کاتی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیک بۆتەوە، بە شێوەیەک بەو کاتەی داندراوە کەمتر لە دوومانگی ماوە، وەک دیارە دۆخی ئێستای کەرکووک زێدە ھەستیارە بە شێوەیەک لە لێواری لە دەستدانی یەک جارەکیدایە، ئەو ئەجێندا ئەقلیمی و جیھانییەی ئێستا بەسەر کەرکووکەوەیە تەنھا یەکگرتوویمان دەیشکێنێت، ئێمە لە جەنگ بووینەوە ئێستا تاکە ڕێگە بۆ بە بەدست ھێنانەوەی کەرکووک سەرمێز و ڕێگەی سیاسییە، لە کاتێکدا وادەی ھەڵبژاردن نزیکە و دەبینین کەلێنکێ گەورە لە نێو ماڵی کورد دا بوونی ھەیە، بە شێویەک لە کاتی خوێندنەوە و تێڕامانی بارودۆخەکە ھەمووان بێ ھیوات دەکات، بۆ ئەمەش تەنیا ڕێگە یەکگرتنەوەو ھەڵدانەوای پەڕەیەکی نوێیە، ئەمە چۆن دەکرێت! زۆر ئاسان نییە بەڵام مەحاڵش نییە، وەک دیارە کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بە گوێرەی ژمارەی دانشتوانی شار دەبێت بۆ ھەر ملیۆنێک ١٢ کورسی و یەک کورسیش کۆتا ١٣ کورسی. بە شێویەکی گشتی لەو نزیکانە پرۆسەی ھەڵبژاردن دەست پێدەکات، ئەگەر ئەزمونێک وەرگرین لە ھەڵبژاردنی ١٢ ی ئایاری ئەمساڵ دەبینین ی.ن.ک شەش کورسی ھێنا ئەمە لەکاتێکدا بوو پ.د.ک بەشدار نەبوو کە خاوەنی دوو کورسییە، بەداخەوە بە ھۆی تێکچوونی نێو ماڵی کورد دەنگێکی زۆر لە کەرکووک بە فیڕۆ چوو، بۆ نموونە یەکگرتوو چەند ھەزارێک ھاوپەیمانیەکەی گۆڕان و د.بەرھەم چەند ھەزارێک کاکە حەمەی حاجی محمود چەند ھەزارێک جولانەوی نەوەی نوێ.. گەر ھەموو یەک بووینایە و پارتی بەشدار بووایە ٩ بــۆ ١٠ کورسی دەبوو بە ھی ئێمە، ھێندەی ھێنانی دەنگ لە کەرکووک بۆ کورد گرنگە کورسییەکانی پەرلەمانی بەغدا ئەوەندە گرنگ نییە، چونکە ئێمە بەو ڕاستییە تاڵەی کە پێمان دەوترێت کەمینە و لە نێو خۆماندا یەک نین لە پەرلەمانی بەغدا پشت گوێ خراوین . ئێستا ئەو ٩ بـــۆ ١٠ کورسییە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک زۆر پێویست بوو ھەمان بێت، لەم دۆخەی ئەمڕۆی کوردستان تاکە ڕێگەی یاسایی و سیاسی و ژیرانەیە . بۆیە پێویست لە کەرکووک بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا ئەگەر بکرێت ! بە یەک لیست دابەزین تاکو بتوانین پارێزگارێکی یاسایی و شیاو بۆ کەرکووک دابنێین، لە ڕێگەیەوە کار بکات بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە. بیرمان بێت بەڕێز دکتۆر محەمەد خورشیدەوە بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان ھاتە سەرشاشەو ڕایگەیاند ″خواست و نیەتی پارتی دابەزینە بە یەک لیست لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک″ . ھیوادارین ھەموو ئەحزابە کوردییەکانی تر ھاوشێوەی پارتی بە گیانێکی کوردانەوە لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەکەمان بێن و بە یەک لیست بەشدار بین لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا. ھەڵبەت لە کاتێکدا ئەگەر ھەڵبژاردن بکرێت.