نامەیەک بۆ ھەردوو باڵی حزبی دیموکرات

نامەیەک بۆ ھەردوو باڵی حزبی دیموکرات
لە سەرەتای لێک جیابوونەوەتان نامەیەکم ئاراستەی بەڕێزان مامۆستا حەسەن عەبدوڵازادە و کاک مستەفای ھیجری کرد و پێمگوتن: ئەوە کاری کردن نییە و بەو کارەتان بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژھڵات لاواز دەکەن، پێشەوا قازی لە سێدارە دەدەنەوە و جارێکی تریش دکتۆر قاسملو و شەرفکەندی تیرۆر دەکەنەوە و ناشتوانن ئەو ئامانەتیە نەتەوەییەی پێشەوا قازی بۆ پاراستن لە سووکایەتی پێکردنی دوژمنان دایە دەست بارزانی نەمر، ببنەوە بۆ چوارچرا و بڵێن: ئەی پێشەوای غدەر لێکراو، ئەوە ئاڵاکەی سەر کۆمار و ئەوە گۆڕی پیرۆزی تۆ و ئەوە داستانی رووباری ئاراس و ئەوە بەڵێنی بارزانی نەمر، دوای ئەو نامەیە مامۆستا حەسەن عەبدوڵازادە بۆ یەکگرتنەوە وەڵامێکی کوردانە و بەرپرسیارانەی دامەوە و زۆر بە داخەوە کاک مستەفای ھبجری بێ دەنگی ھەڵبژارد و وەڵامی نەبوو.
ئێستاش رووداوەکان ئاماژە بە گۆڕانکاری گەورە دەکەن لە ئێران، رۆژھەڵاتی کوردستانیش دەکەوێتە ژێر کاریگری ھەژمونی ئەو گۆڕانکاریانە، ئەوەش ھەردوو لاتان و تەواوی حزب و لایەنە سیاسیەکانی رۆژھەڵات دەخاتە ژێر بەرپرسیارێتی نەتەوەیی، ئەوەی دەمەوێ لە نامەیەدا پێتان بڵێم: بەو پەرتەوازەیی و دوو باڵیە ناتوانن بەو بەرپرسیارێتیە نەتەوەییە رابن کە ئەو قۆناغە لێتان دەخوازێ، تکایە واز لە مینگەمینگی حزبی بێنن و ھەرچی زووە یەکبگرنەوە و ئامادەکاری پێشوەختە بۆ پێشھات و گۆڕانکاریە چاوەڕوانکراوەکان بکەن، تەنھا بە یەکگرتنەوەش دەتوانن زامی کەرتبوون سارێژ بکەن و وەڵامی ئامانجە نەتەوەییەکان بدنەوە و پەت و تیرۆر وەک ماڵی قەڵب ھەڵدەنەوە حەوشەی داگیرکاران، لە بارزانی مەڵبەندی رابوونیش ئاڵای سەر کۆشکی کۆماری کوردستان بکەنەوە خەڵاتی رۆژھەڵاتیەکان.
Top