ئەركە قورسەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
November 28, 2018
وتار و بیروڕا
هەر چەندە ئەو پڕۆژە یاسایانە بەهۆی ئەوەی لە خولی پێشوودا پێشكەش كراون و گفتوگۆیان لەسەر نەكراوە و نەبوون بە یاسا، بە نەبوو دەژمێردرێن، تا ئەو كاتەی جارێكی دی خاوەنەكانیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەنەوە. بەڵام ئەمە واناگەیەنێ پڕۆژەی گرنگ نەبن، كە پێویست دەكات هەندێكیان جارێكی دی پێشكەش بكرێنەوە.
بەڵام ئەوەی لای بەندە گرنگە، ئەوەیە كە پەرلەمان پێش ئەوەی دەست بە پڕۆسەی یاسادانان بكات، دەبێ بە پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆیدا بچێتەوە و هەمواری بكات و، بە شێوەیەك ئاسانكاری بكات لە پرۆسەی یاسادانان و گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەكان، تاوەكو بە شێوەیەكی هێمنانە و پیشەیی بەڕێوە بڕوات و، دوور بێ لە موزایەداتی سیاسی و بەفیڕۆدانی كات لە گفتوگۆی دوور لە بابەت و ئاستەنگ دروستكردن لەپێش بە یاساكردنیاندا، ئەمەش شتێكی كەس نەكردە نییە، زۆربەی پەرلەمانی وڵاتە پێشكەوتووەكان، لە سەرەتای هەر خولێكی نوێدا، پەیڕەوێكی ناوخۆیی تازە بۆ خۆیان دادەنێن، تەنانەت كاتی گفتوگۆی ئەندامان و فراكسیۆنەكانیش دیاری دەكەن و ماوەی درێژدادڕیی بێسوود نادەن، ئینجا دەست دەكەن بە ئەنجامدانی ئەركەكانیان كە یاسادانان كارێكی گرنگیان دەبێ.
دیاركردنی ئەو یاسایانەی پێویستن لەم خولەی پەرلەمان دەربچووێندرێن، یان هەموار بكرێن، زۆرن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ فراكسیۆنەكانی خولی پێنجەم و حكومەتی نۆیەمی هەرێمی كوردستان كە پەرلەمان دەنگی پێ دەدا، سەبارەت بە گرنگیی ئەو یاسایانەش دەبێ پەرلەمان ریزبەندیی پێشەكییان بداتێ، بۆ نموونە:
- كاراكردنەوەی لیژنەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان و پەلەكردن لە تەواوكردنی و حەواڵەكردنی بۆ ریفڕاندۆمی گشتی، بە راستی پێویستییەكی هەنووكەیی و بەپەلەی بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستانە. هەبوونی دەستوور لەو كات و ساتەدا پێش لە زۆر تەنگ و چەڵەمەی سیاسیی هەنووكەیی دەگرێ، بەتایبەتی كە فەزای سیاسیی كوردستان زۆر لێڵ بووە و حوكمداری و فەرمانڕەوایی لەنێو لایەنە سیاسییەكان و شەقام بەهای خۆی لەدەست داوە و دووركەوتوونەتەوە لە كرۆكیی بەرژەوەندیی نیشتمان لە پێناو دابینكردنی دەنگی شەقام و بەرژەوەندییە تەسكەكانیان.
بۆیە هەردەم ئەوە دووبارە دەكەمەوە كە ئەگەر كاتی خۆی ئەو پڕۆژە دەستوورەی لە پەرلەمان دەنگی نزیكەی لە 100%ی بەدەستهێنا و رەوانەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كرا بۆ ئەوەی ریفراندۆمی لەسەر ئەنجام بدرێت و گەلی كوردستان پەسندی بكات، ئەوا ئەو دەستوورە بەری لە زۆر كێشە و بێشەی ئەو دواییەی كوردستان دەگرت و وڵاتمان گەشەیەكی بەرچاوی لە گشت كایەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و حوكمڕانی بەخۆوە دەبینی.
ئەوەش دووپات دەكەمەوە كە گێڕانەوەی پڕۆژەكە بۆ پەرلەمان و پێشكەش نەكردنی بۆ رای گەل پێچەوانەی دەستوور و دابونەریتەكانی دانانی دەستوورە لە جیهانی پێشكەوتوو، تا ئێستاش وەڵامێكی موقنیعم دەست نەكەوتووە سەبارەت بە هۆی پێشكەش نەكردنی بۆ ریفڕاندۆم، چونكە لە دەسەڵاتی سەرۆكایەتیی هەرێم نەبوو رەخنەی لێ بگرێت، یان بیگێڕێتەوە پەرلەمان.
- دەرچوواندنی پڕۆژە یاسای چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی لە دامەزراندن و خانەنشینیی پلەباڵا و تایبەتەكان و بەخشینی پلەو پایەی باڵا بە كەسانی دەرەوەی فەرمانگەكان و خانەنشینكردنیان بێ ئەوەی رۆژێك فەرمانگەیان دیبێ، پێویستییەكی هەنووكەیی و بەپەلەیە بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو بارە داراییە قورسەی بە هۆیەوە كەوتۆتە سەر گەنجینەی هەرێم لابچێ و راستەوخۆ سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵبگیرێت و فەرمانبەران لەو قاتوقڕییەی بە هۆی ناحەزیی حكومەتی فیدڕاڵی پێشوو بەرامبەر هەرێمی كوردستان تێكەوتوون و لەو نادادپەروەرییەی لە پێشەوە باسكران، رزگاریان ببێ و هەناسەیەكیان بێتەوەبەر.
- یاسای وەبەرهێنان پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، چونكە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، چ لە ئاستی ناوەخۆ، چ لە ئاستی دەرەوە كەموكورتییەكی زۆری تێدایە، كە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و قۆرخكردنی زۆر پڕۆژەی گرنگ و بەپیتی بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵات و پەككەوتنیان و بەڵێندەرانیانیش وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچوون و هیچیشیان لەگەڵ نەكراوە.
بۆیە دەبێ یاساكە هەموار بكرێتەوە، بە شێوەیەك كە بە بێ متمانەی دارایی تەواو و توانای هونەری و ئیداری بەڵێندەر، هیچ پڕۆژەیەك بە خاوەنكار نەسپێردرێ و سنوور بۆ بەناوكردنی زەوی و زار و ژێرخانی ئابووری بۆ تاك و دامەزراوەكان دابندرێ و لە ئەستۆی دەوڵەت وەك سامانی گشتی بهێڵدرێنەوە.
دەكرێ بۆ ئەوەی دڵنیایی هەبێ كە پڕۆژەكان بە شێوەیەكی ئاسایی و دڵسۆزانە ئەنجام دەدرێن، حكومەتی هەرێم لە هەر پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان پشكێكی كەمی خۆی تێ بخات بۆ دواڕۆژ و هەركاتێ وەبەرهێن نەیتوانی پڕۆژەكە ئەنجام بدات، میری شوێنەكەی بگرێتەوە و پڕۆژەكە رانەگرێت و لەسەر ئەو متمانە داراییەی بەڵێندەر لە سەرەتاوە پێشكەشی كردووە، پڕۆژەكە تەواو بكات.
- هەمواركردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر)ی ژمارە 3ی 2006 ئەركێكی هەنووكەیی پەرلەمانە كە ماوەیەكی زۆر بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕیوە و كەشوهەوای ئێستا و بڵاوبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە و لە جیهان بەگشتی و گۆڕانی هەلومەرجی دەركردنی ئەو كاتی یاساكە وامان لێدەكات، جارێكی دی بەسەریدا بچینەوە و بیگونجێنین لەگەڵ ئەو پەرەسەندنانەی لە ناوخۆ و دەوروبەر و جیهاندا هاتۆتە ئاراوە، كە بووە بە دیاردەیەكی مەترسیداری جیهانی و هەرێمی كوردستانیش لە سایەی پێشمەرگە قارەمانەكانیەوە بووەتە سەرقافڵەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەكە بە هۆی ئەو نەبەردی و ئازایەتی و چاونەترسییەی نواندوویەتی لە راونان و وەدەرنانیان لە كوردستان و هاوكاریكردنی هێزەكانی هاوپەیمانان لە دەوروبەری هەرێمی كوردستانیش و پێشكەشكردنی ئەو هەموو شەهیدە نەمرەی لەو رێیە پیرۆزەی لەدەست داوە.
ئەمانەی باسكران مشتێكن لە خەروار، ئەگەرنا، زۆر لە یاساكان كاتیان بەسەردا تێپەڕیوەو پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەیە، ئەمەش بۆ فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و حكومەت دەگەڕێتەوە كە تا چەند مەبەستیان خزمەتی گەل و وڵاتە.
هیوادارم خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان دەستپێكی ئاشتەوایی نیشتمانی بێت و كار بكات بۆ بڵاوكردنەوەی گیانی لێبوردەیی و برایەتی و بنیادنان ورزگاركردنی وڵات لە كێشە سیاسییەكان كە بە هۆیەوە زۆربەی فراكسیۆنی لایەنەكانی خولی چوارەم كاریان بۆ ئاڵۆزكردنی كەشوهەوای ناوەوە و دەرەوەی هەرێم دەكرد، وەك ئەوەی نەزانن خۆشیان لە نێو كەشتییەكەن و ئەگەر نوقم بێت، ئەوانیش تێدا دەچن.
راستە لەم خولەدا پارتی كورسییەكی زۆری دەستەبەر كردووە و دەتوانێ لەگەڵ هاوپەیمانانی بڕیاربەدەست بێ، بەڵام ئاواتەخوازم هەموو لایەنە براوەكانی ئێستای ناو پەرلەمان بوغز و كینە سیاسییەكانی پێشوویان وەلا نێن و لاپەڕەیەكی سپی و بێگەرد لە نیازپاكی و دۆستایەتی هەڵبدەنەوە و قۆڵی خەباتی سیاسیی راستەقینەی لێ هەڵماڵن و دەست بكەن بە كاری پیشەیی خۆیان، كە زۆر بابەتی گرنگ هەن، پێویستیان بە یاسای سەربەخۆ هەیەو، زۆر یاسای پێشووش هەن، بە هۆی كەشی سیاسی و پێشهاتە تازەكان و تێپەڕینی ساڵانێكی زۆر بە سەر دەرچوونیاندا ئامانجەكانی خۆیان ناپێكن و پێویستیان بە هەمواركردن و هەمواركردنەوە هەیە. هەروەها بەشێوەیەكی بابەتییانە چاودێریی ئەدای حكومەت بكەن و پەیوەندییەكی دۆستانە و رەخنەگرانەی لەگەڵ ببەستن و لە وردو درشتی كەموكورتییەكانی بكۆڵنەوە و پرسینەوە لەو وەزیرە بەڕێزانە بكەن كە بە بەڵگە هەڵە و سەرپێچیە یاساییەكانیان لێ دەبینن و چاوپۆشییان لێ نەكەن و بە دەم سكاڵای هاووڵاتیانەوە بچن.
بۆ ئەم مەبەستەش بە پەسەندی دەزانم هەر لە سەرەتاوە بە هاوكاری لەگەڵ حكومەت لیژنەیەكی هەماهەنگی (تەنسیق) لەنێوان حكومەت و پەرلەمان پێك بهێنن بۆ رێكخستنی كاری بەدواداچوون و لێپرسینەوە و بانگكردنی ئەو وەزیرانەی مەبەستە روونكردنەوەی لێ وەربگرن، یا لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكەن، ئەمە جگە لەو نوێنەرەی ئێستا كە حكومەت دەینێرێت بۆ پەرلەمان و ئامادەی گفتوگۆكانی پڕۆسەی یاسادانان دەبێ و وەڵامی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەداتەوە و مەبەستەكانی حكومەت و تێبینییەكانی لەسەر دەرچوواندنی یاساكە بۆ ئەندامان شی دەكاتەوە.
ئەندامی خولی یەكەم و دووەمی پەرلەمانی كوردستان