پارتی رێبازی نیشتیمانپەروەری و كوردایەتییە وخزمەتكاری میللەتە ..

پارتی رێبازی نیشتیمانپەروەری و كوردایەتییە وخزمەتكاری  میللەتە ..
رێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بۆ ئەوە بوو تا تاكی كورد هەست بە ئازادی و سەربەستی بكات و لە ژێر دەستی و پاشكۆ بوون رزگاری بێ . هەروەها لە پێناو گەل و نیشتیمانەكەی تێبكۆشێ و خزمەتكاری گەلی و نیشتمانەكەی بێ .پارتی دیموكراتی كوردستان بە زیاتر لە حەوت دەیە خەبات دەنگی رزگاریخوازی و سەربەخۆیی خوازی گەلی كوردی بە جیهان گەیاند و هەموو كورد بووە یەك و دژی ستەم و زۆرداری عێراق وەستایەوە، ئێستایش بوونی پارتی پێویستییەكی گرنگە، چونكە تەنیا پارتی خەبات دەكات لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانی، لەو پێناوەشدا ئامادەیی هەموو قوربانی دانێكە، پارتی هیچ كاتێك مساومەی لەسەر بستێك خاكی كوردستانی نەكردووە و ناش كات، پارتی چەند بەهێز بێت كوردستان ئەوەندە بەهێز دەبێت.بە دڵنییایەوە لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی گەلی كورد لەهەر چوار پارچەی كوردستان بە هیواو ئۆمێدەكانی خۆیان دەگەن و كوردستان لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی دەبێتە دەوڵەت،پارتی بۆتە چەقی قۆرسای كۆكردنەوەی كۆدەنگی و یەكگوتاری لە هەرێمی كوردستان، بەوەی كە حزبی سەرەكییە لە هەرێمی كوردستان، هەر ئەویش بۆتە چەقی قۆرسای كۆكردنەوەی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان، هەر بۆیە پارتی لە هەموو حزبەكانی دیكە بە پەرۆشترە بۆ گەیشتنی تاكی كورد بە مافەكانی خۆی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو حزبەوە تا ئەمڕۆ كار بۆ ئەوە دەكات كە كوردستان ڕۆژێك لە رۆژان ببێتە دەوڵەت، ئێستا كە پارتی حزبی یەكەمە لە كوردستان، بە تەئكید ئەركە قۆرسەكە دەكەوێتە سەر شانی پارتی، بۆیە پێویستە تا بكرێت هەوڵ بدرێت ناو ماڵی كوردی ڕێك بخرێتەوە. پارتی دیموكراتی كوردستان لە رووی نەتەوەیی گرەوی لە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان بردووەتەوە، هەمیشە خەونی پارتی سەربەخۆیی بووە، پارتی بوو كوردی بە جیهان ناساند، تاكو ئێستاش ڕێڕە و ڕێبازەكەی بەردەوامە، ئێستاش داكۆكی دەكات لە ئامانج و خەونەكانی میللەتی كورد، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی سیاسی، جەماوەری و شۆڕشگێڕ بۆ داكۆكیكردن لە مافی نەتەوەیەك كە نەتەوەی كوردە هاتە ئاراوە، ئامانجی پارتی كوردایەتی و ڕزگاركردنی كوردستان بووە، لە سایەی خەبات و سیاسەتیی پارتی، گەلی كورد گەیشت بە مافەكانی خۆی و بە تەنیا خۆ بەڕێوەدەبات. پارتی بڕوای بە یەكڕیزی و یەكگرتنی نەتەوەی كورد هەیە، ئێستا ئەو فەزاییەی كە لە كوردستان بە ناوی دیموكراسی دروست بووە، پارتی هەر لە سەرەتا دامەزراندنی هەوڵی ئەوەی داوە، بۆیە پارتی زیاتر لە هەموو حزبەكانی دیكە ئاساییشی نەتەوەی دەكەوێتە سەر شانی، چونكە پارتی خۆی گرێداوە بە نەتەوەی كورد، لەگەڵ ئەوەی پارتی لە سەر زەرورەتێكی نەتەوەی دروست بووە، یەكێك بووە لە پێویستییەكانی مێژوو توانیوەتی هەموو ئاییدیەكان لە ژێر چەترێكدا كۆ بكاتەوە، ئەویش چەتری پاراستنی نیشتمان و نەتەوەییە، هەروەها لە ڕووی بەرپرسیارەتییەوە، هەموو بەرپرسیارێتیێكی لە ئەستۆیە، چونكە پارتی خۆی بە خاوەنی گەلەكەی دەزانێت و لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش حساب بۆ پارتی دەكرێت، چونكە خاوەن هەمیشە لە پێناو و خاوەن ستراتیژی سەربەخۆیی كوردستانە..شۆرشی یەك لە دوای یەكەكانی كورد، بە دروست بوونی پارتی بەربڵاوترین شۆڕش لە ئاستی كوردستان بەرپابوو، كە نێونرا شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانی باوك، بۆیە ڕێبازەكەی بارزانی نەمر و پارتییەكەی ھەردەم وەك گەورەترین پارتی كوردستانی مەزن دەبینرێن، سەرەڕای دروست كردنی چەندین بەربەست، پارتی و ڕێبازەكەی بارزانی باوك، توانیان سێ چارەگە سەدە بەردەوام لە كۆڵ نەدان و خەباتدابن، پارتی لەگەڵ ھەموو سەردەمەكان توانیویەتی خۆی بگونجێنێ قۆناغ لە دوای قۆناغ سەردەمی شاخ و شار و ئاوەدانكردنەوەی تێكەڵ بە ھەوێنی یەكدی كرد، بۆیە پارتی توانیویەتی خۆ گونجاندنێكی زیرەكانە لە سەردەمە یەك لە دوای یەكەكان بكات. ئیدی پارتی و پێشەواكەی بارزانی نەمر، بوونە ڕۆحی دروست بوونی كوردستان و كێشانی ڕۆحی داگیركەران ئیدی شۆڕش لە دوای شۆڕش بەرپاكرا بۆ ئەو خەونە لە مێژینەیی وڵات. دوژمن ھەتا ئێستاش لە ھەوڵی لە گۆڕنانی ئەو خەونەیە، بەڵام بە بوونی پارتی و سەرۆكەكەی كە درێژەپێدەری ڕێبازی بارزانی نەمرە لە جێی خەون واقعی دروست بوونی وڵاتێكی كوردی بەدی دێت لە ئایندەدا، ھەمیشە پارتی حزبێكە ھەوێنی ئومێدی گەلێكی بێ كیانی سیاسیە و داینەمۆی ئومێدی نەتەوەیەكی سەربەخۆخوازە.پارتی توانیەیەتی یەكەم و سەرلەشكری كورد و ھەڵگری ئاڵای كورد و دروست بوونی ناسنامەی كوردایەتی ببێت، ھەر بۆیە میللەتی كورد بە بوونی پارتی دڵ خۆش و ئاسودە دەڕواننە گشت كایەكانی خۆشگوزەرانی وڵات، بۆیە ھەمیشە پارتی و ڕێبازی بارزانی زەرورەتێكی مێژوین بۆ خاك و نیشتیمان ئەوەش بە كردەوە سەڵمێنراوە ..بۆیە دەبێ ئەوانەی تا ئێستا لە پارتی وەك رێبازی كوردایەتیی و نیشتیمانپەروەری تێنەگەیشتوون باش بزانن كە ئەو رێباز و قوتابخانەیە بۆ خزمەتكاری گەل و نیشتیمان و لە پێناو شكۆ وشانازیی تاكی كورد بونیاتنراوە و دەبێ هەموومان بەم شێوەیە بیربكەینەوە كە خزمەتكاری میللەتەكەمان بین نەك بەرژوەندی شەخسی و حزبی ..
Top