یەکێتی موزایەدە بە مانەوەی لە کەرکوک دەکات
October 17, 2018
وتار و بیروڕا
لە راستیدا مانەوەی یەکێتی لە کەرکوک بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگری خیانەتەکەیە، چونکە لە هیچ وڵات و سەردەمێکدا نەبینراوە و نەبیستراوە، خیانەتکاران لەگەڵ خیانەت لێکراوان رەو بکەن، یان هەمان ئازاری خیانەت لێکراوان بچێژن، ئەوەی بینراوە و بیستراوە خیانەتکاران بە زەلیلی لەگەڵ خیانتە بۆ کراوان ماونەوە و بە فەرمانی ئەوانیش جووڵاونەوە، ئەگەرنا مانەوەیان چ سوودێکی بۆ کورد و کەرکوکیەکان هەبووە؟! ئایا توانیانویانە رێگری بکەن لەوەی سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان و بەهاو رەمز و پیرۆزیە نەتەوەییەکانی کورد نەکرێ؟! ئایا تونیویانە رێگری لە تەعریب و گرتن و ئیهانە کردنی کورد بکەن؟! ئایا ئاڵای کوردستان لەسەر بارەگا و مێزی پێش بەرپرسەکانیان دەبینرێ؟! ئایا توانیویانە رێگری لەو گرتن و رفاندنە بکەن کە حەشدی شەعبی لە کەرکوک بەرامبەر بە کەرکوکیەکان ئەنجامی دەدات؟! ئایا حزبێک بە داگیرکاری و باڵادەستی دوژمنەکەی و زەلیلی خۆی رازی بێت، بۆ مانەوەی موزایەدەی چی بەسەر خەڵکدا دەکات! خۆ ئەگەر مانەوە وەڵام بێ بۆ شۆڕشگێڕی ئەوان و داگیر نەکراوی کەرکوک، لە گەرمەی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و کوردستان مستەشار و جاشەکان رەویان نەکرد و لە شار و شارۆچەکەکانی ژێر دەسەڵاتی بەعس مانەوە، بەڵام کام مانەوە؟! مانەوەیەک کە بە هەموو زوڵم و ستەمێکی بەعس رازی بوون و بەعس چۆن فەرمانی پێ کردبان، دەبووایە وا بکەن و فەرمانەکانی بەعس وەک خۆی جێبەجێ بکەن.
١٦ی ئۆکتۆبەر بە شێوەیەک ئەنجامدەرانی سڕ کردبوو کە دوای بە ئاگا هاتنەوەیان و هەست کردن بە گەورەیی خیانەتەکە، هەر یەکە و بە ئاوازێک وڕێنەی دەکرد، یەک دەیگوت: رێککەوتنمان لەگەڵ حەشدی شەعبی نەکردووە، یەک دەیگوت: بۆ رێککەوتن لەگەڵ حشدی شەعبی و هێنانەوەیان بۆ کەرکوک لە کۆی (٥٠) ئەندامی سەرکردایەتی واژۆی (٣٨) ئەندامی سەرکردایەتیم لایە، یەک دەیگوت: فیشەکمان لێبڕان و چەکی پێویستمان نەبوو، یەک دەیگوت: پاشەکشەمان کرد، یەک دەیگوت: کەرکوک شارێکی عێراقییە و گەڕاوەتەوە باوەشی نیشتیمان، ئیتر هەر یەکە و بە ئاوازێک دەیخوێند.