دەستکەوتەکانی ریفراندۆم لە ماوەی یەک ساڵدا:

دەستکەوتەکانی ریفراندۆم لە ماوەی یەک ساڵدا:
ھەمووان دەزانین کە ریفراندۆمەکەی (۲٥/۹/۲٠۱۷)ی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی یەکێک بوو لە رووداوە گرنگ ومێژووییەکانی نەک ھەر لە سەر ئاستی ھەرێمی، بەڵکو لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و جیھانیش، بە دەر لە چەواشەکاریی ھەندێک حزب و لایەن لەبەر ئەوەی شەرەفی بەشداریکردنیان لەو پرۆسە مێژوویی و نەتەوەییەدا بەخۆ رەوا نەبینی، کە بەردەوام تانە و توانجی بێ بنەمایان گرتە ریفراندۆم و بەردەوامیشن، ئەگەر بە ویژدانەوە تەماشا بکەین، دەبینین ریفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان چەندین دەستکەوتی زۆر مەزنی بەدوای خۆیدا ھێنا، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
۱. ئەگەر لە بیرخۆمانی نەبەینەوە، لای ھەمووان ئاشکرایە کە بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی تەنگی پێ ھەڵچنی بوو بەر لە سێ ساڵ لە ئەنجامدانی ریفراندۆم و بەغدا قوت و مووچەی خەڵکی کورستانی بڕیبوو، ھەروەھا ھیچ حیسابێکی بۆ ھەرێمی کوردستان نەدەکرد، ریفراندۆمەکەی کوردستان ئەو تەلیسمەی شکاند و کردیە کارێک کە کێشەی نەناردنی بودجە لە لایەن بەغداوە ببێتە بابەتێک کە دەوڵەتە کاریگەرەکانی دونیا بێنەجواب و داوای جێبەجێکردنی دەقەکانی دەستوور بکەن لە بەغدا.
۲. ھەرێمی کوردستان ریفراندۆمەکەی ئەنجامدا وەک وەڵامدانەوەیەکی ئاشتییانەی پێشێلکردنی دەقەکانی دەستوور لە لایەن بەغداوە کە بۆ جیھانی سەلماند، میللەتی کورد ئاشنایە بە رێگەچارە ئاشتییانە وپێشکەوتووخوازەکان.
۳ . ریفراندۆمەکەی پارساڵی ھەرێم سەنگ و پێگەی ھەرێمی کوردستانی بۆ خودی ھەرێم و بەغدا و وڵاتانی ناوچەکەکە دەرخست، کە سەرەڕای پەنجەبردن بۆ بابەتێکی ھەژێنەری وەک سەربەخۆیی، نەدەکرا دەست لە ھەرێمی کوردستان ھەڵبگرن، ئەوە بوو دەوڵەتی تورکیا بۆ یەک رۆژیش سنووری لەسەر ھەرێمی کوردستان دانەخست ودەوڵەوتی ئێرانیش بە نیوەناچڵی لەبەر ئەو فشارە زۆرەی عێراق بەشێک لە سنوورەکەی داخست، بە شێوەیەک کە کاریگەرییەکی سنوورداری لەسەر ھەرێمی کوردستان ھەبوو.
٤. لەسەر ئاستی ناوخۆ ریفراندۆم ئەو باڵە ناپاکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئاشکرا کرد، کە ھەمیشە لەمپەر بووە لە بەردەم ئاشتەوایی نێوان دوو پارتە سەرەکییەکەی ھەرێمی کوردستان، ئەمەش بووە ھۆی سەرلەنوێ بووژاندنەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی لە نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی و گەڕانەوە بۆ بەغدا بە بەرنامەیەکی ھاوبەش.
٥ . کاتی بڕیاردان لە سەر ریفراندۆم ھەلێکی زێڕین بوو بۆ ھەرێمی کوردستان، چونکە لەو سەروبەندەدا ناوبانگ و پێگەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە باشترین بارودۆخدا بوو وەک ھێزێکی بەجەرگ وجوامێر کە دژی تیرۆرستانی داعش دەجەنگا.
٦. ریفراندۆم سەنگ و پێگەی ھەرێمی کوردستانی لە سەرئاستی ھەرێمی و جیھانی بەھێز کردو بۆ دوست و دوژمنی سەلماند کە خەڵکی کوردستان خاوەنی ئیرادە و بڕیاری خۆیەتی.
۷. ئەنجامدانی ریفراندۆم لە سەروبەندێکدا بوو کە کۆمەڵگەی کوردەواری گەیشتبووە ئەوپەڕی پەرتەوازەیی و لێکترازان بەھۆی سەرھەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێکی ناتەندروست کە لاقێکی لە نێو دەسەڵات بوو، لاقەکەی دیکەی ئۆپۆزسیۆن بوو، بەڵام ریفراندۆم ئەو خاڵە ھاوبەشە بوو کە زۆربەی جیاوازییەکانی کۆکردەوەو (٩٣.٧%)ی دەنگدەران دەنگیان بە "بەڵێ" بۆ سەربەخۆیی دا.
۸ . ریفراندۆمەکەی کوردستان وەڵامدانەوەیەکی ئاشتییانەی جێبەجێنەکردنی دەقەکانی دەستووری عێراق بوو، بەپێچەوانەی پێکھاتەی سوننە لە عێراق کە بە شێوەی توندوتیژی وەڵامی ئەو پێشێلکارییە دەستوورییانەیان دایەوە، ئەم دوو کاردانەوەیە، کردیە کارێک لای ھەموان روون بێت، بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی عێراق کە جێبەجێکردنی دەقەکانی دەستوور زامنی مانەوەی عێراقە بەو شێوەیەی ئێستای و بەپێچەوانەشەوە واتە جێبەجێنەکردنی دەقە دەستوورییەکان، یەکپارچەیی عێراق دەخاتە بەردەم مەترسییەکی راستەقینە.
۹. ریفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستان بەرچاوڕوونیەکی گەورەی لێ سەوز بوو، سەبارەت بە رای ناوچە دابڕێنراوەکان لە ھەرێمی کوردستان کە لە مادەی (۱٤٠)ی دەستووری عێراقی ئاماژەیان پێ کراوە، بە جۆرێک کە زۆربەی دانیشتووانی ئەو دەڤەرانە لەگەڵ لکاندنیانن بە ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەمانە و چەندین خاڵی ئەرێنی و بەھێز وایان لە رۆژی ۲٥/۹/۲٠۱۸ کرد، کە کوردستانیان ھەتا ماون شانازی پێوە بکەن.
ساڵیادی ریفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بۆ سەربەخۆیی بەرز وپیرۆز بێت.
Top