دەربارەی هێزی سێیەم لە كوردستان دا

دەربارەی هێزی سێیەم لە كوردستان دا

مەسەلەی دەركەوتنی هێزی سێیەم، زیاتر دوای ئەوە بووە بابەتی رۆژ كە حكوومەت بووە نیوە بە نیوە، دوای كۆتایی هاتنی شەڕی ناوخۆش درێژە بە حكوومەتی نێوە بە نیوە لە نێوان پارتی و یەكێتی درا، دیسان قسە لەوە كرایەوە كە پێویستە جگە لەو دوو هێزە هێزی سێیەم بێتە پێشەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە، ئاخۆ هێزی سێیەم چۆن پەیدا دەبێت، بە زەبری هێز یان لە رێی سندوقی دەنگدانەوە، بە واتایەكی دی، ئەوە كێیە شەرعییەت بە دروستبوونی هێزی سێیەم دەدات، چەك یان دەنگدەر؟
لە یەكەم هەڵبژاردنەوە 1992 بەهۆی ئەوەی رێژەی 7% دیاریكرا، هەر لایەنێك ئەو رێژەیەی تێنەپەڕاندبا نەیدەتوانی بگاتە پەرلەمان، پێش ئەوەی هەڵبژاردن بكرێ، دوای پارتی و یەكێتی بزووتنەوەی ئیسلامی وەك هێزی سێیەم دەبیندرا، بەڵام نەیتوانی رێژەكە تێپەڕێنێ، پارتی 51 و یەكێتیش 49 كورسیی بەدەست هێنا، یەكێتی ئۆپۆزسیۆنی قبووڵ نەبوو، بۆیە بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات كورسییەكان كران بە 50 بە 50 لەگەڵ ئەوەشدا رێگە لە شەڕی ناوخۆ نەگیرا.
راستی بابەتی هێزی سێیەم هێشتا زەمینەی بۆ نەڕەخساوە، یان دەتوانم بڵێم بەجۆرێك لە جۆرەكان رێگەی لێگیراوە و زیاتر كراوەتە دروشم و خۆ دەرخستن و خۆ بە پەرۆش زانین، بەڵام زۆری نەبردووە، دەركەوتووە كە قسەو باسی هێزی سێیەم، هەر بۆ تاودانەوەی ناكۆكیی ناوخۆ بووە، بابەتی هێزی سێیەم وەك عەبایەك بەكارهێندراوە، چونكە هەمان كارەكتەری ناكۆكیی ناوخۆ جاڕی رابەرایەتیكردنی هێزی سێیەمیان داوە، بۆ نموونە دوای جیابوونەوەی 1964 و رۆیشتنی باڵی جیابووەوە لە ساڵی 1966 بۆ ناو حكوومەتی عێراق، دوای رێككەوتننامەی 11ی ئاداری 1970، رێكخراوێكی ماركسی لینینی لە بەغدا دامەزرا، ئەوانەی رێكخراوەكەیان دامەزراند بریتی بوون لەوانەی سەر بە باڵی جیابووەوە لە پارتی بوون، بۆیە كە (كۆمەڵەی ماركسی لینینی كوردستان) لە 10/6،1970 دامەزرا لە یەكەم كۆبوونەوەدا جەلال تاڵەبانی بووە سكرتێری كۆمەڵە و دواتر لە ساڵی 1978 لە شاخ ناوی كرایە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان)، ئەو كات دەیانگوت مەلایی و جەلالی ناتوانن رێبەرایەتی جوڵانەوەی رزگاریخوازی بكەن، پێویستە رێكخراوێكی نوێ دابمەزرێ، كەچی دوای 1975 ئەو رێكخراوە كرایە ئامرازی برەودان بە شەڕی ناوخۆ.
دوای 2006 یش كاتێ باڵێك بەناوی ریفۆرم لەناو یەكێتی كاری كرد و دواتر حزبی بزووتنەوەی گۆڕانی لێ دروست بوو، دیسان باس لەوە كرا كە دەبێ هێزی سێیەم هەبێ، بەڵام زۆری نەبرد نەك رۆڵی هێزی سێیەمی نەدیت، بەڵكو كێبەركێی یەكێتیی دەكرد و كاری پێكەوەیی یەكێتیی لەگەڵ پارتی بە تەسلیمبوون بە پارتی دایە قەڵەم و ئەم بابەتەی كردە تەوەری بانگەشەی هەڵبژاردن.
بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی 30 ی ئەیلوولی 2018 نەخشەیەكی نوێ دروست بووە، دەنگدەری كوردستان زەمینەی نیوە بە نیوەی نەهێشتۆتەوە، لێ رێككەوتن و سازان شتێكی دیكەیە.
Top