عەلی باپیر و پەرلەمان و شەریک بۆ خوا
November 10, 2018
وتار و بیروڕا
دوای ئەوەی بوو لە پەرلەمانی بەغدا بوو بە پەرلەمانتار لە نێوان دین و دینار، دیناری هەڵبژارد، بەوەشەوە نەوەستا و لە بانگەشەی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەناو ئاپۆرای ژناندا دەیگوت: لە بەغدا بە پەرلەمانتارە ژنەکانم دەگوت: ئەگەر سەریشتان رووت بێ نوێژ بکەن دەچنە بەهەشت, ئەوەی جێگای پرسیارە و دەبووایە زانایانی ئایینی کۆنفرانسیان لەسەر بەستبا و عەلی باپیریشیان بانگ گردبا و لێیان پرسیبا: خۆت گوتووتە پەرلەمان بیدعەیە و شەریک پەیدا کردنە بۆ خۆا، ئەی بە پێی کام دەق و کام فەرموودە بلیتی چوونە بەهەشت بۆ پەرلەمانتارانی سەر رووت دەبڕی؟!
مەروان گەڵاڵی سەرۆکی فراکسیۆنەکەشی فتوای حەڵاڵ کردنی ٤٨ ملێۆن دینارەکەی پەرلەمانتاران دەدات، ئەو فتوایەش لە کاتێکدایە کە ئەو ٤٨ ملیۆن دینارە ٤٨ جار ئابڕووی پەرلەمانتارانی دایە بەر نەفرەتی خەڵک، ئەرێ کارێک ئابڕووبەر بێ و خەڵک نەفرەتی لێ بکات بە کام دەق و کام فەرموودە حەڵاڵ دەکرێ؟! بۆیە من لای خۆمەوە بە عەلی باپیر و مەروان گەڵاڵی و هەموو بانگخوازەکانی تریان دەڵێم: دین و دینداری و خوا پەرستی لە سمێڵی کورت و ریشی درێژدا نییە، دین و دینداری و خوا پەرستی لە راستگۆیی و رەوەشت ئەخلاقی بەرز و جوان دایە، بۆیە پێویستە لە باتی سمێڵی کورت و ریشی درێژ، مەودای درێژی درۆ و چەواشەکاری کورت بکەنەوە و رەوشت و ئەخلاقی کورتیش درێژ بکەن.