ساڵێک لە گەورەترین خیانەتی ناوخۆیی تێپەڕی!
October 15, 2018
وتار و بیروڕا
کەرکووک و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە نرخێکی گران گەڕێندرابوونەوە بۆ ئامێزی دایک.. ھەزاران پێشمەرگە و رۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان لە پێناوی ئازادکردنی ئەو ناوچەیانەدا گیانی خۆیان بەخت کرد. مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی کە حوکمڕانانی بەغدا بەردەوام کۆسپیان بۆ دروست دەکرد، بە راماڵینی تیرۆریستانی دڕندەی داعش لە سەر دەستی پێشمەرگە جێبەجێ کرابوو.. ریفاندۆمی سەربەخۆیی بە سەرکەوتوویی ئەنجام درا و نزیکەی ٩٣%ی دەنگەکان بەڵێ بە سەربەخۆیی بوون، بەڵام گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان خەونی گەورەی ھەموو کوردستانییەکیان لە گۆڕنا و گەورترین خیانەتیان بە دەستکەوتەکانی کورد و مێژووی گەلەکەمان کرد.
ساڵێکی تەواو لەو خیانەت و تاوانە گەورەیە تێپەڕی، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتی، بوونەتە برابەش و پێکەوە نەوتی کەکووک دەدزن، ھەموو چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەو گرووپە بۆ دزینی نەوتی کەرکووک شارەکەیان ڕادەستی حەشدی شەعبی کردووتەوە. خەڵکی ئەو ناوچانە پێشتر لەسایەی ھێزەکانی پێشمەرگەدا دەژیان، کەرامەتیان پارێزراو بوو، بەڵام ئێستا لە ژێر سێبەری ئەبو عزرائیل حەسەن پلایس و ھاوشێوەکانیاندا دەژین و رۆژانە سووکایەتی بە کوردستان و ئاڵا و ھێماکانی نەتەوەیی کورد دەکرێت، بۆیە ئەو خیانەتە تا ھەتایە وەک پەڵیەکی رەش بە نێوچەوانی گرووپی خیانەتەوە دەمێنێتەوە.
پێشتر نەوتی چەند کێڵگەیەکی کەرکووک، بە شێوەیەکی فەرمی و لە رێگای حکومەتی ھەرێمەوە ھەناردە دەکرا، پارەی پترۆدۆلاری کەرکووکیش بۆ شارەکە دابین دەکرا، بۆ ئەوەی لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا خەرج بکرێت، بەڵام ئێستا نەوتی شارەکە تاڵان دەکرێت و ھەناردەی ئێران دەکرێت و سوودەکەشی تەنیا بۆ سەرانی حەشدی شەعبی و خیانەتکارانی گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەرە. ئەو خیانەتە گەورەیە لە کاتێکدا ئەنجام دار کە ھەرێمی کوردستان زۆر بەھێز بوو، بۆ گفتوگۆکانیشی لەگەڵ بەغدا دەیتوانی پێگەیەکی زۆر بەھێزتری ھەبێت، بەڵام خیانەتە گەوەرەکە کرا و لە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریشدا جارێکی دیکە خیانەت لە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی کرا و چاوەڕوان دەکرێت یەکێتی لە بری پێداچوونەوە بە خۆیدا خیانەتی دیکەش لە کورد و دەنگی کوردستانییان بکات. ھیوادارم ئەمە روونەدات و یەکێتی بەپەلە خۆی ساغ بکاتەوە و واز لە وتاری عێراقی بھێنێت و مل بە خواستەکانی گەل بدات.