ئابووری و نەوت زمانی سەردەمی دیپلۆماسی کارایی سەرۆکی حکومەتی کوردستان..

ئابووری و نەوت زمانی سەردەمی  دیپلۆماسی کارایی سەرۆکی حکومەتی کوردستان..
ئەگەر ھەڵوەستەیەکی واقعیانە لە سەر ھۆکارێکی سەرٍەکی لە داگیرکردن و دابەشکردنی خاکی کوردستان بکەین، زۆر بە ئاسانی و روونی بۆمان دەردەکەوێ کە بە ھۆی بوونی ئەو سەرچاوە کانزایی و پێگەی ژیۆپۆلۆتیک و ژیۆ ئۆئیل وباقی ماددەی کانزاییەکانی تر لە سەر خاکی کوردستان بۆتە ھۆی ئەوە بە درێژایی مێژوویی زڵھیزان و ئەو وڵاتە دەستکرد و ئەوانەی بە دەستی ئەو وڵاتانە دروستکراون و دواتر خاکی کوردستانیان بە سەر دابەشکراوە ھەمیشە چاویان لەو سەروەت و سامانە بێ شومارەیە ، کە ھەمیشە رێگریان کردووە تا گەلی کورد کە نەتەوەیەکی رەسەن و خاوەن مێژووییەکی دێرینە لە ناوچەی رۆژھەڵاتی کوردستان بێ بەش بکرێت لە گەرٍانەوەی خاک و نیشتیمانی بە زۆر لکێنراو بە چوار وڵاتی داگیرکەر کە بەردەوام گەلی کوردیان بە سەروت و سامانی ئەم کوردستانە چەوساندۆتەوە .. دوای ڕیفراندۆم و داخستنی فڕۆکەخانەکان ئیتر دەرگای بەدبەختی بەڕووی ئێمەدا کرایەوە، بەڵام کاتێک سەرۆکی حکومەتی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە ھەنگاوێکی پڕ لە ئومێدەوە بەرەو برایم خەلیل دەڕوات و دەرگای زۆر وڵاتی لەسەر داخراو ئەم کۆڵی نەدا و زۆر حەکیمانە کلیلی چارەسەری ھەڵگرت لەوەی زۆر کێشەیە دیکە ھەیەچارەسەریان دەکات .
ئاخر نێچیرڤان بارزانی لەم کابینەیەدا توشی چەندین قەیرانی یان کرد فشاری نێوخۆیی و دەرەکی بۆ چۆک دادان بەم پیاوە ھێندە زۆر بوو بینیتان لەم سەری کابینەکەیەوە بە یەک شەمەندەفەر وەزیرەوە چوو لەوسەرەوە بەتەنھا جێیان ھێشت چ ئیرادەیەکی سەیر بوو لەم پیاوەدا نەیھێشت ئەزمەکان سڕی بکەن چەند بە ئومێدەوە داوای لە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان کرد سەبرتان ھەبێت کێشەکان چارەسەر دەبن .گەر سەیری مێژوو بکەین حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، ئەم کاڵایەیان دژی بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد بەکارھێناوە، نەک تەنیا نیعمەت نەبووە بەڵکوو بۆ میللەتی کورد نەھامەتی بووە، بەپارەی نەوتی کەرکووک چەک و تەقەمەنیان دەکڕی و دژ بە گەلی کوردی بەکاریان ھێناوە، وەک جینۆسایدکردن و ئەنفال و کیماباران کردن، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مێژووە تاریکەی کە بە سەر کورد ھاتووە دووبارە نەبێتەوە، ھەوڵی ئەوە دەدات کە بەرگری لە مافەکانی گەلەکەی بکات و، رێگری لە دووبارەبوونەوەی چەوساندنەوەی کورد بە دەستی حکومەتی بەغد بکات، بۆیەش لە ئیستادا بۆ خەڵکی کوردستان نەوت کاڵایەکە کە دەکرێت وەک نیعمەت سەیر بکرێت بۆ رزگار بوون لە داگیرکەری. نەوت و گاز وای کردووە ھەرێمی کوردستان لە بەرامبەر بە غدا بەھێزتربێت، دەبێت ئەم راستیە قبوڵ بکەن کە چیتر ناتوانن کورد بە ھەر شێوەیەک، کە خۆیان بیانەوێت بیچەوسێننەوە، ھەبوونی ٤٥ ملیار بەرمیل نەوتی خەمڵێنراوە و نزیکەی ٢٠٠ ترلیۆن پێ سێ جای گازی سروشتی وای کردووە کە چاوی وڵاتانی تامەزرۆی وزە لە سەری بێت، ئەم وزەیە بابەتێکی ستراتیژیە و تێکەڵی بواری سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتان بووە، ھەر بۆیەش پێگەی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەم کاڵایانە بەھێزتر بووە. ھەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ستراتیژیە، بە ھەبوونی یەدەگی زۆری نەوت و گاز گۆڕەپانێکی ململانێ بۆ وڵاتانی ناوچەیی و جیھانی دروست کردووە، بۆ نموونە ھەبوونی کۆمپانیاکانی ئەمریکی وەک ئیکسۆن مۆبیل و شیڤرون و ھتد، وای کردووە کە روسیاش رۆڵی ھەبێت لە ھەرێمی کوردستان، یان رۆڵی تورکیا وای کردووە، ئێرانیش بیەوێت رۆڵی ھەبێت لە بواری نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان و ئەم گۆڕەپانە تەنیا بۆ تورکیا بە جێ نەھێڵێت، لەلایەکی تر دەبینین کە روسیا لە رێگەی گازپرۆم چۆن گوشاری خستووەتە سەر ئەوروپا و دروست کردنی قەیرانی سووتەمەنی کاریگەری کردووەتە سەر ئاسایشی وزەی ئەوان، بۆیەش بەدوای رێگا چارەن بۆ دابین کردنی سەرچاوەی وزەی ھەمەجۆر، لێرەدا ھەرێمی کوردستان دەتوانێت تا رادەیەک ئەم پێویستیەی ئەوان پڕ بکاتەوە، بۆیە ھەرێمی کوردستان بووە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ئەمەش پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستانی بەھێزتر کردووە لە رێگای دروست کردنی گۆڕەپانێک بۆ کێبەرکێ بە شێوەیەکی ئەرینی. وەبەرھێنان وای کردووە پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتان بەھێزتربێت، ھەرێمی کوردستان توانیویەتی لەرێگای ئەو کۆمپانیانەی وەبەرھێنانیان کردووە لەھەرێمی کوردستان، پارەیەکی زۆریان تەرخان کردووە بۆ ئەم مەبەستە، وایکردووە کاریگەری دروست لەسەر بڕیارە سیاسیەکانی وڵاتان بکات، بە تێکەڵکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەم کۆمپانیانە، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان، وای لێھاتووە لە رێگای پاراستنی بەرژەوندییەکانی بیانی، بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستانیش پارێزراو بن، کۆمپانیاکانی بیانی دەتوانن لە رێگای گوشارخستنە سەر بریاری سیاسیی دەرەوەی وڵاتەکانیان لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بتوانن زامنی پاراستنبن لە بواری سیاسی و ئاسایش دژ بە ھەر ھەڕەشەیەک کە رووبەرووی ھەرێم ببێتەوە، ناکرێت ئەوان بێڵن بەرژەوەندیەکانیان دەکەوێتە مەترسی، بۆ نموونە کاتێک کە داعش نزیک بووە لە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان، سەرۆک ئۆباما لە ٧/٨/٢٠١٤ ھاتە سەرخەت بۆ ئەوەی ھەوڵی پاراستنی ھاوڵاتیان و بەرژەوندیەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بدەن، لێرەدا بە پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان، بەرژەوەندییەکانی ھەرێمی کوردستانیش پارێزراو دەبێت، ئەم سیاسەتەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ راکێشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ ناوخۆی ھەرێم کارێکی ئەرینی بووە، واتا چەند رۆڵی بیانیەکان لە ھەرێمی کوردستان زیاتر بێت، ئەوەندە بەرەو ئامانجەکانی ھەنگاو دەنێت، ئەم سیاسەتە زۆر سەرکەوتوو بووە بۆ ئێمە کە ھیشتا سەروەریمان نیە و خاوەن دەوڵەتی خۆمان نین ھەر بۆیەش ئابووری لێرەدا دەبێتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی بەرزتر، ئەویش لە رێگای سەربەخۆیی ئابووری بگەینە سەربەخۆیی سیاسی، بۆیە سەرەڕای ھەبوونی کەموکوڕیەکان لە سەر ئاستی ناوخۆیی، بەڵام ھیوادارم ئەم دەرفەتە زێڕینەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ کورد رەخساوە لەدەست نەچێت و لایەنە ناوخۆییەکان ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و ھەوڵا بدەن ئەم دەرفەتە بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجە مەزنەی کە ئێمەی کورد زیاتر لە سەدەیەکە قوربانیمان بۆ داوە بەکار بێنین. ئەمڕۆ دەبینن کە ئابووری و نەوت بوونەتە زمانی دیپلۆماسی وڵاتانی زڵھێز و ھەموو جیھان بۆیە ، پێوستە ئێمەی کوردیش ئەو چەک و زمانە دیپلۆماسییە زۆر بە باشی سوودی لێوەر بگرین لە پێناو بە دوایین ھەنگاومان کە ئەویش بە دەست ھێنانی دەوڵەتبوونی کوردستانە. ئێستا دوای چوار ساڵی زۆر سەخت زۆرینەی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر دەستی ئەو بەرەو چارەسەر دەچن پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان پەیوەندی دۆستانەن بۆ زۆرێک لە مافە وەدەست نەھاتوەکان نێچیرڤان بارزانی گشت تواناکانی خستە گەر بۆ ئەوەی ئەم قۆناغە سەختە بەتەواوی تێپەڕێت و ھەرێمی کوردستان لە کەناری ئارامی و گەیشتن بە ئامانجەکان نزیک بکاتەوە و کوردستان بەھێزتر و کاراتر بێ لە جاران ..
Top