سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و ژانی سیاسی خیانەتکاران

سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و ژانی سیاسی خیانەتکاران
پێچەوانەی چاوەڕوانی هەندێ دەستە و گرووپی خیانەتکار و وڵاتفرۆش، کە ریفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بریاری خەڵکی کوردستانیان بە تاوان دەزانی و، پێیان وابوو سەرۆک بارزانی بە هۆی ئەنجامدانی ئەو تاوانەوە دەبرێتە ناو قەفەسی دادگا و پارتیش وەک حزب دەپووکێتەوە و بەوەش خواستی دێرینی ئەوان دێتەدی، ئەو چاوەڕوانیەشیان وەک هەموو چاوەڕوانیەکانی مامۆستاکانی پێش خۆیان هەڵە بوو، داگیرکارانی کوردستانیش لەوان هەڵەتر بوون کە پێیان وابوو خیانەتی ئەو دەستە و گرووپانە دەتوانێ سەرۆک بارزتنی بوەستێنی و بەو وەستانەش حەزی شەرانگێزی و خواستی داگیرکاری ئەوان دێتەدی، بەڵام هەر چۆنیک بێ داگیرکارانی کوردستان و خیانەت بۆکراوان پێش خیانەتکاران بەئاگا هاتنەوە.
رێفراندۆم و گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان کە سەرۆک بارزانی رابەرایەتی دەکرد، نزیکەی ٩٣% دەنگی خەڵکی کوردستانی لە پشت بوو، ئەوەش نامەیەک بوو بۆ خیانەتکار و خیانەت بۆ کراوان کە سەرۆک بارزانی هەڵگری خواستی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستانە، هەردوو لایان واتا خیانەتکار و خیانەت بۆ کراو پێیان وابوو دەتوانن بە پیلان و بەکارهێنانی هێز دەتوانن درزێک لە نیوان خواستی خەڵکی کوردستان و رابەرایەتی سەرۆک بارزانی درووست بکەن، ئەوە بوو لە ١٦ی ئۆکتۆبەر دووانە پیلان و هێز بە هاوکاری و پشتیوانی وڵاتانی هەڕێمی و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەکار هێنرا و لە پردێ سحێلا وەڵامی خۆیان وەرگرت.
دواتر هەڵبژاردنی عێراق هاتە پێش و پێیان وابوو لەو هەڵبژاردنە دەتوانن پاشەکشە بە پارتی بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چییان پێکرا کردیان، لەوەشدا پێچەوانەی چاوەڕوانی ئەوان پارتی لەگەڵ ئەوەشدا کە لە کەرکوک بایکۆتی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام (٢٥) کورسی هێنا و لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق وەک حزب یەکەمی خۆی سەلماند، ئەوەش وەڵامێکی تر بوو بۆیان.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش خەیاڵی شکستی پارتی گرتبوونی، بەڵام پارتی لە باتی کورسی کەمبوون و پاشەکشە وەک ئەوان چاوەڕوانیان دەکرد، کورسیەکانی لە (٣٨) کورسییەوە گەیاندە (٤٥) کورسی.
ئەو زنجیرە سەرکەوتنانەی پارتی پەیامگەلێک بوون بە خیانەتکار و خیانەت بۆ کراویان گوت: خواستی خەڵکی کوردستان و رابەربوونی سەرۆک بارزانی ئاوێتە بووی یەکترین و هیچ پیلان و هیزێک ناتوانێ لە یەکتریان جیا بکاتەوە،
ئەو زنجیرە سەرکەوتنە داگیرکارانی کوردستانی لەوە ئاگادار کردەوە کە کورد نوێنەی خۆی دیاری کردووە و بە پیلان و هیز و شەڕانگێزی ناتوانن نوێنەر گۆڕکێ بە خەڵکی کوردستان بکەن، بۆیە بە ناچاری کەوتنە راخستنی فەرشی سوور بۆ سەرۆک بارزانی و گەورەتر لە پۆستی سەرۆک و وەک رابەری کورد کەوتنە پێشوازی لێکردنی، بەوەش ئەو دەستە و گرووپانەی پێیان وابوو سەرۆک بارزانی دەبرێتە ناو قەفەسی دادگا و وەک دەیانەوێ بە دیار دادگایی کردنیەوە دادەنیشن، بەوەش مەیدانی تەراتێن و جلیتبازی خیانەتیان بۆ چۆڵ دەبێ و کەس نامینێ رێگری لە خیانەت و وڵاتفرشی ئەوان بکات, بەڵام پێچەوانەی چاوەڕوانیەکەیان بەو سەردانە و ئەو سەرە گرتنەی سەرکردەکانی عەرەب بۆ بینینی سەرۆک بارزانی ژانی سیاسی گرتوونی و نازانن بە چ خیانەتێکی تر خۆیان دەرباز بکەن
Top