هزر و بیری سەرۆک بارزانی هێزی سنووبڕە

هزر و بیری سەرۆک بارزانی هێزی سنووبڕە
دابەش کردنی کوردستان لە نێوان ئیپراتۆری سەفەوی و خەلافەتی عوسمانی لە ساڵی ١٥١٤و دواتر و لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم دووبارە دابەش کردنەوەی بەسەر دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و عێراق و سوریادا، کێشەی کوردی لە کێشەیەکی نەتەوەییەوە کردە کێشەی ناوخۆی چوار دەوڵەتی داگیرکار و دژ بە ماف و ئازادیە نەتەوەییەکانی خەڵکی کوردستان، ئیتر لەوکاتەوە بڕینی ئەو سنوورە دەستکردانە بوونە هێڵی سوور و سنووربڕ لەلای هەر چوار دەگیرکارەکە وەک تاوانبار سەیر دەکرا.
یەکەم پێشەوا و رابەری کورد کە ئەو هێڵە سوورانەی خستنە ژێر پێی شۆڕگێڕانی کورد و بە دۆست و دوژمنی گوت: کورد یەک نەتەوەیە و کوردستان یەک نیشتیمانە بارزانی نەمر بوو، ئیتر لەو کاتەوە بارزانی و بارزانەیەکان بوونە مۆتەکەی سەر سیاسەتی داگیرکاری و فراوانخوازی تورک و فارس و عەرەب و چەندین جار لە خەوی داگیرکاری و خۆزگەی لەناوبردنی کورد رای چڵەکاندوون.
ئەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتیمانیانەی بارزانی و بارزانیەکان وایکردووە، هەر چوار داگیرکارەکەی کوردستان بارزانی و بارزانیەکان بە دوژمنی خۆیان بزانن و چەندین جاریش لەسەر مێزی پیلانگێڕی و بەکارهێنانی هێز دژی بارزانی و بارزانیەکان کۆ بوونەتەوە.
بارزانی نەمر بە هێز ئەو سنوورە دەستکردانەی دەبڕین و لە کام بەشەی کوردستان کورد پێویستی بووبێ لەو بەشە ئامادە بووە، ئێستا سەرۆک بارزانی لە رووی فکری و بە گەشەپێدانی هزر و بیری نەتەوەیی ئەو سنوورە دەستکردانەی تێک شکاندوون و کوردانی هەر چوار بەشەکەی کوردستان سەرۆک بارزانی بە پێشەوا و رابەری خۆیان دەزانن، بۆ بوونی ئەو راستییەش زۆر بەڵگەی زیندوو لەبەر دەست دان.
یەکێک لەو بەڵگانە ریفراندۆمی باشووری کوردستانە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەروبەندی ریفراندۆم دەبینین کە کوردانی باکوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە کوردانی باشوور زیاتر پشتیوانی ریفراندۆم بوون و وەک کوردانی باشوور خواست و ئامانجەکانیان لەسەر سەرکەوتنی ریفراندۆم هەڵچنیبوو، ئەوەش بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە پەیامی کوردانەی سەرۆک بارزانی سنوورە دەستکردەکانی بڕیون و کوردی هەر چوار پارچەکەی لە دەوری ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان کۆ کردوونەوە، یان لە دوای ریفراندۆم و ئەو خیانەتەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەرامبەر بە کورد و خواستی سەربەخۆیی کوردستان کرا، کوردانی رۆژهەڵات لە خۆپیشاندانەکانی کرماشان و سنە و شار و شارۆچەکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هاواریان دەکرد: لێرە خاک نافرۆشین، لەبەر خاک دەمرین.
بەڵگەیەکی تر ئەوەتا (ئاڵتان تاک) پەرلەمانتاری هەدەپە لە وەڵامی پەرلەمانتاراکی جەهەپە ببینن چی دەڵێ: سەرۆک بارزانی کوڕە مامی منە، ئەو لەناو دڵی هەموو کوردێکی دڵسۆزدایە، تکایە بێدەنگ بە, بە هیچ شێوەیەک باسی مەسعود بارزانی مەکە، ئەو سەرکردانەی ئێوە بێ رێزیان پێدەکەن، هەمان ئەو سەرکردانەن کە لە دڵی هەموو کوردێکی بە شەرەف دان.
ئەو هزر و بیرە نەتەوەیی و نیشتیمانیەی لەسەر دەستی سەرۆک بارزانی بووژاوەتەوە و رابەرایەتی دەکرێ، هێزگەلێکی وا درووست دەکات کە کۆتایی بە نەهامەتیەکانی سەر کورد و خواستی داگیرکاری و فراوانخوازی تورک و فارس و عەرەب دێنێ، بۆیە پێویستە کورد لە دەوری ئەو پەیامەی سەرۆک بارزانی کۆببنەوە، چونکە کیشەی کورد کیشەیەکی نەتەوەییە و چارەسەریشی لە سەربەخۆیی کوردستان و گێڕانەوەی مافە زەوتکراوەکانی دایە.
Top