكومەتی یاساپارێز و بەهێز چارەسەری گرفتەكانە
January 14, 2019
وتار و بیروڕا
دەرەنجامی سەدەیەك بەرخۆدانی نەتەوەكەمان لە سەرتاسەری كوردستان - بە هەموو بەشەكانیەوە -حكومەتی هەرێمی كوردستان، تاكە قەوارەی سیاسییە كە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناخۆی عێراقدا دانپێدانانی فەرمی هەبێت و جێگەی بایەخ بێت، ئەوەش بۆ خۆی دەستكەوتێكی هەرە گرنگ و زۆر دڵخۆشكەرە،؛ چونكە دەبێت هەردەم ئەوەمان لەبیر بێت كە خوشك و براكانمان لە پارچەكانی دیكەی كوردستانی گەورە سەرەڕای خەباتی زۆر و قوربانیی فرەیان هێشتا هیچ دەستكەوتێكی ئەوتۆیان دەستگیر نەبووە، بۆیە پاراستنی حكومەتی هەرێم و ئەم دەستكەوتە مەزنە بۆ خۆی ئەركێكی گەورەیە و دیسانەوە پێویستی بە جۆرێك لە خەبات و بەرخۆدان هەیە، سەرەڕای ئەوەش حكومەتی خۆماڵی لە ماوەی تەمەنیدا لە بوارگەلێكی گرنگی وەكو تەنایی و ئاسایش و پەیوەندیی نێودەوڵەتی و پەروەردەو خوێندنی باڵاو رێگەوبان چەندین بواری دی- ئەگەر وەكو پێویستیش نەبووبن - هەنگاوی بەرچاوی هاویشتووە، كە لەچاو بەشە عەربیەكەی عێراق و هەندێك وڵاتی دراوسێی هاوشێوەی سووریا گەلێك بەباشتر دەنرخێندرێت.
لەلایەكی تریشەوە دیارە ئەم حكومەتە لە ماوەی تەمەنی 27 ساڵەیدا رووبەڕووی گرفتی زۆر بۆتەوە، بەشێكی ئەو گرفتانەش دەستی دەرەكی و نەیارانی كوردی لە پشتەوە بووەو بەشێكیشان هۆكارەكانی تەنیا خۆمان بووین كە دەگەڕێنەوە بۆ: هۆكارگەلی گەندەڵی و قۆرخكاریی كەسانێكی باڵادەست و بیری تەسكی حیزبایەتیی هەندێك لایەنی دەستڕۆیشتووی ناو حكومەت و بێ ئەزموونی لە حوكمڕانی و زاڵبوونی ویستی تاكەسی و نەبوونی سیستەمی حوكمڕانیی روون لە رووی یاسای دەستوورییەوە .
ئەمانە و چەندین وردەهۆكاری تریش لەماوەی 27 ساڵی رابردوودا گرفتی زۆر مەزنیان بۆ بەرەوپێشچوونی فرەی حوكمڕانیی هەرێم دروست كردبوو، لەوانە: مانەوەی تارمایی دووئیداری و دروستنەبوونی هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆیی تۆكمە و یەكگرتوو تا دەگاتە ناكامڵیی سیستەمێكی یاسایی تۆكمە و سەروەر و چەندین گرفتی دی، كە ئەمانە بەسەر یەكەوە بوونەتە بارێكی گران بە سەر حكومەتەوە و تا رادەیەكی زۆریش فرچكی لە حكومەتەكەمان بڕیوە، دواجاریش كار گەیشتە ئەوەی هێزگەلێكی ناڕەسەن و نامۆ بە هزری نیشتمانپەروەری و كوردایەتی كلكیان لەگەڵ كلكی نەیارانی كورد گرێ دا و 50%ی خاكی كوردستانی باشووریان دۆڕاند و خستیانەوە بن دەستی نەیارانی گەلەكەمان، ئەوەش بۆ خۆی زیانی هەرە مەزن و گورزێكی گورچكبڕ بوو وەبەر جەستەی حكومەتی هەرێم و دۆزی كوردایەتی بەگشتی كەوت.
لێرەوە كرۆكیی باسەكە ئەوەیە: چۆن دەتوانین كۆسپ و گرفتەكان راماڵین و حكومەتێكی بەهێز دروست بكەین؟ روونە كە حكومەتی هەرێم لە ئێستاو پێشتریش هەردەم نەیارەكانی لە بۆسەدان بۆ ئەوەی دەستی زیاتری لێ بوەشێنن و زیانی گورچكبڕی پتری پێ بگەیەنن. بۆیە پێویستە حكومەتی ئایندە حكومەتێكی بەهێزو كارامە، یان بەهێزترو كارامەتر بێت، تاوەكو بتوانێت دەست لەسەر برینەكان دابنێت و كەلێن و درزەكانی نێو حكومڕانیی خۆماڵی دەستنیشان بكات و چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزێتەوە .
دیارە حكومەتی بەهێزو كارامە، زێدەتر بە دوو شت دێتەدی ئەوانیش: بە پەیڕەوكردنی سیستەمێكی بەهێزی حوكمڕانی و داڕشتنی دەستوورێكی پێشكەوتوو بۆ وڵات، لەگەڵ دانانی یاسای بەپێزی پڕ بەپێستی رێكخستنی كۆمەڵگەی كوردەوای، بە مەرجێك ئەو سیستەم و دەستوور و یاسا و رێسایانە بەر لە هەموو كەس حكومەت بۆ خۆی بە باشی بیانپارێزیت و بەرگری سەرسەختانەیان لێ بكات، بەو واتایەی لە یەكەم هەنگاوەكانیدا هێزەكانی پێشمەرگەو ئەولەكاری و تەنایی كوردستان بكاتە یەك هێزی تۆكمە و یەكگرتوو، هاوكاتیش بە شێوازی نوێی هونەری پەروەردەی جەستەیی و دەروونی و هزری نەتەوەخوازیی ئەو هێزانە پەروەردە بكرین، كە تەنیا سەر بە حكومەتی كوردستان بن. واتە: بەجۆرێك تەنیا و تەنیا فەرمان لە وەزرات و دەزگا فەرمی و تایبەتمەندەكانی حكومەت وەربگرن، تا ئەو راددەیەی چیتر ئەو هێزانە مافی حیزب و هیچ كەسیان بە سەرەوە نەمێنێت.
جارێكی دی، حكومەتی بەهێز ئەو حكومەتەیە لە رووی یاسایی و ماف و ئەركەوە بە یەك چاو سەیری هاووڵاتیانی خۆی بكات و بەرگری لە مافەكانیان بكات و ئەركەكانیان بۆ دیاری بكات، حكومەتی بەهێز ئەوەیە متمانەی تەواو ببەخشێتە هاووڵاتیانی خۆی كە حكومەتەكە پارێزەری مافەكان و خاك و خەڵكە و هەموو ئەرك و ماندووبوونێك و كارو تێكۆشانێكی لە پێناوی پێشخستنی وڵات و دابینكردنی خۆشگوزەرانی و تەناییە بۆ تاكەكانی كۆمەڵگە.
بۆیە پاش 27 ساڵ حوكمڕانیی خۆماڵی دەبێت ئەزموونی باشمان لە لایەنی باش و خراپی رابردووی حوكمڕانیمان وەرگرتبێت، ئیتر ناكرێت چیتر بەو شێوازە كلاسیكییەی پێشوو لە حوكمڕانی بەردەوام بین و ناشكرێت حیزبەكان هەریەكەو هێزی میلیشیایی سەربەخۆی هەبێت و لە كاتی تەنگەتاوبوونیاندا پێشێلی هەموو یاسا و رێساكان بكەن، بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیی تەسكی خۆیان و وەكو جاران ئەو هێزانە بخەنە گەڕ دژی خەڵك و حكومەت. ئیدی كاتی ئەوە هاتووە حكومەتی ئایندەمان حكومەتێك بێت كە تارمایی دووئیدارەیی و گەندەڵی و قۆرخكاری دەست بەسەردا گرتنی داهات و سەرچاوەكانی داهات لە لایەن حیزب و كەسانی میلیشیاگەرو دەستڕۆیشتووی سەر بە ئەم هێز و ئەو هێزی ناوخۆ و دەرەكی بڕەوێنێتەوە و لە گوڕی بنێت . كاتی ئەوە هاتووە حكومەتەكەمان چوارچێوەیەكی گونجاو بۆ سیاسەتەكانی دەرەوەو ناوەوەی خۆی دابڕێژێت و رێگە نەدات سەرانی حیزب و دەستڕۆیشتووان و سەرمایەدارانی نانیشتمانی بە ئارەزووی خۆیان پەیوەندیی گوماناوی لەگەڵ ئەو هێزو ئەو هێزی دەرەكی و ناوەكیی كرێگرتە و نەیار گرێ بدەن. دەبێت بە دەستوور و یاسا و رێسای نیشتمانی لە پێناوی تاك و كۆی هاووڵاتیان و سەربەخۆیی خەڵك و خاكی كوردستان و بەرژەوەندیی گشتی یەك بە یەكی خەڵكی كوردستان پڕۆگرام و هەڵسوكەوتی حیزب و كەسایەتییەكانی دەستڕۆیشتوو لە قاڵب بدرێن، تاوەكو چیدی نەتواترێت رەنجی دەیان ساڵەو خوێنی شەهیدانمان لەلایەن حیزب و كەسانی قۆرخكارەوە بەفیڕۆ بدرێت.
لە ئێستادا خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی حكومەتێك دەكەن كە حكومەتی خۆیان بێت و خەمەكانی لە پێناو هەموواندا بێت، ئەوەش بێگومان بەوە دەبێت كە دەستوورو یاساو رێساكان ئایندەی میللەتەكەمان بەرەوپێشچوونی كوردستان بە خاك و خەڵكەوە لە پێش چاو بگرێت و هەنگاوەكانی بەرەو سەربەخۆیی سیاسی وئابووری و زانستی و جیڤاكی مافی مرۆڤ و هاووڵاتیبون بێت .
هاوكات هەمیشە دەبێت ئەوەشمان لە بیر نەچێت كە ئەم حكومەتەی خۆمان راستە حكومەتی هاووڵاتیانی باشووری كوردستانە؛ لە رووی یاسایی و سیاسی و خۆجییەوە ئێمە لێی بەرپرسین، بەڵام نابێت هەرگیز ئەو راستییە لە یاد بكەین كە هەردەم خوشك و برایانمان لە باكوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا چاوی خۆشەویستی و ئومێدیان بڕیوەتە حكومەتەكەی ئێمەو وەكو سەرمەشقێكی زیندە لێی دەڕوانن، بۆیە هەر هەڵەیەكی كوشندەی حوكمڕانیی ئێمە بە زیانی هەر تاكێكی كورد دەكەوێتەوە لە هەر شوێنێكی ئەم جیهانە نیشتەجی بێت، پێچەوانەكەشی هەر تەواو راستە، هەر سەركەوتنێكی بەرچاوی ئێمە بۆ ئەوان زیاتر ئومێدبەخشە و بەرزتر دەینرخێنن، ئەوە لە كاتێكدا هەمیشە مافی ئەوانیش وەكو هەر تاكێكی نەتەوەیی بەسەر ئەم حكومەتەی ئێمەوە هەیە، چونكە هەردەم شۆڕشەكانی كورد لە هەموو كات و ساتەكاندا لە هەر پارچەیەكی كوردستان بووبێت، دانی بە سنوورە دەستكردەكاندا نەناوە و هەمووان پێكڤە شان بە شانی یەكدی پشتیوانی یەكتر بوون و بەشداریی جووڵە و بەرخۆدانەكان بوون لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە رەواكانی تێكڕای میللەتەكەماندا لە سەرفرازی و ئازادی سەربەخۆیی، باشترین بەڵگەش بۆ ئەوە: بەدەمەوە چوونی رەوانشاد بارزانیی نەمر و یاوەرەكانیەتی بۆ كۆماری كوردستان لە رۆژهەلاتی نیشتمان و بەدەمەوەچونی رەوانشاد سمكۆی قارەمان بۆ حكومەتی شێخ مەحمودی رەحمەتی لە باشوور و چەندین نمونەی دی.