ئەوان یەكدەگرن

ئەوان یەكدەگرن
رۆژی 21/10/2018 هێزە سیاسییە عەرەبییەكانی پارێزگای كەركووك بە شیعە و سوننەوە، هاوپەیمانییەكیان بەناوی(هاوپەیمانی عەرەبیی یەكگرتوو) راگەیاند، بۆ ئەوەی ببێتە نوێنەری پێكهاتەی عەرەب لە پارێزگای كەركووك، هاوپەیمانییەكە بەیاننامەیەكی راگەیاند كە ئەمانە ئیمزایان كردووە: راكان سەعید پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، نوێنەری هەریەكە لە عەسائیبی ئەهلی هەق بە سەرۆكایەتی قەیس خەزعەلی، هاوپەیمانی سائیرون بەسەركردایەتی موقتەدا سەدر، رێكخراوی بەدر بەسەرۆكایەتی هادی عامری، تەجەموعی جمهوری و جەماعەتی حەل و مەشروعی عەرەبی بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، ئیئتیلافی وەتەنیە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی و هێزی دیكەی عەرەبی.
لە بەیاننامەكەیاندا زۆر خۆیان بە زوڵملێكراو دەزانن، پەنجە بۆ كورد درێژ دەكەن و تۆمەتباری دەكەن، پێكهێنانی ئەم هاوپەیمانییە دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر داگیركردنی كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەردا تێدەپەڕێت، خۆیان دەڵێن ئۆپەراسیۆنی 16ی ئۆكتۆبەر، بۆ سەپاندنی یاسا بوو بەسەر كەركووكدا كە لە 2003وە لەژێر دەستی كورد و هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی كورددا بووە، لە بەیاننامەكەیاند داوا لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دەكەن داخوازییەكانی عەرەبی كەركووك گرەنتیان هەبێ، دەڵێن: هەر لە دوبزەوە تا ناوچەی داقوق 116 گوندمان بە دەستی پێشمەرگە تێكدراون، پێویستە ئاوەدان بكرێنەوە، دەشڵێن: بە هەزاران عەرەب لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە بەرەو بەندیخانەكانی هەرێمی كوردستان براون و داوای ئاشكراكردنی چارەنووسیان دەكەین.
ئاشكرایە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 جارێكی دی و بە چڕی شاڵاوی بەعەرەبكردنی كەركووك دەستی پێكردۆتەوە، ئەوان بە راگەیاندنی هاوپەیمانییە تازەكەیان، دەیانەوێ لە چەند لایەكەوە بە ئامانجەكانیان بگەن و كورد لە دەرەوەی هەموو حیساباتێكی كەركووكدا بهێڵنەوە، بۆ ئەمەش دەیانەوێ قۆناغی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بكەنە دیفاكتۆ، مۆركێكی عەرەبی بە كەركووك بدنەوە، كورد بە داگیركەر و زاڵم سەیر بكەن، ئەو كارەساتەی لە 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دواتر بەسەر كوردیان هێناوە، بەسەپاندنی یاسا لە لایەن هێزەكانی عێراقەوە وەسف دەكەن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە پێشمەرگە و كورد بە لەیاسا دەرچوو سەیر دەكەن، ئەوان سوودیان لەو خزمەتگوزارییەی گرووپی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر وەرگرت، چونكە ئەو گرووپە داوایان دەكرد كەركووك لەلایەن بەغداوە ئیدارە بدرێ، ئەمەش رێك داننانە بەوەی كورد لە یاسا دەرچووە.
ئەوان لە ئێستاوە خۆیان بۆ ئەوە ئامادە دەكەن لەبەرامبەر كورددا دەنگیان پەرت نەبێت، لە كاتێكدا پێشمەرگە سەر و ماڵی عەرەبی پاراست، خوێنی زۆری بۆ بەرگریكردن لە هەموو ناوچەكانی كەركووك لە شەڕی دژی داعش بەخشی، كەچی دێن ئەو رۆڵەی كورد بە جۆرێكی دی لە بەرژەوەندیی خۆیان بەكاردێنن، بۆ ئەوەی رای گشتیی ناوچەكە و جیهان بەلای خۆیاندا بشكێننەوە، ئەوان بڕیاریان داوە بۆ عەرەب نەك حزب و گرووپ كار بكەن، ئەمەش پێچەوانەی ئاراستەی كاری حزبە كوردییەكانە.
عەرەب بڕیاری داوە یەكبگرێ و كار بۆ ئەوە بكات كەركووك لە دەست خۆیدا بێت، بەپێی دیمەنی سیاسیی ئێستا، پێدەچێت كوردیش هەر لە دوورە لاوك و حەیران بۆ كەركووك بڵێت.
Top