حەکیم کاکە وەیس، ئه‌و خامه به‌بڕشته‌ی کوردایه‌تی ڕه‌نگڕێژ ده‌کرد
November 23, 2018
وتار و بیروڕا
"حەساری گەورە"ی کەرکووکی هه‌میشه کوردستانی زێدی "حەکیم عه‌بدوڵا کاکە وەیس"ی گهورهمرۆڤ بوو، هه‌ر خه‌می ئه‌و شاره و نیشتمان و چاره‌نووسی نه‌ته‌وه‌که‌ی، دڵی گه‌وره‌ی پێکا و، چه‌ندین ساڵ به ئازاری نه‌خۆشیی دڵه‌وه تلاندیهوه، به‌ڵام وره‌ی به‌رز و پۆڵایینی دوای ته‌واوکردنی بەشی بیرکاری لە زانکۆی سلێمانی، سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه‌ی پێ ده‌ناسێنێ و هه‌تا نسکۆی شۆڕشی 1975 بۆ داوێنی چیا دانابه‌زێ. هه‌ڵۆی شاخان ژیانی ژێرده‌ستی و ده‌سته‌مۆبوونی پێ قبووڵ ناکرێ و له ساڵانی هه‌شتاکاندا ده‌ستی ره‌ت به سینگی بهعسیبوونهوه ده‌نێ و به ناچاری له وڵاتی سوید ده‌گیرسێته‌وه. هه‌ر به هۆی نه‌خۆشیی دڵه‌وه له ساڵی 2000 خانه‌نشین ده‌کرێ و دواتر به‌په‌رۆشه‌وه بۆ زێدی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه.
کاک حه‌کیم هاوڕێیه‌کی نزیکی هه‌فته‌نامه‌ی میدیا بوو. زوو زوو سه‌ردانی ده‌کردین و کاتێک له خانوویه‌کی خنجیلانه‌ی به‌کرێدا له گه‌ڕه‌کی "داره‌توو"ی هه‌وڵێر نیشته‌جێ بوو، چه‌ند جارێک له‌گه‌ڵ کاک ئاکۆ محه‌مه‌د (ئه‌و کات سه‌رنووسه‌ری میدیا بوو)، سه‌ردانمان کردن. خانه‌خوێ ته‌نیا سفره‌ی خواردنی بۆمان به خۆراکی خۆماڵی نه‌ده‌ڕازانده‌وه، بگره به خۆراکی هزری پاراوی ده‌کردین.
ئه‌و زاته پاک و ئهدهبپهروهره ئه‌وینداری کتێب و خوێندنه‌وه بوو. ماندوویی نه‌ناسی، وره‌ی به‌رزی، مکوڕبوونی له خوێندنەوە و نووسین و وەرگێڕاندا، گه‌نجینه‌یه‌کی لێ که‌وته‌وه و به‌رهه‌مه‌کانی کتێبخانه‌ی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردووه.
شاره‌زایی له زمانی عه‌ره‌بی و سویدی و پسپۆڕی له زمانی دایک و کاری بێوچانی، هه‌مووی خسته خزمه‌ت وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی کوردی و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی زیندوویاد "مه‌سعوود محه‌ممه‌د" که به عه‌ره‌بی نووسرابوون، هه‌روه‌ها ڕۆمانه‌کانی "کۆلارەفڕێن"، "گورگی رووتەڵان" و "بەزمی تەگەکە" و چه‌ندین به‌رهه‌می به‌ناوبانگی نووسه‌رانی بیانی به زمانی شیرین و ڕێزمان و ڕێنووسی کوردییه‌کی په‌تی نووسییه‌وه و به چاپی گه‌یاندن.
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌کی زۆره‌وه، مامۆستای هێژامان هه‌فتا ساڵی ته‌مه‌نی پڕ نه‌کرده‌وه و دواجار دڵی گه‌وره‌ی له لێدان که‌وت و به تاسه‌باری به‌جێی هێشتین. کۆچی دوایی پێشمه‌رگه‌ی دێرین، نووسه‌ر، وه‌رگێڕ، زمان‌ناس، بیرکار، ڕۆشنبیری ناسراو و دڵسۆزی گه‌له‌که‌مان کاک "حەکیم عه‌بدوڵا کاکە وەیس"، بۆ گه‌لی کورد و به‌تایبه‌تی عه‌وداڵانی زمانی کوردی خه‌سارێکی گه‌وره و دڵته‌زێن بوو. بۆیه سه‌ره‌خۆشی له خۆمان و خانه‌واده‌ی ڕێزداریان و هه‌موو کوردستانییه‌ک ده‌که‌م.
هه‌ولێر – 18/11/2018