نەجەف لە چاوەڕوانیی ئیمامدا
November 10, 2018
وتار و بیروڕا
شیعە، بیردانکی مەزڵوومییەت (1)
شیعە زیاتر لە هەزار ساڵە بیردانکی )زاکیرەی(هاوبەشیان ئەو ئازارانەیە کە رۆژەکانی ساڵیان بە سەر دابەش کردوون، هەروەها دژایەتیکردنی ئەو کەس و تائیفەی "ئیمام حوسێن"یان شەهید کردووە و هۆکاری دواکەوتنی هاتنی ئیمام زەمان (مەهدی چاوەڕوانکراو)ن.
شیعە کە فەلسەفەی بوونی خۆیان لە بەرگریکردن لە مەزڵوومییەت پێناسە دەکەن و بە بەرگریکردن لە ئیمام عەلی خەلیفەی چوارەمی موسلمانان دەست پێدەکەن، بە بۆچوونی ئەوان عەلی یەکەمین زوڵملێکراوی مێژووی ئیسلامە کە دەبوایە دوای پێغەمەبەر ئەو جێگرەوەی بوایە، کە بە ئایەتی قورئانی پاڵپشتی لەو باوەڕەیان دەکەن.. ئایەتی ژمارە 7 لە سوڕەتی (بونیە):" إِنَّ الَّذِينَ آَمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ أُولَئِكَ هُمْ خَيْرُ الْبَرِيَّةِ". لە تەفسیری تەبەری بۆ ئەو ئایەتە عەلی و شوێنکەوتووانی بە (خَيْرُ الْبَرِيَّةِ ) واته باشترین و شایستەترین دادەنێن بۆ وەرگرتنی دەسەڵاتی ئیسلام، هەروەها بە چەند حەدیسێکی پێغەمبەریش پاڵپشتی لەو باوەڕەی خۆیان دەکەن، کە دیارترینی ئەو حەدیسانە بە (حديث المنزلة) ناسراوە و دەڵێ: لە شەڕی تەبوک سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس دەیگێڕێتەوە و دەڵێ: پێغەمبەر بە عەلی گوت: "أما ترضى ان تكون مني بمنزلة هارون من موسى غير انه لا نبي بعدي"، (ئایا ڕازی نابی کە بۆ من هەمان پایەی هاڕونت هەبێ لای موسا، بەڵام لە دوای من هیچ پێغەمبەرێک نایێ).
شیعە کە ئیمام عەلی بە ئیمامی یەکەمی خۆیان دادەنێن و یازدە ئیمامی دیکەی بەدوادا دێن کە دوازدەهەمینیان مەهدی چاوەڕانکراو، یان "ئیمام زەمان"-ە، به گوێڕایەڵی و ملکەچبوون بۆ فەرمانی ئەو دوازدە ئیمامە پابهندن کە عەلی کوڕی ئەبی تاڵب و فاتیمەی کچی پێغەمبەر بە ڕوکنێکی ئایینی ئیسلامی دادەنێن..
لە سەر زاری جابر-ی کوڕە سەمڕە دەیگێڕنەوە کە لە هەردوو سەحیحی بوخاری و موسلیمیش-دا هاتووە، دەڵێ: "سمعت النبی يقول يكون اثنا عشر أميرا فقال كلمة لم أسمعها فقال أبي إنه قال كلهم من قريش" (گوێم لە پێغەمبەر بوو دەیگوت دوازدە ئیمام دێن، وشەیەکم گوێ لێ نەبوو، باوکم گوتی: پێغەمبەر گوتی هەموویان لە قوڕەیش دەبن).
کوژرانی ئیمام حوسێن وەچەرخانێکی گەورەیە لە فکر و مێژووی شیعە کە حوسێن بە ڕەمزی مەزڵوومییەت دادەنێن و شۆڕشی دژی دەسەڵات بە واجب دەناسێنن و تۆڵەکردنەوەی خوینێ بە ناهەق ڕژاوی ئیمام حوسێن دەبێتە دروشمی ئەو قۆناغەی شیعە و تا ئێستاش بەردەوامە، ئەوەش خاڵی هەرە بەهێزە لە زاکیرەی هاوبەشی شیعە و بەیەک بەستنەوەی هەموویان لە پێناو وەدیهێنانی ئەو ئامانجە.
لە مەزڵوومییەتەوە بۆ تۆڵە (2)
ئەو دوو چەمکە بەهێزترین هۆکاری بە یەکگرتوویی مانەوەی شیعە بووە بە درێژایی مێژووی دروستبوونیان، لەو مێژووەدا "مەزڵوومییەت" ڕووبەری هەرە گەورەی وەبەردەکەوێ، ئەگەرچی لە چەندین قۆناغی جیا لە وڵاتی مەراکش (مەغریب)-هوە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست تا دەگاتە هیند، بەڵام تەنیا دووجار و بۆ ماوەیەکی کورت دەسەڵاتیان بەسەر عێراق و هەردوو شاری پیرۆزی نەجەف و کەربەلادا شکاوە، زۆرترین و درێژترین دەسەڵاتیان لە وڵاتی ئێرانەوە بووە کە تا ئێستاش بەردەوامە، هەروەها لە وڵاتی میسر لە دەوڵەتی فاتیمی کە مەزهەبی شیعە سەرچاوەی هێز و بناغەی دامەزراندنی بووە.
لە دوای ڕووخانی رژێمی سەدام حوسێن لە عێراق و بەهێزبوونی شیعە تێیدا بەهۆی ئەوەی کە زۆرینەن لە عێراق، هەروەها ئێران بە هەموو هێز و توانایەوە پشتگیرییان دەکات، هەردووکیان وەک یەک گرووپ و یەک هێز ئامادەکاری دەکەن بۆ سازکردنی زەمینە بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی "مۆنتەزێر – چاوەڕوانکراو" کە ئێستا بە ڕای شیعە و ئیمامەکانیان چوار مەرج پێویستە بۆ گەڕانەوەی ئیمام مەهدی خەریکە وەدیدێن و سێ لەو مەرجانە وەدیهاتوون و کار بۆ چوارەم دەکرێ، مەرجەکانیش ئەوانەن کە سەید محەمەد باقڕ ئەلسەدر لە کتێبی (موسوعە امام مهدی – ئینسکلۆپیدیای ئیمام مەهدی) باسی کردوون، ئەگەرچی هەندێک زانای دیکەی شیعە تا بیست نیشانە و مەرجی دەبەن، بەڵام هەموویان لەو چوار خاڵە کۆدەکرێنەوە:
- بوونی باوەڕ و ئایدیۆلۆژیایەکی یەکگرتوو کە لە کەموو کات و شوێنێکدا توانای جێبەجێکردنی هەبێت،کە ئەوەیان وەدیهاتووە لە بوونی ئیسلام و پەیامی محەمەدی.
- بوونی سەرکردەیەکی لێزان و بەتوانا کە سەرکردایەتیی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە بکات، ئەویش وەدیهاتووە بە بوونی ئیمام مەهدی مۆنتهزێر.
- بوونی ژمارەی پێویست لە لایەنگران و شوێنکەوتووانی ئیمام کە ئەوەیان لە بوونی ملیۆنان شیعە و ئیستاش بوونی سوپایەکی گەورەی شیعەدا دهرکهوتووه کە لە یەمەنەوە تا لوبنانی لە ژێردەستدایە.
- ئامادەیی جیهان بۆ ئەو گۆڕانکارییە مەزنە، ئەوەش بە ئامادەکردنی گەلانی دونیا دەکرێ کە فکرەی ئەو گۆڕانە قبووڵ بکەن و ببنە بەشێک لە سوپای ئیمام، ئەو خاڵەیان ئێستا کاری بۆ دەکرێ، کە بە گوێرەی عەلامەتی شێخ عەلی کورانی لە کتێبی (عصر الظهور – سەردەم و کاتی وەدیارکەوتن) هەندێک نیشانە دەژمێرێ کە موژدەی نزیکبوونەوەی گەڕانەوەی ئیمام مەهدی دەدەن، دیارترینی ئەو نیشانانەش دەتوانین بەو شێوەیە کورتی بکەینەوە:
• کۆبوونەوەی هەموو جووولەکەی دونیا لە سەر خاکی فەلەستین، ئیسڕائیل مزگەفتی ئەقسا بە تەواوی داگیردەکات، لەلایەن هێزەکانی مقاوەمە زەبری کوشندە لە ئیسڕائیل دەدرێ.
• وەدیارکەوتنی پیاوێک لە (شاری قوم) کە داوا لە خەڵک دەکا، پاڵپشتی عەدالەت بکەن، ئەو کەسانێک کە دەچنە پاڵی کەسانێکی بەباوەڕن کە هیچ گێژەلووک و زریانێک باوەڕیان ناهەژێنێ و لە شەڕکردن خۆیان لانادەن و نابوێرن، (مەبەست لێی ئیمام خومەینی بووە، دواتریش ئەوانەی جێی دەگرنەوە کە بە وەلیی ئەلفەقیه دەناسرێن کە وەکیلی ئیمام مەهدین تا کاتی گەڕانەوەی).
• سوپای ئیمام مەهدی لە رۆژهەڵات واتا لە ئێران بەدیار دەکەوێت و بە ئاراستەی قودس دەڕوا.
هەروەها شێخ عەلی ئەلکوران (یەکێک لە زانا بەناوبانگەکانی شیعە کە هێشتا لە ژیاندا ماوە و رۆژ بە رۆژ ناوبانگی زیاتر دەبێ)هەندێک مەرج دیاری دەکات کە دەبێ کاریان لە سەر بکرێ بۆ ئەوەی ئامادەکارییەکان تەواو بکرێن و ئیمام وەدیاربکەوێت، گرینگترینی ئەو مەرجانە بریتین له:
- ئامادەکاری بۆ دروستکردنی سوپایەکی بەهێز و میدیایەکی زەبەلاح.
- زوریەتی بەنی هاشم (ال البیت) دەبێ ڕۆڵی گرینگ و بڕیاردان بگەڕێتەوە دەستیان کە بە (عەمامه ڕەش) ناسراون.
- گواستنەوەی زانست لە نەجەفەوە بۆ قوم، کە یەکێکە لەو نیشانانەی بە گوتەی ئیمامەکان پاڵپشتی دەکرێ.
- ئازادکردنی مەککە و گێڕانەوەی بۆ ژێر دەسەڵاتی نەوەکانی ئیمام عەلی، چونکە ئیمام مەهدی دوای وەدیارکەوتنەوەی لە سامەڕا لە مەککە خۆی وەک سەرکردەی سوپای موسلمانان ڕاددەگەیەنێ.
قۆناغی تۆڵەکردنەوەی خوێنی حوسێن، قۆناغی ئامادەکارییەکانە کە لە دوای ساڵی دوو هەزار و پێنج بە زانایی و بەپێی ئەو مەرج و ئاماژانەی زانایانی شیعە دایانناوە لە پێناو باڵادەستبوونی شیعە و کۆنتڕۆڵکردنی هەموو ناوچەکە کاری بۆ دەکرێ.
هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکم لە عێراق لە سیستەمی سازان (تەوافقی) بۆ سیستەمی زۆرینەی سیاسی کە ڕێک واتای زۆرینەی شیعە دەدا، هەنگاوێکی تەواوکارییە بە ئاراستەی تەواوبوونی هەرێمی پیرۆزی شیعە کە لە دوای ساڵی دوو هەزار و پێنج کاری بۆ دەکرێ، کە هەرسێ شاری (نەجەف، کەربەلا و بابل) دەگرێتەوە، کە بۆتە ناوەندی هێزی ماددی و مەعنەوی بۆ شیعە، هەروەها ناوەندێک بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانەی کە گەڕانەوەی ئیمام مەهدی خێراتر دەکات.
هەرێمی پیرۆز(3)
پڕۆژەی "هەرێمی پیرۆز" پڕۆژەیەکی مێژووییە کە تێکەڵ بە عەقیدە و باوەڕی ئایینی کراوە، تا لەو ڕێگەیەوە زەمینەسازی بۆ بکرێ، ئەو پڕۆژەیە کە ناوەندەکەی شاری نەجەفە و شارەکانی کەربەلا و حیللە (بابل) وەک جمک لەگەڵی دەبن، پلانێکی سیاسی ستراتیژییە، بەڵام لە ژێر ناوی ئایین، ئەو سێ شارە کە زۆرترین مەزاری پیرۆزی شیعەیان تێدایە، که گرینگترینیان مەزارهکانی ئیمام عەلی و هەردوو کوڕەکانیهتی (حەسەن و حوسێن)، هەروەها جوگرافیای ئەو سێ شارە سەرزەمینی هەموو ڕووداو و یادەوەرییەکانی شیعەیە کە هۆکاری دروستبوونی زاکیرەی هاوبەش و گرێدانی ڕۆحیانە.
ئەو "هەرێمی پیرۆز"ه کە مەرجەعییەت بەڕێوەی دەبا، هەموو ڕەهەند و ئادگارەکانی دروستبوونی تەواو وەدیار کەوتوون و ڕۆژ بە رۆژیش هەبوونەکەی خوتر و کاریگەرتر دەبێت.. هەرێمی پیرۆز کە سەرچاوەی هێزی لە پیرۆزیی شوێنەکەی و مەزارەکانی وەردەگرێ، بەو هێزەشەوە توانیویەتی لە ڕووی دارایی و سەربازی و سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە خۆی دروست بکات.
بە درێژایی ساڵ شیعە زیاتر لە سی بۆنەیان (خۆش و ناخۆش)هەیە کە یادکردنەوەیان فەڕزە و هەمووشیان بە سەردانیکردنی نەجەف و کەربەلا و حیللە گرێدراون. هەروەها هەندێک شوێنی دیکەی پیرۆزیان ههیه کە لە هەموویان گرینگتر سامەڕایە کە شارێکی تێکەڵەی سوننە و شیعەیە و بە درێژایی میژوو سوننە تێیدا دەسەڵاتدار بوون تا کەوتنی سەدام، ئەو شارە کە هەردوو مەزاری پیرۆزی ئیمام عەلی ئەلهادی و حەسەن ئەلعەسکەری لێیە، شوێنی لە دایکبوونی ئیمام مەهدی و شوێنی گەڕانەوەشیەتی (سەردابی غەیب) کە دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای مەزاری هەردوو ئیمامەکە، بە باوەڕی شیعە دوایین شوێن بووە کە ئیمامی دوازدەهەم محمەدی کوڕی حەسەنی ئەلمەهدی کە بە ئیمام مەهدی مۆنتهزێر ناسراوە، دوایین جار پێش بزربوونی(غەیببوونی) لەوێ بیندراوە و هەر لەوێش وەدیار دەکەوێتەوە.
بە گوێرەی ئەو داتایانەی حەوزەی عیلمییهی نەجەف، یان لێژنەی ناوەندی بۆنەکان کە ئێران و عێراق بە هاوبەشی پێکیان هێناوە بۆ سەرپەرشتیی بۆنەکان بڵاویان کردۆتەوە، تەنیا لە چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن لە ساڵی 2017 نزیکەی (30,000,000)سی ملیۆن کەس سەردانی نەجەف و کەربەلایان کردووە، هەروەها لە ماوەیەکی کەم دوای کۆتاییهاتنی داعش لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین (تکریت) کە سامەڕا یەکێکە لە قەزاکانی، لە یادی لەدایکبوونی ئیمامی عەلی ئەلهادی زیاتر لە یەک ملیۆن شیعە سەردانی کردوون، هەروەها پڕۆژەیەکی هاوبەشی ئێران و عێراق ڕاگەیەندراوە بۆ وەبەرهێنان لە سامەڕا بۆ هاندانی خەڵک تا لە بۆنەکان سەردانی مەزارە پیرۆزەکانی بکەن.
ئەو ژمارە گەورەیەی خەڵک کە ڕوو لە شارە پیرۆزەکانی شیعە دەکەن بەڕێگای یازدە دەروازەی سنووری نێوان عێراق و ئێڕان هەروەها عێراق و کوێت و عێراق و سعودیە وێڕای فڕۆکەخانەی نەجەف کە زۆبەیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی مەرجەعییەتدان، چونکە شێوازی هاتن و دیاریکردنی دەروازەکان بە هاوبەشی لە نێوان نەجەف و قوم دیاری دەکرێن، وەک لە ڕاگەیەندراوی لێژنەی ناوەندی یادەکاندا هاتووە.
جگە لەو پارەیەی ئەو میوانانە وەک ڕسومات دەیدەنە دەروازە سنوورییەکان و کرێی گواستنەوەو مانەوە و خورادن ساڵانە بە سەدان ملیۆن دۆلار لە سەر مەزارەکان بەجێدێڵن وەک ئەرکێکی ئایینی مەرجەعییەت مافی تەسڕوف تێدا کردنی هەیە لەلایەن سێ لێژنەی تایبەتمەند کە ناویان لێژنەی (العتبات الحسینیە – مەزاری حوسێن) و (العتبات العباسیە – مەزاری عەباس) و (العتبات العلویە)کە داهاتەکانیان ئاشکرا ناکەن، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان زۆربەی ئەو کەسانەی کە پارە، یان هەر شتێکی دیکەی گرانبەها دەبەخشن، خەڵکی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، یان ئێرانن.. بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی نیقاش تەنیا ژنێکی بەحرێنی یەک کیلۆ زێڕی بەخشیوە، جگە لەو داهاتانە بە گوێرەی هەمان ڕاپۆرت ساڵانە وەزارەتی دارایی عێراقی بودجەیەکی تایبەتیان بۆ تەرخان دەکا، کە زیاتر بۆ نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی مەزارەکان بەکار دێت.
ئەو داهاتە چی بەسەر دێ ؟(4)
لە رۆژی 9/2/2018 مەرجەعی دیاری شیعە ئەحمەد ئەلحوسەین ئەلسورخی (أحمد الحسني الصرخي) داوای پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەتی کرد لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بۆ ئهوهی لێکۆڵینەوە لەو داهاتە زۆرە بکا کە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێندرێ و بەشی ئەوە دەکات هەموو ڕێگاکانی عێراقی پێ زێڕڕێژ بکرێن، بەڵام بۆ عەمامە بەسەرەکان دەڕوا و لە ژێر ناوی جیاجیا دابەش دەکرێ.
ئەو داهاتە زۆرە لە ساڵی 2007 بەشە زۆرەکەی بۆ دروستکردنی چەند هێزێکی چەکدار سەرف کرا، کە ئامانج لە دروستکردنیان، پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە بوو. ئەو هێزانە ئێستاش بەهێزترین و گەورەترین هێزەکانی ناو حەشدی شەعبین وەک (جیش المهدی) و کە دوای فتواکەی سیستانی لە 2014 بۆ (سرايا السلام)، ڕێکخراوی بەدر (منظمة بدر -الجناح العسكري)کە لە ساڵی 2012 لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیا بووەوە کە لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانی سەدەی بیستەم لە ئێران دروست کراوە، (كتائب حزب الله العراق) گرووپێکی ڕاهێندراون و سەرکردەکانیان شاراوەن و تەنیا لە ئێران فەرمان وەردەگرن، (عصائب أهل الحق) کە لە هەناوی جەیشی مەهدی هاتۆتەوە دەرەوە، دوای فتواکەی سیستانی ژمارەی پێکهاتەکانی حەشدی شەعبی گەیشتۆتە حەفتا و نۆ (79) هێز کە ژمارەی تێکڕای چەکدارانیان لە سەرووی سەت و بیست هەزار (120000) چەکدارە.
لە ساڵی 2011 ژمارەیەک هێزی تایبەت دروست بوون بۆ چوونە پاڵ سوپای سووریا بۆ پاراستنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، دیارترینی ئەو هێزانە (سرایا خوراسانی)یه کە ژمارەیان لە سەرووی چوار هەزار چەکدارە، هەروەها (لواء أبو الفضل العباس) کە یەکەمین هێز بوو لە ساڵی 2006 دروست بوو و شەڕی لە دژی ئەمریکییەکان ڕاگەیاند، جگە لە چەکدارانی عێراقی ژمارەیەکی زۆری چەکداری لوبنانیشی تێدایە، کە پێشتر چەکداری حزب اللە بوون، ئەو هێزانە ڕەوانەی سووریا کران بە ناوی پاراستنی مەزارە پیرۆزەکان کە دیارترینیان مەزاری (سەیدە زەینەب)ی کچی ئیمام عەلی و (سەیدە ڕوقەیا) کچی ئیمام حوسێنه.
لە نێوان هێزەکانی حەشدی شەعبی کە ئێستا ژمارەیان حەفتا و نۆ (79) هێزه، هێزێکی تایبەت هەیە کە ڕاستەوخۆ گرێدرای مەرجەعییەتە و ناوی (سرايا العتبات)ە کە لە سێ بەش پێک دێت:
یەکەم/(سرایا العتبة الحسينية) کە وەکیلی مەرجەعی باڵای شیعە لە عێراق عەلی سیستانی و گوتەبێژی مەرجەعییەت و گوتارخوێنی کەربەلای نوێژی هەینی و هەروەها بەرپرسی (مەزاری حوسێن – العتبە الحسینیە) ناوی عەبدولمەهدی کەربەلائیە و سێ هێزی تایبەتی خۆی هەیە، کە ناویان (لواء علی الاكبر) و (سرايا المختار الثقفي) و(سرايا لواء السجاد)ه و ژمارەی هەر یەک لەو هێزانە لە نێوان هەزار و پێنج سەت تا دوو هەزار چەکدار دەبێت.
دووەم/ هێزەکانی (سرايا العتبة العباسية) کە وەکیلی سیستانی لە نەجەفن و بەرپرسی (مەزاری عەباس – العتبە العباسیە) ناوی (أحمد الصافي)یە،ژمارەی چەکدارانی لە سەرەوەی چوار هەزار چەکدار دەبێت و ئەو هێزە بە (فرقة العباس) بەناوبانگە.
سێیەم/ هێزەکانی (سرايا العتبة العلوية) کە هەزار چەکداریان لە ژێر ئەو ناوە هەیە و (شیخ کریم) سەرپەرشتییان دەکات، هەروەها (فرقة الإمام علي) کە (زهیر الشربە - جێگری سەرپەرشتیاری مەزاری ئیمام عەلی – العتبة العلویة) سەرپەرشتییان دەکات و ژمارەیان لە دوو هەزار چەکدار زیاترە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا مەزاری عەباسی (العتبة العباسیة) بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا کرد لە ساڵی 2016بە هێزەکانی حەشدی شەعبی دراوە، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی وەک دیاری دراوەتە کەسوکاری کوژراوانی حەشدی شەعبی و بریندارەکانیان، بڕی یهک ملیار و چوارسەت و دە ملیۆن و حەفت سەت و چل و چوار هەزار (1410744000) دیناری عێراقی دراوەتە هێزەکانیان وەک هاوکاریی لۆجستی و کڕینی خۆراک، بڕی (313,000,000 ) سێ سەت و سێزدە ملیۆن دیناری عێراقییان وەک هاوکاری داوەتە کەسوکاری 415 چەکداری کوژراویان، بڕی (51,000,000)پەنجاویەک ملیۆن دیناری عێراقییان وەک یارمەتی داوەتە بریندارەکانیان.
لە مانگی ئۆکتۆبەری 2017 ئەمیندارێتی گشتی (مەزاری حوسێن – العتبة الحسینیة) پڕۆژەی دروستکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ کەسوکاری کوژراوانی هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕاگەیاند، کە شەش مانگ پێشتر بۆ کۆکردنەوەی تێچووی ئەو پڕۆژەیە هەڵمەتێکی بەردەوامی بە ناوی سندوقی هاوکاری کەسوکاری شەهیدان ڕاگەیاند، کە هەر خێزانێکی شیعە ناچار دەکا، مانگانە دە هەزار دینار ببەخشنە ئەو سندوقە.
لە ساڵی 2007 ئەحمەد حوسەینی ئەندامی ئەنجومەنی پاریزگای کەربەلا و بەرپرسی لێژنەی ئەوقاف و گەشتیاری ئایینی ڕایگەیاند کە پارەی مەزارەکانی نەجەف و کەربەلا لە کڕینی چەک بۆ میلیشیا چەکدارەکان دەڕوا، بەڵام دواتر لە ژێر هەڕەشەی مەرجەعییەت و گەورە بەرپرسانی هەردوو عەتەبەی حوسێن و عەباس پاشگەزبووهوە لە قسەکانی، بەڵام دوو ساڵ دواتر 2009 ئەندامێکی لێژەی گەشتیاریی ئایینی لە هەمان پارێزگا بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوی بە ماڵپەڕی نیقاشی ڕاگەیاندووە کە لێژنەکەیان نە دەسەڵاتی هەیە و نە ئاگاداری هیچ شتێکە دەربارەی داهاتەکان، بەڵکو ئەوە بە مەرجەعییەتەوە گرێدراوە.
لە 21/12/2017 تۆڕی میدیایی ڕووداو راستەوخۆ کۆنگرەی رۆژنامەوانی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە فڕۆکەخانەی نەجەفی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ڕاگەیەندرا فڕۆکەخانەکە نادرێتەوە دەست حکومەت و ناچێتەوە ژێر دەسەڵاتی دەستەی فڕۆکەوانی عێراقی بۆ ئەوەی بتواندرێ سوود لە داهاتەکانی وەربگیرێ، پێشترێش ئەنجومەنی پاریزگای نەجەف ئەو بڕیارهی سەرۆک وەزیرانی ڕەت کردەوە بە دانانی بەڕێوەبەرێکی جێبەجێکار لە فڕۆکەخانە، بەڵکو هەر لە ژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگا مایەوە، کە ڕاستەوخۆ بە نووسینگەی مەرجەعییەتهوه گرێدراون.
جگە لە بەخشینی راستەوخۆی پارە و خشڵ لەلایەن خەڵکەوە، مەزارە پیرۆزەکانی شیعە خاوەنی هەزاران دۆنم زەوی و باخی خورما و موڵکی دیکەن، هەروەها لە دوای ساڵی 2003 دەستیان بە وەبەرهێنان کردووە لە بواری گەشتوگوزاری ئایینی لە ڕێگای دروستکردنی دەیان کۆمپانیای هاتوچۆی ئاسمانی و وشکانی، هەروەها دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری هۆتێل و ڕێستۆرانت.
کەرتی گەشتوگوزاری ئایینی کە داهاتەکەی لە داهاتی نەوتی عێراق زۆرترە، له لایهن کۆمپانیایەکی هاوبەشی ئێرانی و عێراقی به ناوی (شمس) کە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە کۆنتڕۆڵ کراوە، کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەڕی یەکەم جار لە ناوەڕاستی ساڵی 2015 ئەوەی ئاشکرا کرد، کە ئەو کۆمپانیایە لە ڕێگای ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای لۆکاڵی عێراقی و ئێرانی کارەکانی مەیسەر دەکا، بەکارهێنانی ئەو کۆمپانیا لۆکاڵییانەش بۆ رازیکردنی ژمارەیەک بەرپرسی شیعەیە کە دەسەڵاتیان هەیە، هەروەها بۆ داپۆشینی کارەکانیشیانە بۆ ئەوەی خەڵک نەزانێ کەرتی گەشتیاری ئایینی لەلایەن ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان مانەوەی هەر کەسێک لە هوتێل لە نێوان 20 تا 30 دۆلاری دەوێ، کە هەر زیارەتکارێکی شیعە لە زیارەتەکەیدا کەربەلا و نەجەف و حیللە و بەغدا و سامەڕا بەسەردەکاتەوە، کە مەزارە پیرۆزەکانیان لەو شارانەن، ئەگەر ئەو گەشتە تەنیا یەک حەفتەی بوێ بۆ کەسێک چەندی تێدەچێ؟
شارە پیرۆزەکانی شیعە ساڵ دوازدە مانگ پێشوازی لە میوانانیان دەکەن و ئەگەر ژمارەی بۆنە ئایینییەکانیش بە سەر ژمارەی مانگەکان دابەش بکەن، ئەوە هەر مانگەی سێ بۆنەی بەر دەکەوێ، کە قەت نایەڵێ دەورەی مەزارەکان بێ مێوان بێ، هەرگیز ڕێگەش نادا تاکی شیعە لە هەست و بۆنە ئایینییەکانیان داببڕێن.. دابەشکردنی بۆنە ئایینیەکان بەسەر مانگەکانی ساڵ بەرهەمی فکر و زیرەکیی دامەزراوەیەکی ئایینی سیاسیە کە تەمەنی لە هەزار ساڵ زیاتره و پێی دەگوترێ "حەوزەی عیلمییه" کە بە مەرجەعییەتەوە گرێدراوە.
جوگرافیای هەرێمی پیرۆز(5)
هەڵکەوتەی جوگرافی هەرێمی پیرۆز بە قەدەر هێزە عەقائیدییەکەی گرینگە، چونکە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەو ناوچەیەی کە شیعە چاوی تێ بڕیوەو بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرێ.
هیلالی شیعی وەک دەستەواژە کە یەکەمین جار لەلایەن پاشای ئوردن (عەبدوڵای کوڕی حوسێن) لە ساڵی 2004 بەکارهات، نەخشەی چاوتێبڕینی ئێران لە ناوچەکە دیاری دەکات کە لە یەمەنەوە دەست پێدەکات و بە سعودیا هەڵدەکشێ و لە عێراقەوە دەگاتەوە سووریا و پاشان لوبنان.
ئەو نەخشە و پلانە ستراتیژییە لەلایەن شیعەوە تەمەنی بۆ زیاتر لە هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە و تەواوکەری هەمان ئەو خواستەیە کە ئیمپڕاتۆریەتی پێڕژیا (ئێران)ی بەر لە زایین هەیبووە و کاری بۆ کردووە، واتا قۆناغی هیلالی شیعی تەنیا سەرەتایێکە بۆ فراوانبوون و کشانی دەسەڵات و هێزی شیعە لە ناوچەکەدا وەک دانانی ستوونەکانی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتێکی نوێ، بەڵام ئەو جارەیان بە هێزێکی مەزهەبی.
لەدوای ساڵی 2003 شیعە دەستیان کردووە بە بەهێزکردنی ئەو هەرێمی پیرۆزه لە ڕێگای کشانی شیعە لە شارو ئاوەدانییە نزیکەکانەوە لێی بەتایبەتی ئەو شارانەی دانیشتووانیان تێکەڵ بووە لە نێوان سوننە و شیعە و هەروەها پێکهاتەی دیکەی ئایینیدا.
بە چەند رۆژێک دوای ڕووخانی سەدام یەکەمین ڕووداوی توندوتیژی تائیفی لە بەسڕه ئەنجام درا، کاتێک ئەو خێزانەیان کۆمەڵکوژکرد و تەرمەکانیان بە تیزاب سووتێندران کە مەزهەبی خۆیان بۆ مەزهەبی سوننە گۆڕیبوو، لەو رۆژە بەدواوە کوشتن و بزرکردن و دەرکردن بووە چیڕۆکی نەبڕاوەی سوننەکان.
لە ساڵی 2009 لە کاتی خولی دووەمی مالیکی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێگای کاراکردنەوەی ماددهی (4) لە قانونی عێراقی کە بە ماددەی (4ی تیرۆر) ناسراوە، کردیە شمشێرێک و لە سەر ملی هەر کەسێکی دادەنا کە دژی سیاسەتەکانی مالیکی بوایە، لەو ڕێگەیەشەوە بزاڤی سیاسیی سوننەی لە ناوچە سوننەنشینەکاندا لاواز کرد لە ڕێگای دەرپەڕاندنی سەرکردە سیاسیە کاریگەرەکان??