یەکێتی و سازان و ترازان
November 5, 2018
وتار و بیروڕا
وەک بینیمان بە چاویلکەی حزبی و دەستکەوتی کەسی لێکدانەوەیان بۆ ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی کوردستان کرد، ئەو لێکدانەوەیەش هێنانیە سەر ئەو رایەی کە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان سنوور بۆ دەستکەوتی حزبی و بەرژەوەندی کەسیان دادەنێ، هەر بۆیەش لە ١٦ی ئۆکتۆبەر سازانی نەتەوەییان لەبار برد و ترازاندیان و کەرکوکیان وەک سێوی پاککراو بەدەم حەشدی شەعبییەوە کرد.
ئێستا کەرکوک لە سەردەمی بەعس خراپتر لەژێر هەرەشەی پاکتاو و تەعریب دایە و دەڵێن: کەرکوک گەڕاوەتەوە باوەشی نیشتیمان و بەو گەڕانەوەیەش ئارامی بۆ کەرکوک گەڕاوەتەوە، کەچی دانانەوەی کەسێک لە خۆیان وەک پارێزگاری کەرکوک لە بەرژەوەندی حزبی و کەسیانە داوا لە پارتی دەکەن و دەڵێن: هەموومان لە کەشتیەک داین و وەرن با بیسازێنین.
لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەو کارەساتە نەتەوەیی و نیشتیمانەی بەسەر کەرکوک و دەوروبەریان هێنا، بە مەبەستی دەستکەوتی حزبی و کەسی وەفدەکانیان لە رێگای چوون و هاتنەوەیان بۆ بەغدا لە دامێنی کەرکوکی فرۆشراو تێکهەڵدەنگوتن و باسی سازانیان نەدەکرد، یان لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و بە مەبەستی وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار سازانیان لەبار برد و وەک پێشینەی لە مێژینەی سیاسی خۆیان کەوتنەوە سەر رێچکەی ترازان، ئێستا لە کوردستان بۆ وەرگرتنی پۆست و پلەی حکومی زیاتر لەوەی سندوقەکانی هەڵبژاردن بۆی دیاری کردوون لە بەرژەوەندیانە، ئای چ شیوەنێک بۆ سازان و بە تایبەتیش سازانی نێوان خۆیان و پارتی دەکەن! کەواتە یەکێتی لە کەرکوک بۆ خوارێ ترازان لە بەرژەوەندیانە و پێیان سپێردراوە و دەبێ بیترازێنن، لە کەرکوکیش بۆ سەرێ سازان لە بەرژەوەندیانە و دووبارە پێیان سپێرداوە و دەبێ بیسازێنن,