کورد و پۆستی سەرۆک کۆمار
November 27, 2018
وتار و بیروڕا
لە دوو خولی یەکەم و دووەم سەرۆک کۆمار لە باتی ئەوەی کیشە و پەرتەوازەیی نێوان شیعە و سوننە بقۆزێتەوە و هەوڵی گێڕانەوەی مافە زەوت کراوەکانی کورد و جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور و زامن کردنی مووچە و بودجەی پێشمەرگە بدات، بە پێچەوانەوە هەموو کاتی خۆی بۆ رێکخستنەوە و ئاشتەوایی نێوان شیعە و سوننە تەرخان کردبوو، ئەوە لە کاتێکدایە میژوو سەلماندوویەتی هەر کاتێ داگیرکارانی کوردستان تەبا بووین و کێشە لەناو ماڵی خۆیاندا نەبووبێ قەسابخانەیان بۆ کورد هەڵخستووە.
لە خولی سێیەمیشدا سەرۆک کۆمار بە پیاوە خەوتووەکە ناوبانگی دەرکردبوو، لە بڕینی مووچەی فەمانبەرانی کوردستان و هێرش و پەلاماری حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکوک و سوکایەتی بە ئاڵای کوردستان و برەودانەوە بە سیاسەتی تەعریب فززەی لێوە نەهات، تەنانەت بەرگری پێ لە پاسەوانەکانی خۆشی نەکرا و تا ئێستاش چوار پاسەوانی بێسەرو شوێنن، مانگانە وەک فەرمانبەرێکی بندیوار میزانیە و مووچەی خۆی وەرگرتووە و خروخەپان لێی پاڵکەوتووە.
ئێستا دەسپێکی خولی چوارەمە و ئەو پۆستە هەر بەدەست یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و بەرهەم ساڵح ئەو پۆستەی وەرگرتووە، هیشتا زووە بڵێین بەرهەم ساڵح بەو پۆستە چ خزمەتێک بە کورد دەکات، بەڵام ئەوەی پێشبینی دەکرێ ئەویش نەک هیچی بۆ کورد پێناکات، بەڵکو بەرژەوەندخوازی بەرهەم ساڵح لە ئاستێکدایە لایەنە عەرەبیەکان دەتوانن زۆر بە ئاسانی پۆستەکەی دژی کورد پێ بەکاربێننەوە.
بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە و خولیابوونی بەرهەم ساڵح بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە، وەک جێگری دووەمی یەکێتی حزبەکەی جێهێشت و کەوتە کۆکردنەوەی کەسانی زویری ناو حزبەکان و هاوپەیمانییەکی درووست کرد و چی نەشیاو بوو بە یەکێتی کرد، دواتر وەک رابەری ئۆپۆزسیۆن کەوتە کار و داوای هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و پێکهێنانی حکومەتی (ئینقاز)ی دەکرد، دوای ئەوەی یەکێتی بەڵێنی پۆستی سەرۆک کۆماری پێدا، بەبێ ماڵئاوایی کردن لەو کەسانەی لە دەوری کۆبوونەوە هاوپەیمانیەکەی جیهێشت و بە هەڵەداوان خۆی بەناو یەکێتیدا کردەوە، هەموو ئەوانەش بەڵگەن بۆ ئەوەی کە بەرهەم ساڵح بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەو هەموو راکەڕاکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کردووە، نەک بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان، داهاتووش ئەو راستییە دەردەخات.