کۆماری کوردستان، لاپەڕەیەکی زێڕینی مێژووی نەتەوەی کوردە

کۆماری کوردستان، لاپەڕەیەکی زێڕینی مێژووی نەتەوەی کوردە



ئەمڕۆ 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد تێدەپەڕێت، کۆمارێک کە ئەگەرچی تەمەنی تەنیا 11 مانگ بوو، بەڵام میراتێکی بە نرخی بۆ نەوەکانی دواتر بەجێهێشتووە کە تا ئێستاش کورد شانازییان پێوە دەکات، لەوانەش سروودی نیشتمانیی ئەی ڕەقیب، ئاڵای کوردستان و ناوی پێشمەرگە.

 

لە ڕۆژی 22ی کانوونی دووەمی ساڵی 1946ی زایینی بەرامبەر بە 2ی ڕێبەندانی 1325ی هەتاوی، لە گۆڕەپانی چوارچرای مهاباد و بە بەشداریی زیاتر لە 20 هەزار کەس لە نوێنەرانی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان، یەکەمین کۆماری کوردستان لە مهاباد بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد ڕاگەیەندرا.

لەم ماوە کەمەدا، جیا لە دامەزراندنی حوکمڕانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، خوێندن و پەروەردە کرایە زمانی کوردی، چاپخانە هێنرایە مهاباد و ڕۆژنامەیەک و چوار گۆڤار و یەک لەوانیش گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵان چاپ و بڵاکرایەوە، شیعر و چیرۆک و ئەدەبیاتی کوردی برەوی پێدرا، بۆ یەکەمجار شانۆنامەی دایکی نیشتمانی بە زمانی کوردی نمایش کرا، ڕادیۆ لە مهاباد دامەزرا.

مستەفا بارزانی، یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانی کوردی سەدەی بیستەم، ڕۆڵی سەرەکی لە دامەزراندنی کۆماری كوردستان و پاڵپشتیکردنی قازی محەمەد و پاراستنی کۆماری كوردستان بینی، کە وەک یەکەم دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لە مێژووی هاوچەرخدا ڕاگەیەندرا.
مستەفا بارزانی فەرماندەیەکی دیاری سەربازی و سەرکردەی خەباتی چەکداریی کورد بوو. کاتێک کۆماری كوردستان ڕاگەیەندرا، دەبێتە یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی قازی محەمەد و دەبێتە ژەنەڕاڵی كۆمارەكە و فەرماندەی سەربازیی هێزە چەکدارەکانی کوردی بەگشتی پێ دەسپێرن.
مستەفا بارزانی سەرکردایەتیی هێزی پێشمەرگەی کۆماری کرد، هێزە چەکدارەکانی ڕێکخست و گۆڕینی بۆ هێزێکی کاریگەر بۆ بەرگریکردن لە ناوچە کوردییەکان. ڕۆڵی سەربازیی ئەو ژەنەڕاڵە مەزنە کاریگەریی بەچاو و گەورەی هەبوو لە دەستەبەرکردنی سنوورەکانی کۆمار و پاڵپشتیکردنی سەروەریی کۆمار.

لەشکری میللیی کوردستان دامەزرا کە دواتر ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێنرا و ئەم ناوە تائێستاش لە ناو کورددا وەک ناوێکی پیرۆز ماوەتەوە، مارشی ئەی ڕەقیب کرایە سروودی نەتەوەیی و ئاڵای کوردستان دەستنیشان کرا و لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت هەڵدرا.

پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت و کۆماری ئازەربایجان ڕێکخرا و بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان هەناردەی سۆڤیەت کرا، بۆ دابینکردنی بودجەی حکومەتیش سیستەمی باج لەسەر داهاتی هاووڵاتییان پەیڕەو کرا.

یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی ئەو مێژووە، بەشداریی بارزانییەکان بە ڕێبەرایەتیی شێخ ئەحمەدی بارزانی لە کۆماری کوردستان و بەرگریی هێزی پێشمەرگەی پێكهاتوو لە بارزانییەکان لە کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفای بارزانی بوو، بە شێوەیەک کە یەکەم شەهیدی کۆماری کوردستانیش پێشمەرگەیەکی خەڵکی باشووری کوردستان بوو. هەر بەم هۆیەش بوو کە پێشەوا قازی محەمەد لە پاش رووخانی کۆماری کوردستان ئالای پیرۆزی کوردستانی بە مەلا مستەفا بارزانی سپارد.

ئێستا کە 79 ساڵ بەسەر دامەزرناندی تاقانە کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت، وەک لاپەڕەیەکی درەوشاوە لە مێژووی کوردستان و نموونەیەک لە هاوخەباتی و یەکدەنگیی کوردان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی باسی دەکرێت.

Top