ئیتر نابێت كوردستانییان باجی پەرتەوازەیی هێزە سیاسییەكان بدەن
August 15, 2018
وتار و بیروڕا
راستە ئێمە لە باشوور لە رووی پایەكانی حوكمڕانی و سیستەمی راست و دروستەوە كەموكورتی و بگرە هەڵە و پەڵەی كوشندەشمان هەیە و بەشێكی زۆری قەیرانە دارایی، سیاسی و كارگێڕییەكان هەر خۆمان لێی بەرپرسیارین؛ راستتر بڵێین بەشی زۆری لە ئەستۆی جڵەوبەدەستانی دەسەڵاتدایە؛ بەڵام ئەوە هەرگیز نابێت بكاتە ئەوەی ماڵی شیرینی خۆمان بە دەستی خۆمان وێران بكەین و وەكو دەستە چیڵەی نەیارانی نەتەوەكەمان كار بكەین هەر وەكو ئەوەی روویدا، بێگومان لە ئێستادا و لەسەروبەندی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەی جیهانی سیاسی پێ ئاوسە و كە لە ماوەیەكی نزیكدا كۆرپەلەی جۆراوجۆری سیاسی دێننەدونیاوە، هەر پەرتەوازەبوون و لێكترازانێكی پتر لە نێوماڵی كوردان كە بۆخۆی ئەم ماڵە لە ئێستادا هیچ جێگەی ئیرەیی نییە، بێجگە لە ماڵوێرانی زێدەتری نەتەوەكەمان و لەدەستدانی دەستكەوتەكان هیچیدی لێ سەوز نابێت، سیاسەتمەدارانی ژیریش دەبێت ئەوە باش بزانن كە نە دژبەری و نە دۆستایەتی لە سیاسەتدا لە ئاستەكانی دەرەو و ناخۆش هەتا هەتایی و تاسەر نابن، لە هەمان كاتیشدا ئەگەر ركابەریی نێوان هیزەكان و جیاوازیی چۆنیەتی كارو بیروڕاش پرۆسەیەكی دروست بێت، نابێت بكاتە ئەوەی لە پیناو سڕینەوەی بەرامبەردا بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و نەتەوە بكرێنە قوربانیی هێزگەلێكی قین لەدڵ و ناكامڵی سیاسی، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەكی بندەستی وەكو كورد.
هەرچەندە مەبەست لەم نووسینە بۆ ئەوە نییە بداتە پاڵ لایەك لە بەرامبەر ئەوانی دی، بەڵكو تەنیا مەبەست بەكاربردنی لۆجێكی سیاسی راست و دروستە لە پێناو گەیشتن بە بەها باڵا و خواست و داوا رەوا و مافە سرووشتییەكانی نەتەوەی كورد و دانیشتووانی رەسەنی كوردستان.
ئەوەی كە زانراوە و لە ئێستادا هەستی پێ دەكرێت، ئەوەیە كە دیسانەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەوەی پێی دەگوترێت هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پلانی نوێیان بۆ عێراق و كوردستان و ناوچەكە پێیە، بەتایبەت فشاری نێودەوڵەتی بۆ سەر حوكمڕانانی ئێران كە گەمەكەرێكی سەرەكیی ناوچەكە و لەمپەرێكی بەهێزی بەردەم هەنگاونانی كوردە بۆ گەیشتن بە هەموو مافە خۆڕسكەكانی؛ لە هەمان كاتیشدا پێدەچێت كوردیش بۆ خۆی لەو نێوەندەدا یەكێك دەبێت لە گەمەچییەكان و تا راددەیەك جێگە و پێگەی هەبێت، یان ئەركی هەیە لە نێو كۆی گەمەكەدا؛ كەواتە هەر جۆرە سەرقاڵبوونێك، یان سەرقاڵكردنی هێزە سەرەكییەكانی كوردستان بە گرفتە ناوخۆییەكانەوە و بایەخنەدان بەو گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوانە، لەم هەلومەرجە پڕ لە گۆڕانكاری و هەستیارەدا، تەنیا لە دەستدانی دەرفەتە زێڕینەكانە بۆ ئایندەی نەتەوەكەمان..
دیارە دەبێت هەموو لایەك ئەوە بزانن كە گەمەی سیاسی گەمەیەكی گەورە و فرەجەمسەر و فرەڕەهەندەو تەنیا سیاسەتمەدارە ژیرەكان دەتوانن سەری لێ دەربكەن و ناكرێت ئایندەی میللەتێكی ستەمدیدەی وەكو كورد بدرێتە دەستی كەسانێك كە بەرتەسكانە جووڵە بە گەمەی سیاسی بكەن، بۆیە ئیدی زۆر گرنگ و پێویستە سیاسەتوانە خەمخۆرەكانی سەر گۆڕەپانەكە چیدی بێخەم سەر نەخەنە سەر بالیفەكانیان و دەستەجەمعی پێكڤە لەژێر تیشكی رووداوەكان و خوێندنەوەی ورددا بۆ هەلومەرجەكان سیاسەت و ستراتیجێكی نوی بۆ كاری سیاسی و خەباتی نیشتمانی دابڕێژن. لێرەدا پێویستە ئەوەش بگوترێت كە هەنگاونان بۆ یەكڕیزی و پێكەوە كاردن بۆ پرسە ستراتیجییەكان تەنیا ئەركی جڵەوبەدەستانی دەستەڵات نییە، بەڵكو ئەركی هاوبەشی هەموو هێزە رەسەن و خەمخۆرەكانە– هەرچەندە بەشی زۆری ئەو ئەركە لە ملی دەسەڵاتدارانە– بەڵام ناكرێت ئۆپۆزسیۆنیش هێندە بەرتەسكانە بیر بكاتەوە كە ئەگەر دەسەڵات گوتی: ماست سپییە، ئەویش بێ سێ و دوو بڵێت: نەخێر رەشە! چونكە بۆ خۆی گەمەی سیاسی گەمەیەكی پڕ مرونەت و جیوەئاسایە و دەكرێت هێزەكان لە یەك كاتدا ركابەر و هاوڕاش بن؛ ركابەر لە سەر چۆنیەتی راپەڕاندنی ئەركەكان و هاوڕا لە سەر پرسە گرنگ و ستراتیجییەكان و ئایندەی گەل و نەتەوە و كاركردن بۆ گەیشتن بە ئامانجە رەوا و خۆڕسكەكان، واتە: لەو شوێنانەدا بەرژەوەندیی گشتی و گەل و نەتەوەی تێدایە، پێكڤە كاری بۆ بكەن و بە هەموویان كارەكان سەربخەن، لەوێشدا كە بەرژوەندیی بچووك و جیاجیای ناوەكییە، دەكرێت رای جیاواز و هەرمانی جیاواز جێی بكرێتەوە، واتە ناكرێت هێزەكان گەمەكانی خۆیان لەسەر ئایندە و چارەنووسی گەل و نەتەوە بێت و گرەو لە سەر ئەو بابەتە بكەن.
كەواتە دەبێت هەمووان باش ئەوە بزانن كە قەوارەی هەرێمی كوردستان تەنیا موڵكی دانیشتووانی ئەم هەرێمە و هێزە سیاسییەكانی نییە؛ بەڵكو موڵكی تێكڕا دانیشتووانی كوردستانە و یەكەم وێستگەی هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆی خەڵك و خاكی كوردان، بۆیە هەر هەنگاوێكی هەڵەو هەر دەست بۆ بردن و دەست تێكەڵكردنێك لەگەڵ نەیارانی هەرێم بە مەبەست بێت، یان بێ مەبەست؛ نەمان و لاوازكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی لێدەكەوێتەوە و ئەوەش دەچێتە خانەی خیانەتی گەورە و نیشتمانییەوە، لێرەوە ئەو هەلومەرجانەی ئێستا هاتوونەتەئاراوە، دەكرێت باشترین هەل بێت بۆ هێزگەلی دەسەڵات و ركابەریش تاوەكو ناوماڵی كوردان زۆر بە خێرایی یەكبخرێتەوە لە پێناوی پرسە ستراتیج و گرنگەكاندا، چونكە ركابەری و پۆپۆزسیونبوون هەرگیز نابێت بە مانای یەكتری سڕینەوە و دژایەتی پرسە ستراتیجییەكان و گەیشتن بە مافە چارەنووسسازەكان بوەستێتەوە.
رێك وەكو ئەو شیعرە فۆلكلۆرییەی كە دەڵێت: «تۆ دوور و من دوور هەردووكمان دوورین... خودا دەیزانێ بۆ یەك مەجبوورین».
ئێمە لە باشوور چ وەك تاك و چ وەك كۆ و حزب و هێزە سیاسییەكان بێجگە لە پرسی دەسەڵات و ئیدارەدان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەمووی گرنگتر پرسی مان و نەمان هەیە، گورگەكانیش هەردەم لە هەوڵی نەمانی ئێمەدان، خۆ ئەگەر پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە دەست بدەین، ئەوەی چاوەڕێمانە تەنیا نەمانەكەیە، واتە ئەگەر لە خەمی نیشتمانداین، دەبێت هەمووان جۆرێك لە سازش بۆ یەكتری بكەن و بە دۆست و نەیاران بڵێن: هەر گیز پرسە ستراتیج و نەتەوەییەكانمان ناكەینە قوربانیی ململانێی تەسك و ناوخۆییەكان. واتە پرسە نەتەوەییەكان جێگەی دەست بۆ بردن نییە بۆ هیچ لایەك و هەمووان دەبێت مەجبووری یەكتر بن، وەكو گوتەی دێڕە شیعرەكەی پێشەوە، بۆیە چیدی قبوڵ ناكەین ماف و خواستە رواكانمان پێشێل بكرێن، ئەگەر واكرا، بێگومان سەرفرازیی میللەتی زۆر بە رەهایی لێ سەوز دەبێت، لەهەمان كاتدا ئەگەر وانەكەین، پێچەوانەكەشی هەر راستە، لەم رووەوە ئەركی میدیای رەسەن و رۆشنبیر و نووسەرانیش دیسانەوە زۆر گرنگە تاوەكو فشار بخرێتە سەر هەموو لایەك بۆ تەبایی سیاسی و یەكڕیزی، هیچ نەبێت لە سەر پرسە نەتەوەیی و مافە خۆڕسكەكان.