پارتی و ئاڵای کوردستان

پارتی و ئاڵای کوردستان
دوای پیلانەکەی سەر کۆماری کوردستان پێشەوا قازی بارزانی نەمری بە شیاوترین کەسی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەر زانی کە ئەرکی پاراستنی ئاڵای کوردستانی پێ بسپێڕێ، چونکە پلانەکە بە شێوەیەک بوو پاراستنی ئاڵای کوردستان وەک شکۆی نەتەوەیی لەو ئەرکانە بوو کە ئەرکێک بوو تەنها لە توانای مرۆڤە دەگمەن و هەڵکەوتووەکان بوو، بارزانی نەمریش ئەو ئەرکە نەتەوەییەی زۆر سەرکەوتووانە جێبجێ کرد و خۆزگەی پێشەوا قازی هێنایەدی کە پاراستنی ئاڵاکە بوو.
بازانی نەمریش لەسەر هەڵکردن و بەرز راگرتنی ئاڵای کوردستان فەرموویەتی: ئەوەی بە لامەوە گرنگە هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە، جا گرنگ نییە هەڵکردنی ئەو ئاڵایە لە هەولێر یان مهاباد یان دیاربەکر یان قامیشلو دەبێ، نزیکەی (٦٠) ساڵی تەمەنیشی بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بەخشی، ئیتر لەو کاتەوە پارتی و ئاڵای کوردستان ئاوێتەی یەکتری بوون و پارتی لە هەر شوێنێک بووبێ ئاڵای کوردستان لەو شوێنە شەکاوەتەوە، بە پێچەوانەشەوە پارتی لە هەر شوێنێکی کوردستان دوور بووبێ، ئاڵای کوردستان لەو شوێنە داگیراوە و تەنانەت سووکایەتیشی پێکراوە.
ئەگەر کەرکوکی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر و دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر وەک نموونە وەربگرین، دەگەینە ئەو راستییە حاشا هەڵنەگرەی سەرەوە، هەموومان لەبەر چاومانە کە بەر لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و ئەو کاتەی پارتی لە کەرکوک بوو، ئاڵای کوردستان بەسەر ئەو شارە و بەرزاییەکانی دەوروبەریدا دەشەکایەوە، دوای پیلانەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و فرۆشتن و داگیرکردنەوەی کەرکوک لەلایەن حەشدی شەعبی و نەمانی پارتی لەو شارەدا، بینیمان چۆن ئاڵای کوردستان دادەگیرا و دەخرایە ژێر پێ، بۆیە دەمەوێ ئەوە بڵێم: تا پارتی نەگەڕێتەوە کەرکوک ئاڵای کوردستان هەڵناکرێتەوە و پارتیش بێ هەڵکردنەوەی ئاڵای کوردستان محاڵە بگەڕێتەوە کەرکوک.
Top