لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا عێراق كامەیان هەڵدەبژێرێ؟
August 12, 2018
وتار و بیروڕا
لە رووی ئابووریشەوە عێراق بووە شوێنی ساغكردنەوەی كەلوپەلی ئێرانی، دۆخێك لە عێراق خوڵقێندرا، لایەنەكان خەریكی دابەشكردنی بەرژەوەندی بن لەنێوان خۆیاندا، بازاڕیش بكەوێتە بەردەستی ئێران، تا بە ئاستێك گەیشت ئەوەی جێگەی لەو هاوكێشە و دابەشكردنەی بەرژەوەندی نەبووەوە هاووڵاتیان بوون، بۆیە لە تەممووزی ئەمساڵ شارەكانی عێراق لە بەسرەوە تا بەغدا دژی حكوومەت دەستیان بە خۆپیشاندان كرد.
لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێراندا، عێراق هەم بۆ واشنتۆن و هەم بۆ تاران، بووە پێگەیەكی گرنگ بۆ مەسەلەی سزاكانی سەر ئێران، بەمەش عێراق بۆخۆی نەبوو ئەم بەڵایەشی هاتەسەر، قەیرانی هێندە كەم نەبوون ئەمەشی بۆ زیاد بوو، شەقامی شیعی بەهۆی ئەو سزایانەوە دابەش دەبێ، هەرچی حكوومەتە ناچارە مل بۆ داواكاریی ئەمەریكا بدات، لایەنەكانی دیكەش دژی ئەو رێوشوێنە وەستانەوە و داوا لە حكوومەت دەكەن نەچێتە ژێر باری سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، رێوشوێنی سزاكانیش لە لایەن واشنتۆنەوە بەرامبەر ئەو لایەنانەی خۆیان لەسزاكە دەدزنەوە تووندە، داوا دەكرێە ئەو حكومەتەی لە عێراق پێكدەهێندرێ دەبێ پابەندی سزاكانی سەر ئێران بێت، بۆیە حكوومەتی عێراق سزادانی ئێرانی بردە واری جێبەجێكردنەوە، رۆژی 9ی مانگ بڕیاریدا ئۆتۆمۆبێلی ئێرانی هاوردەی عێراق نەكرێت، كاردانەوەی تاران بەرامبەر بڕیاری عێراق زۆر خێرابوو، داوای 11 ملیار دۆلاری وەك قەرەبووی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران 1980-1988 لە عێراق كرد.
ئێستا عێراق لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا، ئەگەر ئەمەریكا هەڵنەبژێرێ، دەكەوێتە دۆخێكی ناهەموارەوە، بە هەڵبژاردنی ئێران، گوشاری ئەمەریكا و گوشاری خۆپیشاندەران دەبێتە گوشارێكی بێ ئامان بۆ بەغدا، لە لایەكی دیكەشەوە، ئێرانیش بۆ گوشارخستنە سەر بەغدا و هێشتنەوەی عێراق وەك قووڵایی ستراتیژیی خۆی، پەنا دەباتە بەر بەكارهێنانی كارتەكانی، بەڵام هێندەش ئاسان نییە، عێراق دەبێتە گۆڕەپانی ناكۆكییە سەختەكە و سەنگەری پێشەوە.