ئەوان و ئێمە

ئەوان و ئێمە
هیچ کوردێکی خاوەن هزری کوردایەتی نییە چەندین جار لە خۆی نەپرسیبێ: بۆچی تورک و فارس و عەرەب خاوەن دەوڵەتن و ئێمەی کورد نەبووینە خاوەن دەوڵەتی خۆمان؟ بە دەوڵەتبوونی ئەوان و بێ دەوڵەتی ئێمە زیاتر لە هۆکارێکی هەیە و بە پێویستی دەزانم لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان بۆ بکەم.
١ــ ئەوان تا ئەو شوێنە ئیسلامیان قبوڵ بووە کە توانیبێتیان خزمەتی مەرامە شۆڤێنیەکانی خۆیانی پێبکەن، لە کوێش پێویستی کردبێ کوشتنی کوردیان پێ حەڵاڵ کردووە و کاری تیرۆریستیشیان پێ بە جیهاد و جەنگان لە پێناو سەرکەوتنی بەرنامەی خوادا ناساندووە، ئێمەی کوردیش تا ئەو شوێنە کوردایەتیمان قبوڵ بووە کە تورک و فارس و عەرەب تەکفیریان نەکردبین و بە ئیسرائیلی دووەم تاوانباریان نەکردبین، هەر کاتێک لەو دینە لامان دابێ کە تورک و فارس ە عەرەب پێناسەیان بۆ کردووە، ئەوا خۆمان چووینە ژێر تیخ و ئەوانیش بەدەم هاواری (اللە اکبر) سەریان بڕیوین.
٢ــ لە هەر پارچەیەکی کوردستان دەرفەتێک بۆ کورد رەخسابێ و کوردپەروەران هەوڵی سەربەخۆییان دابێ، تورک و فارس و عەرەب دژ بە سەربەخۆخوازان چوونەتە جێژوانی پیلانگێڕی، بەکر مەرگەوەڕ و نەوەکانی حەسەن خەیریش دەڵاڵیان بۆ کردوون و ماچی سەرکەوتنی پیلانەکانیان بۆ هەڵداون.
٣ــ لە کوێ کوردێک کوردایەتی کردبێ فتوای کوشتنی دراوە و سیاسیەکانیشیان خستوویانەتە کارنامەی تیرۆرکردنەوە و زۆریشیان لێ تیرۆر کردوون، سیاسیەکانی ئێمەش شوێنکەوتووانی ئەو تیرۆرکراوانەیان بە تیرۆریست ناو بردوون.
٤ــ تورک و فارس و عەرەب هەڵگری هەر فکرە و ئایدیایەک بووبن و هەر رەنگێکیان هەبووبێ و لە هەر بەرگێکدا بووبن، کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی کورد لە سیستەمی فەرمانڕەواییاندا خاڵی هاوبەشیان بووە، بەشێک لە سەرکردە و سیاسیەکانی ئێمەش خوازیار و حەسرەتکێشی ئەو سیستەمە بوون و بانگەشەیان بۆ دیموکراتخوازی بکوژانی سەربەخۆخوازانی کورد کردووە.
٥ــ ئەوان بۆ بێدەنگ کردنی کورد و لەناوبردنی شۆڕشەکانی هەموو جیاوازیەکانی خۆیان سڕ کردوون و یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بوون، کەچی سیاسیەکانی ئێمە بەردەوام جیاوازیە سیاسیەکان دەکەنە بیانووی خۆفرۆشی و وەک حزب و فراکسیۆن جاشایەتی دەکەنە بنەمای ئازادی بیروڕا و بە وڵاتپارێزیش بە لایەنگر و شوێنکەوتووانی خۆیانی دەفرۆشنەوە.
Top