رەوشی خوێندنی ناحکومی لە ھەرێمی کوردستان

رەوشی خوێندنی ناحکومی لە ھەرێمی کوردستان
مامۆستا و سیاسەتمەداری ئەمریکی ئیدوارد ئیفریت دەلێ" فێرکردن باشتر ووڵات دەپارێزێ لە سوپایەکی رێکخراو".لەو ووتارەدا دەمەوێ بە شێوەیەکی گشتی تیشک بخەمە سەر فێرکردنی ناحکومی (ئەھلی). بێگومان فێرکردنی ناحکومی (ئەھلی) پرۆژەیەکی وەربەرھێنانە ھاوشان لەگەڵ ئەوەش کە خۆی پرۆژەیەکی فێرکردنە کە خاوەنەکەی دەیەوێ قازانج و سوود ببینێ لە پرۆژەکەی چ جا کردنەوەی باخچەی ساوایان بێت یان قوتابخانەی بنەڕەتی یان ئامادەیی یان پەیمانگا یان بە شێوەیەکی گشتی کردنەوەی کۆمەڵگایەکی ناحکومی کە ھەموو قۆناخەکان بگرێتە خۆ، ئەوەی من دەمەوێ باسی بکەم ئەوەیە لە ھەرێمی کوردستان ساڵ لە دوای ساڵ کردنەوەی باخچە و قوتابخانە و پەیمانگاکان زیاد دەبن و داواکاری لە سەر کردنەوەیان لە زیاد بوون دایە، بێگومان یاسای خوێندنی ناحکومی لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و کۆمەلێ ماددە و بڕگە و پرەنسیپی رێگەپێدان و کردنەوە و بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندن و سەرپێچی کردن و داخستنی تێدایە کە پێویستە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان جێ بەجێ بکات و بە رێنمایی رێکی بخات و لە رێگای چەند لێژنەیەک و بەرێوەبەرایەتی خوێندنی ناحکومی بەدواداچوون ولێپرسینەوەی وورد لەسەری بکرێت، لەسەر کۆی بڕگە و ماددەکان تا چەند جێ بەجێ کراون ئەوانە بۆ خۆیان دەھێلمەوە و بەرپرسیاریەتی ئەو بەرێوەبەرایەتی لێژنانەیە کە بەکارەکان ھەڵدەستن.خوێندنی ناحکومی لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لە ساڵەکانی (٢٠٠٨-٢٠٠٩)دەستی پێکرد کە پێشتر لە ناوەڕاستی نۆھەدەکان چەند قوتابخانەیەکی نێودەوڵەتی ھەبوون ژمارەیان لە پەنجەکانی دەست تێپەری نەدەکرد.بەڵام لەو چەند ساڵەی دوایی خەڵکانێکی زۆر رووی لە کردنەوەی باخچەی منداڵان و قوتابخانە و پەیمانگای ناحکومی کردووە لە شاروقەزا و ناحیەکان وەکو کێبرکێ لێھاتووە، شایەنی ووتنە لە ساڵی (٢٠١٦-٢٠١٧) (٢٦٤) باخچە و قوتابخانە وپەیمانگای ناحکومی لە ھەرێمی کوردستان ھەبووە کە تەنھا لە ھەولێر ژمارەیان (١٦٠)بووە واتە زیاتر لە ھەموو شارەکانی تری کوردستان، وە لە ساڵی (٢٠١٧-٢٠١٨) ئەو ژمارەیە بەرز بۆتەوە بۆ (٣١١) باخچە و قوتابخانە و پەیمانگای ناحکومی کە تەنھا لە ھەولێر ژمارەیان (١٧٥) بووە دیسانەوە زیاتر لە ھەموو شار و قەزا و ناحیەکانی تری کوردستان، وە ژمارەی قوتابیان لە خوێندنی ناحکومی زیاتر لە (٦١,٠٠٠) شەست و یەک ھەزار قوتابی ، بە بەراوورد لەگەڵ کۆی گشتی قوتابیانی ھەرێمی کوردستان لە سەرجەم قوتابخانەکان کە زیاتر لە (١,٦٧٠,٠٠٠)یەک ملیۆن و شەش سەدو خەفتا ھەزار قوتابی واتە بە رێژەیی زیاتر لە (٣%)قوتابیان لە خوێندنی ناحکومین واتە ژمارەکە زۆر نییە بە بەراوورد بە ژمارەی گشتی قوتابیان. ئەوەی من دەمەوێ جەختی لە سەر بکەمەوە ئەوەیە، کەوا لەو چەند ساڵەی دوایی ژمارەیەکی زۆر باش لە مامۆستایانی شارەزا و بەتوانا و خاوەن ئەزموون خۆیان لە قوتابخانە حکومییەکان گواستۆتەوە بۆ دەوامێکی ئێواران یانیش مۆڵەتیان وەرگرتووە بۆ ئەوەی بتوانن لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەوام بکەن ، چونکە مووچەکەیان لە ناحکومی باشترە و مسۆگەرترە، وەھەروەھا ھەندێک لە قوتابخانە ناحکومییەکان ھەموو پێداویستیەکانی خوێندنیان تێدا فەراھەم کراوە وەکو پەرتووک و تاقیگە و گۆڕەپان و باخچە و ئاوی پاک و ئاودەست و باڵەخانەی باش و پێداویستیەکانی تر بە بەراوورد لەگەڵ حکومییەکان وەکو پێویست نین ئەوەش وا لە قوتابی دەکات داوای خوێندنی ناحکومی بکات و ھەست دەکات زیاتر ئاسودە ترە، لەگەڵ ئەوەش تێبینی و سەرنج لەسەر قوتابخانە ناحکومییەکان زۆرن ھەندێکیان ھەموو پرەنسیپ و رێنماییەکانیان جێ بەجێ کردووە و ساڵانەش ژمارەیەکی باش لە قوتابیەکانیان لە کۆلێژی بەرز وەردەگیرێن و لەلایەن قوتابخانەکانەوە رێورەسم و خەڵات دەکرێن بۆ ھاندانیان، بەڵام لەبەرامبەریشدا قوتابخانەی وا ھەیە چەند ساڵە ھیچ قوتابیەکی لە کۆلێژێکی بەرز وەرنەگیراوە لەوانەیە وەکو پێویست رێنمایی و یاساکانی خوێندنی ناحکومی جێ بەجێ نەکردبێت. بۆیە بە پەسندی دەزانم کەلەلایەن بەرێوەبەرایەت پەیوەندیدار و لێژنەکانی تایبەت بە خوێندنی ناحکومی و وەزارەتی پەروەردە بە گشتی بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندن ولێپرسینەوەی وورد لە سەر کەمتەرخەمەکان بکەن و رووبەڕووی لێپرسینەوەی پێویستیان بکەنەوە و جێ بەجێ بکرێت لە سەریان زۆر باشەکان و کەمتەرخەمەکان لێک جیا بکرێنەوە و ھەوڵ بدرێت کوالێتی و جۆر و چۆنیەتی خوێندن لە سەرجەمیان بەرز بکرێتەوە لە ھەمان کاتیشدا ئەرکی وەزارەتی پەروەردەیە کوالێتی خوێندن لە قوتابخانە حکومییەکان بەرز بکاتەوە وا لە قوتابی بکات قوتابخانەی حکومی ھەڵبژێرن و مامۆستاکان و قوتابخانەی حکومی لایان پەسند تر بێت لە ناحکومییەکان ئەویش بە باشترکردنی مووچە و گوزەرانی مامۆستا و ژینگەی قوتابخانە وکەم کردنەوەی ژمارەی قوتابییەکان لە پۆڵەکان و دابین کردنی سەرجەم پێداویستیەکانی خوێندن لە قوتابخانە حکومییەکان. ئەوەشمان لە بیر نەچێت بە بۆچوونی من ناکرێت و نابێت ھیچ بەرپرس و کار بەدەستێک لە وەزارەتی پەروەردە لە بەرێوەبەری قوتابخانە و سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەرانی پەروەردە و بەرێوەبەرانی گشتی و راوێژکاران و خودی بەرێز وەزیری پەروەردە و فەرمانبەرانی تری ناو وەزارەت و بەرێوەبەرایەتیەکان نا بێت بە ھیچ شێوەیەک پشک و بەشیان ھەبێت لە خوێندنی ناحکومی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تاوەکو بتوانن ئەرکی سەرشانیان جێ بەجێ بکەن ودادپەروەرانە ھەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە گرنگە و چارەنووسازە بکەن لە ھەمان کاتیشدا نابێت کەسانی دوور لە پەروەردە ئەو پرۆژانەیان ھەبێت. ماوەتەوە بلێم لە ساڵی (٢٠٠٦)لەلایەن حکومەتی بەریتانیا دیراسەیەکی وورد ئەنجام درا لە سەر بەراووردکردنی ئاستی قوتابیان لە قوتابخانە ناحکومی و قوتابخانە حکومییەکان ، دەرکەوت ئاستی قوتابیان لە قوتابخانە حکومییەکان زۆر باشتر بوو لە قوتابخانە ناحکومییەکان، گرنگە ئێمەش لە وەزارەتی پەروەردە ئەوپەری گرنگی بە خوێندن و فێربوون بدەین لە قوتابخانە حکومییەکان لە ھەموو روویەکەوە ھەموو پێداویستیەکانی خوێندن دابین بکرێت تا مامۆستایان و قوتابیان ئەوپەری ئاسوودە بن.بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەرماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top