کەسی پەروەردەکار لەهەڵە ڕاست دەدۆزێتەوە

کەسی پەروەردەکار لەهەڵە ڕاست دەدۆزێتەوە

(ئیمانویل كانت ) فەیلەسوفی ئەڵمانی دەڵێ "دوو دۆزینەوەی مرۆڤایەتی هەن كە دەتوانین دایبنێین بە قورسترین دۆزینەوە ئەوانیش هونەری بڕیاردان لە خەڵك وە هونەری پەروەردە كردنیان".
بۆ ئەوەی منداڵ و قوتابی پەروەردە بكەین بە پەروەردە كردنێكی تەندروست و ڕاست پێویستە خۆمان پەروەردەكارێكی تەندروست بین و پێشەنگ بین لە كردار و ڕەفتار و گوفتار و هەڵسوكەوتمان، هەرگیز ناتوانین ببینە پەروەردەكارێكی سەركەوتوو چ لە ماڵ یان لە قوتابخانە ئەگەر پەروەردە كردن و ڕەوشتی بەرز و ڕاستگۆیی لە ڕەفتار و گوفتار و كردەوەكانمان نەبینرێ، چونكە منداڵەكانمان وە قوتابیەكانمان زیاتر بە كردەوەكانمان دەگۆڕدرێن، ئینجا بە قسە و گوفتارمان.
هەمیشە قوتابی و منداڵ كاریگەری دەبێت بە هەڵسوكەوت و كردار و ڕەفتارەكانمان زیاتر لە قسەكانمان. بۆ ئەوەی پەروەردەكارێكی كاریگەر و سەركەوتوو بین پێویستە هەمیشە لەگەڵ قوتابی و منداڵەكانمان خاكی و ڕووخۆش و گەشبین و لێهاتوو شایستە بین لە هەموو ڕوویەكەوە، هەرگیز پرتە و بۆڵە و قسە و قسەلۆك و گلەیمان نەبێ و كارەكان ئاسان و ساكار بكەین و ڕێگە چارەمان هەبێت بۆ چارەسەر كردنی گرفت و تەنگژەكان و توانای ڕازی بوونی بەرامبەرمان هەبێت و دڵسۆز بین بۆ كارەكانمان و توانامان هەبێت لە سەر گفتوگۆكردن و ڕاوێژكردن، هەوڵبدەین نموونەیی بین لە كردار و ڕەفتار و گوفتارەكانمان و ئەمانەت پارێز و ڕاستگۆ و دادپەروەر بین و لە هەمان كاتدا خاوەن بڕیار بین و هەمیشە هەوڵ بدەین كارەكان چاكتر و چاكتر بكەین و بەرەوپێشەوەیان ببەین.
هەروەكو دەگێڕنەوە" بەرێوەبەری یەكێك لە قوتابخانەكان دەگێڕێتەوە و دەڵێ ڕۆژێك ڕووم لە قوتابخانە كردو بەیانیەكەی بە دەوری قوتابخانەكەدا سوڕامەوە كەچی سەرم سورما بە نوسین و شێواندنی دیوارەكە بە ڕۆن و چەوری پیس كرا بوو، دیوی دەرەوەی قوتابخانە ناشیرین و قێزەوەن كرابوو دوای گەڕان و بەدواداچوون و دەورەدان نەهاتووەكان ئەو ڕۆژە تواندرا بكەر بناسرێ و بزانرێ كێیە ئەو كارەی ئەنجام داوە كە قوتابیەكی پۆڵی سێیەمی ناوەندی بوو. یەكسەر پەیوەندی بە باوكی قوتابیەكە كرا و ئامادەبوو لە قوتابخانە تەماشای نووسینی سەردیواری قوتابخانەكەی كرد و باسی گرفتەكانمان لەگەڵی كرد و زۆر بەهێمنی داوای ئامادەكردنی كوڕەكەی كرد، گوێ لە دان پێدانانی كوڕەكەی گرت بەو كارەی كە ئەنجامی داوە. تەلەفۆنەكەی دەركرد و پەیوەندی كرد بە وەستای بۆیاغ كردن و ڕووكەش كردن و داپۆشین داوای لێكرد ئامادە بێت لە قوتابخانە و شوێنی قوتابخانەكەی بۆ دیاری كرد رێكەوتن لەسەر دووبارە سبوغ كردنەوەی دیواری قوتابخانەكە بەهەمان ڕەنگی پێشوو، بەڵكو لە جاران جوانتر و باشتر بێت. دواتر ڕووی كردە كوڕەكەی خۆی زۆر بەهمێنی و لە سەرخۆی پێی گوت كوڕم ئەگەر ناتەوێ پلە و پایە و كەسایەتیم بەرزبكەیتەوە و سەربەرزم بكەیت هەوڵ مەدە ناوم بزڕێنی و بچووكم كەیتەوە و شەرمەزارم بكەی. دواتر مۆڵەتی وەرگرت و ڕۆیشت، دوای ڕۆیشتنی تەماشای كوڕەكەی ئەوم كرد هەردوو دەستی لە سەر دەم و چاوی دانابوو دەگریا و من و ڕابەری پۆڵەكە زۆر سەرمان سورما لەم شێوازەی ئەو منداڵە و كاریگەری گەورەی باوكی لە سەر منداڵەكەی . قوتابیەكە بە ئێمەی گوت و دەگریا خۆزگە باوكم لێیدابام، بەڵام ئەو قسانەی پێ نەگوتبام و دواتر داوای لێبوردنی كرد و زۆر پەشیمان بوو لەم كردەوەی كە ئەنجامی دابوو. دواتر بووە یەكێك لە باشترین قوتابیەكانی قوتابخانە. بۆیە گرنگە لە هەڵەكان فێربین و وەبەرهێنان لە گرفت و هەڵەكان بكەین بۆ ڕاستكردنەوە و چاككردنەوە و بەهێزكردنی ڕەفتار و هەڵسوكەوت و كردارەكان.
هەمیشە لە هەڵە رێگەی ڕاست دەدۆزینەوە نابێت هەردەم بیرمان لەلای سزادان بێت و بیكەینە ئامانج بۆ هەر كارێك، بەڵكو لەو باوكەوە فێر بین كە منداڵەكەی فێری وانەیەك كرد هەرگیز لە یاد نەكات و بەرێوەبەرەكەش هەڵسوكەوتێكی پەروەردەیی ئەنجامدا كە چاككردنی هەڵسوكەوت و ڕەفتاری قوتابیەكەی لێ هاتە بەرهەم.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top