چیدی قسەی قەڵەو مەكەن
December 19, 2018
وتار و بیروڕا
قۆناغی دادێ باشترین دەرفەتە بۆ وازهێنان لە قسەی قەڵەو، كاتی قۆڵهەڵماڵینە بۆ مەیدانی كار و كردەوە، لەبەرچی ئەم قۆناغە جیاواز لە قۆناغەكانی پێشوو پێویستی بە كارە؟
1- ناكۆكیی حزبی و قسەی قەڵەو تەنیا بووە هۆی ئەوەی، زەمینە بۆ درێژەدان بە ناكۆكی خۆش بكرێت، حكوومەت كەوتە ژێر كاریگەریی ئەو بارودۆخەی حزبەكان خوڵقاندیان.
2- حزبەكان نەریتێكیان داهێنا كە بێ وێنە بوو، بریتی بوو لە نەریتی (بەشدار دەبم و لێی بەرپرسیار نیم) ئەم نەریتە دوای خۆ بەدڵسۆززانین و بەرامبەریش بە خراپ دروست بوو، لە كابینەی هەشتەمدا گەیشتە ئەوپەڕی، لە كاتێكدا دروستبوونی كابینەكە داوای هەموو حزبەكان بوو، ببێتە حكوومەتێكی بنكە فراوان، بەڵام رۆژگار سەلماندی حكوومەتی بنكە فراوان ئەزموونێكی بێ كەڵك بوو.
3- داینەمۆی هەموو ئەو جووڵەیە بە ناوی ناڕەزایەتی و چاكسازی، ئەو رق و كینەیەیە كە چەندین ساڵە هێز بە دووبەرەكی دەداتەوە، بەڵام ئامانجەكەی كە بریتییە لە سڕینەوەی حزبی بەرامبەر نەهاتەدی، تەنانەت بە خۆ هاویشتنە بەرەی پیلانی ئیقلیمیش هیچی لێ سەوز نەبوو.
4- خۆدزینەوە لە چارەسەر و برەودان بە دووبەرەكی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی لێ هاتەدی، مەبەستی ئەو جووڵەیەش دژی پارتی بوو لەرێی داگیركردن و نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەڵام پێشمەرگە بەخوێنی خۆی هاوكێشەكەی پێچەوانە كردەوە.
5- پیلانە ئیقلیمی و ناوخۆییەكە چاوەڕێی كۆتاییهاتنی پارتی كرد، كەچی بە شەڕ و داگیركاری نەهاتەدی، دواتر چاوەڕێ بوون بە هەڵبژاردن بەو ئاواتە بگەن، ئەویش نەك نەهاتەدی، بەڵكو پارتی لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق لە ئاستی عێراق و كوردستان حزبی یەكەم دەرچوو، لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولیش یەكەم بوو، 45 كورسیی پەرلەمانی كوردستانی بەدەست هێنا.
بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە بەڕاستی هاوكاری پارتی بن لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمدا، با ئەم قۆناغە ببێتە قۆناغێكی نوێ، چونكە هەموو ئامرازەكان بۆ دژایەتیی پارتی تاقیكرانەوە، بەڵام هەر سوودی نەبوو، ئەركی پارتیش قورستر دەبێت، پێویستە هەموو ئەوانەی پارتی بۆ پۆست و پلە جیاجیاكانی حكوومەت كاندیدیان دەكات، لە دڵسۆزی و خزمەتدا پێشەنگ بن، چونكە پارتی شانی دایەبەر نەهامەتی و ناخۆشییەكان، بەڵام ئەوەی گرنگە لەم قۆناغەدا بكرێ لێپێچینەوەیە، یەكەم جار لە پارتییەكان دواتر حزبەكانی دیكەی بەشدار، ئیدی كاتی كردەوەیە و قسە هەزارە و دووانی بەكارە.