وڵامێک بۆ عەلی قادر
August 19, 2018
وتار و بیروڕا
پێش هەموو شتێک بە کاک عەلی و ئەوانەش کە وەک ئەو بیر دەکەنەوە دەڵێم: ئەوە هێزەکانی زێرەڤانی نەبوون لە کەرکوک هەڵاتن، گەر بڕواش ناکەی فەرموو تۆ و لێدوانی هەندێک لەوانەی حەشدی شەعبیان بۆ کەرکوک بانگهێشت کرد و تا گەیشتنە کەرکوکیش خوانێکی عەرەبییان بۆ ئامادە کردبوون.
پاڤێڵ تاڵەبانی: لە کۆی ٥٤ ئەندامی سەرکردایەتی واژۆی ٣٨ ئەندامم لایە کە لەگەڵ حەشدی شەعبی رێککەوتووین.
لاهوور شێخ جەنگی: هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ حەشدی شەعبی نەکردووە.
ئاسۆ مامەند: کەرکوک ئارامە و با خەڵک بگەڕێتەوە، دوای چەند رۆژێک گوتی: هەموو رۆژێکمان لە کەرکوک مردنێکە
کاک کۆسرەت: کاڵفامەکانی ناو یەکێتی خیانەتیان کرد و کەرکوکیان فرۆشت.
کاک مەلا بەختیار: هەرزە و فەیسبوکبازەکان کەرکوکیان فرۆشت.
وەستا رەسوڵ: فیشەکمان لێبڕان و هەمەرەکانیان هیچ چەکێک نایانبڕێ.
گەر بە لێدوانە پێچەوانەکانی ئەو برادەرانەش بڕوا ناکەی، ئەوە هێزەکانی زێرەڤانی بوون دەبابەی ئەبرامزی ئەمەریکیان لە پردێ و سحێلا دەسووتاند، خۆ ئەگەر هێزەکانی زێرەڤانی و سووتاندنی دەبابە ئەبرامزەکانی ئەمەریکا نەبووایە، پیلانەکە وا دانرابوو حەشدی شەعبی هەولێر و دهۆکیش بگرێتەوە و کۆتایی بە حکومەتی هەرێم بهێنرێ، بە پەلە نووسینەکانی سەر شاشەی کەناڵەکانی کەی ئێن ئێن و ئێن ئاڕتی و کوردسات و گەلی کوردستان، لە چاوەڕوانی ئەوەدابوون لە دوا پەلەی نووسنی سەر شاشەکانیان هەواڵی داگیر کردنەوەى هەولێریش رابگەیەنن، بەڵام هێزەکانی زێرەڤانی لە پردێ ئەو پیلانەی تێکشکاند و چۆکی بە حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و چاوساغ و دەستکێشەکانیان دادا.