وەرچەرخان و وێستگە گرنگەکانی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد لە باشوور
August 15, 2018
وتار و بیروڕا
١ــ بە دەرچوونی بارزانی نەمر لە سلێمانی و گەیشتنەوەى بە دەڤەری بارزانی مەڵبەندی شۆڕش و رابوون، شۆڕشی ساڵی ١٩٤٣ــ١٩٤٥ی بارزانی هەڵگیرساند و بە هێزێکی کەم پەیامی ویستی سەربەخۆخوازی خەڵکی کوردستانی بە دۆست و دوژمن گەیاند و بە رژێمی پاشایەتی ئەوکات و بەریتانیای ئێستای گوت: کورد گەلێکی سەربەخۆخوازە و سیاسەتی داگارکاری سەپێنراو و ژێردەستەیی رەتدەکاتەوە.
٢ــ دوای راگەیاندنی کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات، بارزانی نەمر راگەیاندنی ئەو کۆمارەی بە دەروازەی دەرگا داخراوەکانی سەر پرسی کورد زانی و بە هەمان هێز بۆ پشتیوانی و بەرگری کردن لە کۆمار خەباتی لە باشوورەوە گواستەوە بۆ رۆژهەڵات و خۆی گەیاندە مهابادی پایتەختی کۆمار، بەو هەڵوێستەش مێژووی بزووتنەوەى کوردایەتی ئەڵقەبەند کردەوە و بە دۆست و دوژمنی گوت: هەموو ئەو سنوورانە دەستکردن و پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستانی داگیرکراو، یەک پرسە و لە هەر دەرفەتێکدا ئەو سنوورانە دەبنە پێخوستی شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازانی کورد.
٣ــ دوای پیلانەکەی سەر کۆماری کوردستان بارزانی نەمر بڕیاری رێڕەوێکی مێژوویی دا، بەو بڕیارەش بە پیلانگێڕانی سەر کۆماری کوردستانی گوت: پیلانگێڕی لە ئێوە و وەڵامدانەوەش لە ئێمە، چەندی پیلانەکانتان دۆزەخی بن، هێزێک هەیە لە پێناو گەیشتن بە بەهشتی سەبەخۆیی بە خوێن و خەبات ئاگری دۆزەخی پێلانگێڕی ئێوە دادەمرکێنێتەوە، جگە لەوەش ئەو هێزە دەتوانێ ئاڵای سەر کۆماری کوردستان وەک شکۆی نەتەوەیەک لە سووکایەتی پێکردنی ئێوەی پیلانگێڕ بپارێزێ.
٤ــ هەر لە کۆماری کوردستان و هاوکات لەگەڵ بەرگری کردن لە کۆمار، بارزانی نەمر دوور لە چاودێری و سانسۆری داگیرکاران پارتی دیموکراتی کوردستان دادەمەزرێنێ، بەوەش کاری حزبی و رێکخراوەیی لە پەرتەوازەیی سیاسی دەرباز کرد و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی لە دووتوێی کارنامەیەکی سیاسی و نەتەوەییدا رێکخستن و دەرچوون لەو کارنامەیەشی لای کوردپەروەر و شۆڕشگێڕان کردە هێڵی سوور.
٥ــ دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران و هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول، بارزانی نەمر وەرچەرخانێکی مێژوویی نوێی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا هێنایە بوون، ئەویش ئەوە بوو هێزی پێشمەرگەی لە زاخۆوە تا خانەقین خستنە ناو یەک سەنگەر و بەرەو یەک ئامانج ئاراستەی کردن، ئەویش سەنگەری بەرگری کردن لە کوردستان و جەنگان بوو لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان و سەربەخۆیی کوردستان.
٦ــ دوای ئەوەی رژێمی بەعس بۆ شکاندنی سەنگەری کوردایەتی هەموو هێز و تواناکانی خستنەگەڕ و بێ هیوا دەرچوو، بە ناچاری هاتە ژێر بار و بۆ یەکەمجار رێککەوتننامەی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ی قبوڵ کرد، گرنگی ئەو رێککەوتننامەیە لەوە دابوو کە داگیرکارێکی سەرسەختی بەشێکی کوردستان ددانی نا بە بوونی کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد، کە تا ئەوکات هەرچوار داگیرکارەکەی کوردستان نکولیان لە بوونی کورد وەک نەتەوە لە وڵاتەکانیاندا دەکرد.
٧ــ دوای ئەوەی رژێمی بەعس لە شکست پێهێنانی شۆڕش و هێزی پێشمەرگەی کوردستان نائومێد بوو، جارێکی تر پەنای بۆ پیلانێکی نێودەوڵەتی وەک پیلانە شوومەکەی جەزائیر برد، ئەگەرچی بە هۆی ئەو پیلانە شوومەوە توانی بۆ ماوەیەکی کاتی شۆڕش بوەستنێ، بەڵام جارێکی تریش بە رێنمایی بارزانی نەمر و هەوڵ و تواناکانی سەرۆک بارزانی و کاک ئیدریسی هەمیشە زندوو، شۆڕشی گوڵان کرایە درێژە پێدەری شۆڕشی ئەیلول و خەونی پیلانگێڕانی سەر پرسی کورد پوچەڵ کرایەوە.
٨ــ راپەڕینی ساڵی ١٩٩١و دواتر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و راگەیاندنی فیدراڵی، لەو وەرچەرخانە مێژوویی و وێستگە گرنگانەی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردن کە دەرگا داخراوەکانیان بە رووی پرسی کورددا کردنەوە.
٩ــ هەموو ئەو وەرچەرخانە مێژوویی و وێستگە گرنگانەی پێشتر ئاماژەم پێدان، ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان کردە ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی کە کورد بتوانێ بڕیار لە چارەنووس و دواڕۆژی خۆی بدات، گرنگی ئەو وەرچەرخانە مێژووییەش لەوەدابوو سەربەخۆخوازان بەو بڕیارە هەموو داگیرکارانی کوردستان و خیانەتکارانی ناوخۆیان لەسەر یەک خوانی پیلانگێڕی هاوبەش کۆکردنەوە، ئەگەر چی ئەو پیلانگێڕیە لە ئێستادا توانیویەتی بەربەست لەبەردەم دوا بڕیاری خەڵکی کوردستان درووست بکات، بەڵام ئەو بڕیارە ئیرادەی گەلێکی ژێردەستەیە و هیچ پیلانێک ناتوانێ تا سەر رای بگرێ، چونکە نرخی ئەو بڕیارە سەربەخۆیی کوردستانە و سەربەخۆخوازان دەستبەرداری نابن و ئەو رۆژەش نزیکە کورد بەری رەنجی ئەو ریفراندۆمە بچنێتەوە و بیکاتە دیاری مێژووی قوربانیدەرانی سەربەخۆیی کوردستان.