ئاوڕێك لە دوێنێ بدەنەوە ئەمڕۆ بارزانی ببینن
November 29, 2018
وتار و بیروڕا
باسی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی لە 22/11/2018 بۆ بەغدا ناكەم، دەمەوێ قسە لەبارەی ئەوانە بكەم كە تیر و توانج لەو سەردانە دەگرن، ئاخۆ لە كوێوە سەرچاوە دەگرێت، ئایا بەڕاست لە خەمی وڵاتە یان خەمێكی دی پاڵیان پێوە دەنێ؟
ئەوەی دەگوزەرێ لە خەمێكی چەندین ساڵەوە سەرچاوەی گرتووە، هەڵگرانی ئەو خەمە كە بە میرات بۆیان ماوەتەوە، ئاوڕێك لە مێژوو نادەنەوە، بۆ ئەوەی بزانن بۆچی لە كاتی خۆیدا ئەو خەمەیان هەڵگرت؟ لەم رۆژگارەشدا جارێكی دی خەمەكەیان هەڵگرتەوە، بە روونی دەردەكەوێ كە پەند لە مێژوو وەرناگرن، دەبێ بزانن ئەوە بەغدایە سیاسەت دەكات نەك ئەوان، ئاخر كاتێ لە 1964جیابوونەوە لە پارتی روویدا، ئەوانەی جیابوونەوە دوای دوو ساڵ سەنگەری شۆڕش و پێشمەرگەیان بەجێ هێشت و چوونە سەنگەری دوژمن، لەگەڵ سوپای عێراق پەلاماری سەنگەری پێشمەرگەیان دەدا، بەو هیوایەی لەو رێگەیەوە دەسەڵاتی شۆڕش و حزب بگرنە دەست، زۆر بە دڵسۆزی شەڕی پێشمەرگەیان كرد، تەنانەت پارێزگاری هەولێر لە ماوەی 1968-1970 كە سەر بە جەماعەتی جیابووەوە بوو، سەردانی سەنگەرەكانی شەڕی دژی پێشمەرگەی دەكرد.
كەچی لە 1969 حكوومەتی عێراق لەگەڵ سەركردایەتی بارزانی كەوتە گفتوگۆ و رێككەوتنی 11ی ئاداری ساڵی 1970ی لێكەوتەوە، ئەوكاتیش جەماعەتی جیابووەوە بەو هەنگاوەی بەغدا رازی نەبوون، بەڵام حكوومەتی عێراق بۆی دەركەوت كە دەبێ گفتوگۆ لەگەڵ خاوەنی راستەقینەی دۆز و شۆڕشی كوردستان بكرێت.
ئەوەی ئێستاش روویدا هەمان مێژووە دووبارە دەبێتەوە، بەداخەوە لە چەند ساڵی رابردوودا بەجۆرێك خۆ لە بەغدا نزیك دەكرایەوە كە وەك كارتێك دژی پارتی بەكاربهێندرێت، تەنانەت داوایان لێ دەكرد مووچە بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەنێرێ، بۆ ئەمەش كەشێكی ئاڵۆز لە ناوخۆی كوردستان دروست كرا، تا سەری بە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 گەیشت، ئەو هێزەی پەلاماری كەركووكی دا، ویستی هەولێر و دهۆكیش داگیر بكات، بەڵام پێشمەرگە نەیهێشت.
دوای ساڵێك لەو رووداوانە، بەغدا ئەگەر گوشاری ئەمەریكاشی لەسەر بووبێت، بەڵام بۆی دەركەوت كلیلی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لای بارزانییە، بۆیە پێویست بەو خۆسەغڵەت كردنە ناكات، ئەوانە لە ناكۆكیی نێوان هەولێر و بەغدا لایەنگری بەغدا بوون، لە ریفڕاندۆمدا لایەنگری بەغدایان كرد، كاتێ پەلاماری هەولێر و دهۆكیش درا، پێیان وابوو ئەو رۆژە خۆشانە دێن كە دەمێكە چاوەڕێیان دەكرد، كەچی دوای ساڵێك لەو رووداوانە، بەغدا فەرشی سووری بۆ سەرۆك بارزانی راخست، سەردانەكە پێشوازییەكی گەرمی لە ئاستی عێراق و ناوچەكە و جیهان لێكراوە، تەنیا كەسانێك پێیان ناخۆشە كە خۆیان لە مەلیك پێ مەلیكترە، بەڵام بەغدا پێی گوتن نەخێر ئێمە بە پێی ئەزموونی رابردوو، ئەگەر بەدوای چارەسەریدا بگەڕێین دەزانین لەگەڵ كێ قسە دەكەین.