عاشق بوون

عاشق بوون
ئێمەی کورد زۆر جاران شتە پێچەوانەکان تێکەڵ دەکەین، ئەوەتا زۆر کەس و لایەن خیانەت بە خەبات و شۆڕشگێڕی تێگەیشتوون، وڵاتفرۆشیان لە شوێنی وڵاتپارێزی داناوە و موزایەدەشی پێوە دەکەن، سەربەخۆیی رەتدەکەنەوە و شانازی بە ژێردەستەییەوە دەکەن.
وەک هەموو شتەکانی تر بە هەڵە لە عاشق بوونیش حاڵی بووین و پێمانوایە عاشق بوون تەنها لە نێوان کوڕ و کچدا روو دەدات، بەڵام لەم سەردەمەداعاشق بوون زۆر جۆر و شێوازی هەیە، کەسان هەن عاشقی خیانەت و وڵاتفرۆشی بوون، ئەگەر رێی خیانەت و وڵاتفرۆشیان لێبگری وا دەزانن (لەیلا)ت لێ زەوت کردوون.
کەسانی واش هەن عاشقی دزی و گەندەڵی بوون، سرووشتی داڵە کەرخۆرەیان گرتووە و بەردەوام بە دوای لاکی گەنیودا دەگەڕێن، لە قسە و وتاریشدا زمانیان نیومەتر درێژە، هەشە عاشقی جنێوفرۆشی و تۆمەت هەڵبەستن بووە، گەر کەسی دەست نەکەوت جێوی پێبدات، جنێو بە جنێوفرۆشەکەی تەنیشتی دەدات، کەسی واش هەیە عاشقی درۆ و خەونی درۆیین بووە، هەر کاتێ درۆی سەر زەوی لێبڕان لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە خوا تێنێتە خوارێ و بەدەم وردە پیاسەوە دەیدوێنێ، زۆر کەسیش هەن عاشقی جاسووسی کردن و پەیوەندی ژێربەژێر بوون لەگەڵ دوژمنان و داگیرکارانی وڵاتەکانیان.
کەسانی تر هەن عاشقی سەربەخۆیی کوردستان بوون، لە پێناو گەیشتن بە مەعشوقەکەیان ئامادەی مردن و گیان بەخشینن، چۆن فەرهاد وێنەی (شیرین)ی لەسەر کێوی بێستون هەڵدەقەند، ئەوانیش رۆژانە وێنەی سەربەخۆیی لەسەر کێوی دڵیان هەڵدەقەنن، لە بەرامبەر ئەوانەشدا کەسانی تر هەن عاشقی ژێردەستەیی و ژیانی زەلیلی بوون، ئەگەر بە خەونیش سەربەخۆییان پیشان بدەی ئێڵنجیان دێنێ و دەڕشێنەوە.
Top