جاوەرە ئەو هینەی لەو قوڕەی دەربێنە
November 22, 2018
وتار و بیروڕا
فارس بەشێکی کوردستانی داگیر کردووەو بە تاوانی کوردبوون کورد دەکوژن و کوردستان کاول دەکەن.
عەرەب دوو بەشی کوردستانی داگیر کردووەو دووجار کورد دەکوژن و دووجاریش کوردستان کاول دەکەن.
ئەگەر منی کوردی ژێردەستە لە ئازاری مەرگ و لە سوێی کاول کردنی کوردستان بەرگری لە خۆم بکەم و بڵێم: نەخێر بۆ مەرگ و بەڵێ بۆ ژیانی دوور لە ستەم و چەوسانەوە، نەخێر بۆ کاول کردنی کوردستان و بەڵێ بۆ ئاوەدانی کوردستان، کوردی ئەوەندە گەمژە و گێل و دەبەنگ هەن پێمدەڵێن: نەتەوەپەرست و دواکەوتوو.
بەلای ئەو گەمژە و گێل و دەبەنگانەوە داوای ژیان و ئاوەدانی کوردستان نەتەوەپەرستی و دوا کەوتنە، بەڵام کوشتار و شەڕانگێزی و کاولکاری ئەوانی تورک و فارس و عەرەب، یا برایەتی و هاودینیە، یا پێشکەوتن و بەیەکەوەژیان و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هاوچەرخ و سەردەمیانەیە.
ئاخر تۆی کوردی ئاقڵ سەقەت تا ئێستاش نەک هەر جیاوازی لە نێوان بکوژ و کوژراو ناکەی، نەک هەر جیاوازی لە نێوان نێچیر و راوچی ناکەی، بەڵکو کوژراو و نێچیر تاوانبار دەکەی و رەواییش دەدەن بە بکوژ و راوچی، دەبڕۆ بە بکوژ بڵێ دەست لە کوشتار هەڵگرێ و بە راوچیش بڵێ چاو لەسەر سێرەی تفەنگ لادات، ئەوجار تۆی ئاقڵ سەقەت بە کوژراو بڵێ تۆ چیتر بە شمشێری برایەتی هاودینی ناکوژرێی، بە نێچیریش بڵێ تۆ چیتر ناکەویە ناو تەپکەی برایەتی هاودینی.
ئاخر تۆی خەیاڵی بە درووشمی هەموومان مرۆڤین و خەوتوو لەناو باوەشی خۆزگەیەکی بەدی نەهاتوو، بڕۆ بە بکوژ بڵێ مرۆڤ بێ و چیتر مرۆڤ نەکوژێ، بە راوچی بڵێ تەرکە راو بێ و چیتر راو نەکات، ئەوجار تۆی خەیاڵی و وڕبوو وەرە بە کوژراو بڵێ بکوژ بۆتە مرۆڤ و چیتر مرۆڤ ناکوژێ، بە نێچیر بڵێ راوچی بەڵێنی داوە چیتر راوت ناکات و تۆ لەمەودوا نێچیر نیت.
ئاخر ئێوەی گەمژە و گێل و دەبەنگ جیاوازی لە نێوان نەتەوەپەرست و نەتەوەپەروەر ناکەن، خەباتی منی نیشتیمان داگیرکراو بۆ رزگاری نیشتیمانەکەم نەتەوەپەروەرییە، پەلاماری ئەوانی داگیرکار بۆ داگیر کردنی نیشتیمانەکەم نەتەوەپەرستییە، کەچی بە من دەڵێن نەتەوەپەرست و بەوانیش دەڵێن برای دینی و مرۆڤ دۆست و پێشکەوتوو.