بەرەو سەرکەوتنی گەورەتر ..
September 22, 2018
وتار و بیروڕا
پێویستە لەسەر تەواوی ھاوڵاتیان و دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستان لە جیاتی جارێک دە جار بیربکەنەوە کە دەنگ بە کێ دەدەن، چونکە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان زۆر بابەتی پەیوەست بە سیستمی حکومڕانی و بەڕێوەبردن پەیوەست بە ژیانی ھاوڵاتیان یەکلایی دەکرێنەوە و دەستووری ھەرێم دەنووسرێتەوە، ڕوونیشە کە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان نایەنەوێت خەڵکی کوردستان بەشداربێت لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم و دەیانەوێت ئەو مافەیان لێ زەوت بکەن بیدەن بە پەرلەمانتاران و ھەرێمی کوردستانیش وەک عێراق سیستمێکی پەرلەمانی بێت، کە تیایدا بواری گەندەڵی زۆر دەڕەخسێت بۆ بەرپرسان. پەرلەمان دەبێتە مەیدانی کڕین و فرۆشتنی پۆستەکانی ھەرێم ھەروەک بینیمان پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ٣٠ ملیۆن دۆلار کڕدرا .
پێویستە لەسەر سندوقەکانی دەنگدان بیر لە ڕۆژە سەختەکانی ساڵی ڕابردوو بکەینەوە کە چۆن ھەموو لایەنەکان تەسلیمی ئەمری واقعێک بوون کە خیانەت و خۆفرۆشی باڵێکی یەکێتی درووستی کرد بەڵام پارتیمان بە ڕابەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی و خۆڕاگری پێشمەرگە سەربەرز و ھەڵۆ ئاساکانی پارتی ئەو پێشمەرگە گیان لەسەردەستانەی لەژێر ئاگر و ئاسن دا گۆرانییان دەوت و ھاواریان دەکرد خۆنەچەمینن، ئەو ئەمری واقعەی تەفروتوناکرد و کردیشی بە پەڵەیەکی ڕەش بە نێوچەوانی ئەنجامدەرانی و کردنی بە ڕەمزی ( خیانەت و خاکفرۆشی لە پێناوی "ھیچ") .
ئەو قەوارەیەی کە ئەمڕۆ لایەنەکانی تر بە ئارامی پرۆسەی بانگەشەی ھەڵبژاردنی تێدا دەکەن و بانگەشەی گۆڕینی بۆ باشتر دەکەن ئەوە ئێمە بووین لە ساڵی ١٩٩١ داوای ھەڵبژاردنمان کرد لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕییەوە بردمان بەرەو ھەرێمێکی یاسایی و دەنگی گەلمان کردە سەرچاوەی ھەموو یاساکان و بنیاتمان نا، بەخوێنی ڕۆڵەکانمان پاراستمان و لە داھاتووشدا دەیپارێزین .