شەڕی پارتی بکەن، بەڵام..
August 12, 2018
وتار و بیروڕا
حوکمی مێژوو وابووە برایم ئەحمەد و شوێنکەوتووانی زۆرترین جار بخزێنە ناو سەنگەری داگیرکارانی کوردستان و دژی خواست و ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد بوەستنەوە، چونکە بارزانی نەمر پێش ئەوەی حزبی بووبێ کەسێکی نەتەوەیی و نەتەوەپەروەر بووە، مێژووی هەڵوێست و خەبات و قوربانیدانیشی ئەوەمان پێدەڵێ: کە پێش دامەزراندنی پارتیش هەڵگری پەیامی کوردایەتی و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان بووە، ئەوانیش جگە لە دژایەتی کردنی پارتی و بارزانی نەمر و دواتر رێبازەکەی هیچ ئامانجێکی تریان نەبووە، ئەوەش وایکردووە بە دوای سەنگەرێکدا بگەڕێن کە بتوانن لێیەوە دژایەتی پارتی و رێبازی بارزانی نەمر بکەن، سەنگەری داگیرکارانی کوردستانیش بەهێزترین سەنگەر بووە کە هەم تێیدا حەواونەوە و هەمیش لێیەوە رووبەڕووی رێبازی بارزانی نەمر بوونەتەوە.
ئەوەی جێگای سەرنج و پرسیاریشە دەرچوانی ئەو قوتابخانەیە لەگەڵ هەموو کەرت بوونێکی ناو خۆیان، کەوتوونەتە دژایەتی یەکتری و زۆرترین جنێویان بە یەکتری داوە و تەنانەت فایلی تاوانەکانی یەکتریشیان هەڵداوەتەوە، بەڵام لە دژایەتی کردنی پارتی و ماڵباتی بارزانی نەمر هەموو کێشەکانی نێوانیان بەلاوە ناون و چوونەتەوە پاڵ یەکتری، ئەوەش جارێکیتر ئەو راستییە دەسەلمێنێ کە ئەوان بۆ دژایەتی پارتی و ماڵباتی بارزانی نەمر درووست کراون و لە رێگەی دژایەتی کردنی پارتی و ماڵباتی بارزانی نەمریشەوە دژایەتی پرسی کورد و خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان و سەربەخۆیی کوردستانیش دەکەن.