بۆمبە تەوقیت کراوەکە و دوگمەی ١٦ی ئەکتۆبەر

بۆمبە تەوقیت کراوەکە و دوگمەی ١٦ی ئەکتۆبەر
بەغدا وەک پایتەختی عرووبە نە لە ئێستا و نە لە رابردوودا چاوی بە سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی کورد هەڵنەهاتووە و لە داهاتووشدا هەمان هەڵوێستی دەبێ، سەرکەوتن و دەستکەوتەکانی کوردیش وایکرد بە نەخشە و پلانی پێشوەختە و بە چەند قۆناغێک لە رێگای دەستە و گرووپە عێرقچیەکانی کوردستانەوە سنوورێک بۆ دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی کورد دابنێ، لە قۆناغی یەکەمدا بە پێی نەخشەیەک کە بەرپرسێکی ناو لایەنێکی کوردی بۆی کێشابوو مووچەی فەرمانبەران و بودجەی حکومەتی هەرێمی بڕی، لە رێگەی عێرااقچیەکانیش کەوتە ئاژاوە نانەوە و هەڵکوتانەسەر و سوتاندنی بارەگاکانی پارتی، دواتر بۆ لاواز کردنی پێگەی کورد کاری لەسەر ئەوە کرد لە بەغدا پاکتاوی پارتی بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دووبارە کەڵکی لە فراکسیۆنە کوردیەکانی وەک گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی وەرگرت و وەک دەیویست پارتی لە بەغدا پاکتاو کرد، دوای ئەوە هەر ئەو فراکسیۆنانە بە کودەتاکەی ٢٣ی حوزەرانی ناو پەرلەمانی کوردستان هەستان، دوای ئەوانەش لە پەرلەمانی عێراق میلیشیای حەشدی شەعبیان بە یاسایی کردو مووچە و مافە دەستوورەکانی پێشمەرگەشیان خستە ژێر رەحمەتی حکومەتی عێراق.
تا ژیانی خەڵکی کوردستان سەختتر دەبوو خواستی عێراقیچێتی ئەو لایەنانەش هەڵدەکشا، تا وای لێهات هەموو داخوازیە سیاسیەکانیان لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و دەوروبەری کۆ کردنەوە و بە شانازیشەوە باسیان لەو هەوڵەی خۆیان دەکرد، ئەوەش پیلانێک بوو بۆ ئەوەی قەوارەی حکومەتی هەرێم نەهڵن و بە لاوازی فدراڵی پارێزگاکان بچەنەوە بەر دەرگای بەغدای عرووبە، هەموو ئەو رووداوە خیانەتکارانەو زۆر رووداوی تریش بەر لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون.
شەڕی داعش و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە و شکست و ئابڕوو چوونی سوپای عێراق ئەوەندەی تر کوردی لە دوا سەرکەوتن و گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی نزیک کردەوە، ئەوەش وایکرد بەغدا دوا بۆمبە تەوقیت کراوەکەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری پارساڵدا بە رووی سەربەخۆخوازانی کورددا بتەقێنێتەوە و کەرکوک و ناوچەکانی تر بخاتەوە ژێر هەژموونی عەرەبگەرایی خۆی.
هەموو پاکانەی خیانەتکاران بۆ خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر ریفرادۆمە و دەڵێن: ئەگەر ریفراندۆم نەکرابا ئەوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر رووی نەدەدا و رووداوی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاردانەوەی ریفراندۆم بوو، جا ئەگەر گەڕانەوە بۆ دەنگ و بڕیاری خەڵکی کوردستان بیانوو بێ بۆ خیانەت کردن، ئەوا تا کورد مابێ بیانووی خیانەت کردن رۆژانە لەبەر دەستی خیانەتکاراندا دەبێ، کێشە لەوەدا نییە بەو خیانەتە نیوەی کوردستانیان بە داگیر کردن دایەوە، کێشەی گەورە لەوەدایە خیانەتیان حەڵاڵ کردووە و خیانەتیش وەک شۆڕشگێڕی و وڵاتپارێزی بە شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزان دەفرۆشنەوە.
Top