ئۆكتۆبەر نۆڤەمبەری بەدوادا دێت
October 29, 2018
وتار و بیروڕا
بۆچی زۆر بە جدی كار بۆ دوو بابەت دەكرا، یەكیان پەلەكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، دووەمیش دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە هەردووكیشیاندا نەخشەسازی سەرەكی (ئەمەریكا و ئێران) و لایەنی جێبەجێكار (حزب و لایەنە عێراقی و كوردستانییەكان) رۆڵیان دیار بوو.
ئەمەریكا بەپێی بەرنامەی خۆی كە بۆ ناوچەكەی داناوە، بەتایبەتیش لە پرسی پەیوەند بە ئێرانەوە، بەدوای ئەوەدا دەگەڕا حكوومەتی نوێی عێراق، ببێتە هۆیەك بۆ جێبەجێ كردنی بەرنامەكانی، هەر بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵیدا حەیدەر عەبادی ببێتەوە سەرۆك وەزیران، بەڵام بۆی نەچووەسەر، ئێرانیش هەوڵیدا حكوومەتی نوێی عێراق رۆڵی بۆ رۆژی تەنگانە هەبێت، كاتێ عادل عەبدولمەهدی بۆ سەرۆك وەزیران كاندید كرا، بێگومان بە پشتیوانی ئێران، ئەمەریكاش سەری بۆ لەقاند، دیارە ئەمەریكاییەكان لارییان نەبوو كە لایەنەكانی حەشدی شەعبی بچنە ناو حكوومەتەوە، بەڵام نەیانویست سەرۆك وەزیران بكەوێتە دەست حەشدی شەعبی، بۆیە عادل عەبدولمەهدی بە لای ئەمەریكاشەوە قبووڵ بوو، دوای پێكهێنانی حكوومەت، واشنتۆن و تاران چاو دەبڕنە بەغدا، ئاخۆ بەرنامەی كامەیان رەچاو دەكات؟
هەوڵی زۆر درا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی 2018 نەكرێت، بەتایبەتیش كە دەركەوت پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراقدا، پلەی یەكەمی لە ئاستی عێراق و كوردستان بەدەست هێنا، هەوڵەكانی دواخستنی هەڵبژاردنی كوردستان چڕتر بوونەوە، چونكە یەكەم بوونی پارتی بە دڵی دەوڵەتە ئیقلیمییەكان و هەندێ حزبی كوردستان نەبوو، دەیانویست نەخشەی نوێی سیاسی نەبێتە بنەما، یان ئەگەر بكرێ بۆشاییەكی یاسایی سیاسی دروست بێت، بەڵام هەوڵی دواخستن شكستی هێنا، لێ كاتێ لە هەڵبژاردنی كوردستان پارتی 45 كورسی بەدەستهێنا، لێنەگەڕان سەرۆك كۆمار بۆ پارتی بێت.
لە زۆنی سەوز 2ی ئۆكتۆبەر بە رۆژێكی گرنگ داندرا، وەك هەنگاوی دیكەی دژایەتی پارتی سەیركرا، هەندێ بەرپرس بە حەماسەوە دەیانگوت بە پارتی دەڵێین بەسە، لە میدیادا رایاندەگەیاند بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەرگای بەغدامان لەسەر پارتی داخست، بە هۆی ئەوەی ئێران وەك كارەكتەری سەرەكیی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 رۆڵی لە یەكلاكردنەوەی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی هەبوو، ئۆكتۆبەر بووە مانگی نەشئەی یەكێتی، لە بەرامبەریشدا مانگی ئۆكتۆبەر رەشتر سەیر كرا.
ئاماژەكان پێمان دەڵێن، نەشئەی ئۆكتۆبەر درێژەی نابێ، رەشایەتی ئۆكتۆبەریش چیدی مایەی بێ ئومێدی نابێت، هێشتا هەموو وەزیرەكانی كابینەی حكوومەتی عێراق دیاری نەكراون، گواستنەوەی نەوتی كەركووك بۆ ئێران رادەگیرێ، بەمەش سەرەتای قۆناغی دووەمی گەمارۆی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران كە بڕیارە لە 4ی نۆڤەمبەر بكەوێتە واری جێبەجێ كردنەوە دەست پێدەكات، نەوتی كەركووك بە بۆڕیی كوردستاندا دەڕواتە بەندەری جەیهانی توركیا لەسەر دەریای ناوەڕاست، بەوپێیەی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ دژایەتیكردنی پارتی هەموو هێلكەكانی یەكێتییان خستە سەبەتەی ئێران، پێیان وابوو چوار وەرزی ساڵ ئۆكتۆبەر دەبێت، بەڵام ئۆكتۆبەر تەنیا مانگێكی ساڵە و نۆڤەمبەری بەدوادا دێت.