عێراق مانه‌وه‌ له‌ نێو ئاژاوه‌یی دا یا بۆلێواری هه‌ڵدێران

عێراق   مانه‌وه‌ له‌ نێو ئاژاوه‌یی دا یا بۆلێواری هه‌ڵدێران
سه‌رۆككۆماری تازه‌ ، سه‌رۆككۆماری پێشوی به‌رێكردو له‌سه‌رئه‌وكوردسییه‌ی ساڵانێكه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینی دانیشت .
پیرۆزباییه‌كانی دۆگڵاس سلێمانی بایلۆزو برێت مه‌گۆركی له‌مه‌ڕ خۆمانی باران نه‌دیته‌ی نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكی بۆشه‌ڕی داعش ، پێناچێ نیگه‌رانیی و مه‌ترسییه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و كۆنگرێسی ئه‌مریكی له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆماری تازه‌ بڕه‌وێنێته‌وه‌و ئه‌ركی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراویش بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی تایفه‌گه‌رایی و پشكپشكێنه‌ی پڕله‌ ئاشوبی كوشنده‌ی رووچوو به‌ به‌شاده‌ماری مێژووی كۆن و نوێی ئه‌و عێراقه‌ی كه‌ عه‌ره‌به‌كان به‌ ( بلد نفاق ) ناوی ده‌به‌ن، وا ئاسان بێته‌ به‌رچاو.
له‌ به‌غدای(دادی .. باغی ئه‌م و ئه‌و) ی نێو گێژاوی ئاژاوه‌یی رێكخراوو دروستكراو دا،دیمه‌نه‌كان وا خۆیان ده‌نوێنن ، هێشتا ته‌پووتۆزی نێو هۆڵی
په‌رله‌مانی شه‌وی 2ی ئۆكتۆبه‌ری به‌غدا نه‌نیشتۆته‌وه‌سه‌ره‌داوه‌كان له‌ ئه‌مریكا به‌دیار كه‌وتن. ماركۆ رۆبییۆی كۆنگرێسمانی كۆمارییه‌كان پێشتر پاڵێوراوبوو بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا دیمه‌نه‌كانی ئه‌و شه‌وه‌ی په‌رله‌مانی به‌غدا واهه‌ڵده‌سه‌نگێنێ:
:- ئه‌وگۆڕانكارییانه‌ی له‌وێ روویاندا ، ئاسایی نین و كێشه‌ی مه‌زن ده‌نێته‌وه‌ . ماركۆ له‌ درێژه‌ی نووسینه‌كه‌ی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ (هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری تازه‌ به‌كاریگه‌ری و فشاری ئێران ) بووه‌ .
دوابه‌دوای ئه‌م تویته وجریوه‌یه‌ی ماركۆ رۆبییۆ، مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی دا راشكاوانه‌ به‌ میدیاكارانی گوت :
:- هیوادارم حكوومه‌تێك دروست بێت بیر له‌ داهاتووی گه‌له‌كه‌ی بكاته‌وه‌وله‌ ئێران دوور بكه‌وێته‌وه‌ ، حكوومه‌تێك بێ دوور له‌ كۆنتڕۆڵ وهه‌ژموونی ئێران ) .
له‌ كاتێكدا گرژییه‌كانی ئێران و ئه‌مریكا له‌ په‌ره‌سه‌ندن دان و رۆژانه‌ باری ناوخۆ و ئابووری ئێران گرفتی زیاتری تێده‌كه‌وێ و وه‌ك به‌رپرسانی ئێرانیش پێشبینی ده‌كه‌ن ،داڕمانی زیاتری باری ئابووری ودراوی خۆیانه‌ له‌ به‌رامبه‌ردۆلاردا،جا ده‌بێ ئه‌وده‌رهاویشته‌یه‌ ، چ لێككه‌وته‌یه‌ك بۆ به‌غداوحكوومه‌تی تازه‌ بنێته‌ كایه‌وه‌ ، كه‌ به‌غدا و عێراق بۆ ئێرانییه‌كان بازاری هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نی دۆلاری ئه‌مریكی بن و عێراقیش ،كه‌مه‌حكوومی به‌رژوه‌ندی كۆمپانیاكان بێ به‌ هی به‌ریتانییه‌كانیشه‌وه‌ به‌تایبه‌تیش له‌ بواری ووزه‌داله‌ كێبركێ و ململانێ دابن چ له‌ كوردستاندا چ له‌ عێراقدا ، نه‌وتی كه‌ركووكیش، پشكی شێری ئه‌و ململانێی و كێبركێییه‌ی بێ ، هه‌روه‌ك سالی پار دوای 16 ی ئۆكتۆبه‌ر، هێشتا دووكه‌ڵی لووله‌ تۆپه‌كانی به‌غدا نه‌نیشتبۆوه‌ بینیمان چۆن كۆمپانیای بریتش ئۆیه‌ڵی به‌ریتانی خۆی گه‌یانده‌وه‌ كێلگه‌ نه‌وتییه‌كانی شاری كه‌ركووك .ئه‌مه‌ دیوێكی هاوكێشه‌كه‌یه‌ .
دیوه‌كه‌ی تری هاوكێشه‌كه‌ش خۆپی له‌وه‌داده‌بینێته‌وه‌ كه‌ ئه‌م حكوومه‌ته‌ تازه‌یه‌ی 2ی ئۆكتۆبه‌ی به‌غدا ده‌بێ چۆن چۆنی مایایه‌ پوچكردنی به‌رژه‌وندی وهه‌ژموونه‌كانی ئێرانی له‌ عێراقدا له‌به‌رچاوبگرێ و له‌ به‌رنامه‌ی دابێ..؟ یا به‌ ملیم له‌خواستی هه‌رسێ لا ( به‌ریتانیا ، ئه‌مریكا ، ئێران ) لانه‌دا وهاوسه‌نگی نێوانیان راگرێ و چاوی له‌ یاریزانه‌ تازه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی گۆره‌پانی سووریایش بێ ،كه‌ رووسیای پوتینه‌ ودراوسێییه‌كه‌ی باكوریشی توركیایه‌ فه‌رامۆش نه‌كات .
له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ئه‌دی ستراتیژییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستان به‌چی ده‌گا .. ؟؟ .. خواستی گه‌لی كوردستان و قوربانییه‌كانی بۆگه‌یشتن به ئامانجه‌كانی وه‌كوجارانی پێشووبه‌ ئاین و ئۆینێ پشتگوێ ده‌خرێ و پێشێڵ ده‌‌كرێت..؟ یا هه‌ر له‌ نێو بازنه‌ی ئاژاوه‌ رێكخراوه‌ییه‌كه‌دا تا ئاستی پوكانه‌وه‌، له‌ خولانه‌وه‌ دا ده‌بێ ..؟
له‌ كاتێكدا ململانێ وتێروانینی كۆنگرێسمانی كۆماری ودیموكراتییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ئێران و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌كانی عێراقی نێوئه‌و گێژاوه‌ی سیاسییه‌ی كه‌ به‌ (ئاژاوه‌ی رێكخراوه‌یی- یا دروستكراوی) ئه‌مریكی ته‌نراوه‌ .ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌تازه‌یه‌ی ئه‌مركایه‌ كه‌ له‌ساڵی 2001 یه‌وه‌ بۆته‌ كۆڵه‌گه‌ی سه‌ره‌كی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاو و له‌ ساڵی 2005 جۆرج بۆشی كوڕ به‌ هۆی كۆنده‌لیزاڕایس له‌ عێراق به‌ناوی پشك پشكێنه‌ی سه‌رۆككۆمار بۆ كوردو سه‌رۆك په‌رله‌مان بۆ عه‌ره‌بی سونه‌ و سه‌رۆك وه‌زیران بۆ عه‌ره‌بی شیعه‌ پیاده‌ی كردووه‌ وبه‌ گۆڕینی روخساری دیموكرات و كۆمارییه‌كان ، نه‌گۆڕه‌و ناگۆڕێت و تائێستایش درێژه‌ی هه‌یه‌ و
وه‌ك ده‌بینرێت چڕه‌ دووكه‌ڵی شه‌وی 2ی ئۆكتۆبه‌ری نێو هۆڵی په‌رله‌مانی عێراق پراكتیزه‌كردنه‌وه‌یه‌تی، به‌تازه‌ترین فۆرمی سیاسی پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق و به‌هێزكردنی سه‌نته‌ری حوكمڕانی له‌ به‌غدا و له‌ ئه‌گه‌ریوه‌لانانی سه‌ربه‌خۆخوازان و ریفڕاندۆمكارانی كوردستانیش بارودۆخه‌كه‌ به‌چی ده‌گات ؟
سه‌رباری ئه‌وهه‌موو بگره‌وبه‌رده‌ ده‌ره‌كییه‌ی عێراقی تێوه‌ گڵاوه‌ ، هێشتا نازانرێت حكوومه‌تی تازه‌ خۆی به‌ میراتگری كاره‌ساته‌كانی شه‌ری داعش ده‌زانێ ؟ و پرسی كه‌وتنی مووسڵ و سپایكه‌رو هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان په‌رده‌ پۆش ده‌كرێت یا له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ به‌قه‌یرانی دیكه‌ی پێشبینی نه‌كراو ده‌سپێردرێت..؟
پرسیاری گرنگ لێره‌دا خۆی له‌وه‌ ده‌بینێته‌وه‌ :
ئایاوڵاتی به‌ناو عێراق هه‌ر له‌ نێو بازنه‌ی ئاژاوه‌ی رێكخراوه‌یی دروستكراودا چه‌ق به‌ستووده‌مێنێته‌وه‌..؟ یا به‌ره‌و لێواری هه‌ڵدێران وكه‌وتنی یه‌كجاره‌كی هه‌نگاو ده‌نێ .. ؟یا پێچه‌وانه‌یی وه‌ڵامه‌ راسته‌كه‌یه‌تی ..؟
Top