دیموکراتی سلێمانی و مەلا ئیسماعیل سوسەیی
August 4, 2018
وتار و بیروڕا
رۆشنبیر و سیاسیەکانی سلێمانی جیا لە بە کلتوور کردنی جنێوفرۆشی و تۆمەت هەڵبەستن، هەرچی کاری وەک هەڵکوتانە سەر بارەگا حزبی و حکومیەکان و سوتاندنیان بە دیموکراتی ناو دەبەن و دەڵێن: ئەوە حەز و خواستی خەڵکە و نابێ رێگا لە حەز و خواستی خەڵک بگیرێ، واتا پێیان وایە ئەوەی ئەوان بیخوازن دیموکراتییە و هەر کەس و لایەنێکیش رێگایان لێبگرێ دیکتاتۆرە.
بەو پێوەرەی رۆشنبیر و سیاسیەکانی سلێمانی کە بۆ دیموکراتیان داناوە، کردەی تیرۆریش جۆرێکن لە حەز و خولیای هەندێ کەس و دەستە و گرووپ و دەکەونە چوارچێوەی دیموکراتی و ناکرێ رێیان لێ بگیرێ، ئەوکاتیش تیرۆریستان دەبنە دیموکراتخواز، بەو پێوەرەش هەر یەک لە مەلا ئیسماعیل سوسەیی و بانگخواز سەلیم شوشکەیی دەبنە دوو لە دیموکراتخوازە هەرە پێشکەوتووەکان.
جیا لە سوسکەیی و شوشکەیی ناکرێ ئەبوبەکر بەغدادیش لەو جۆر دیموکراتیە دەرباوین کە رۆشینبیر و سیاسیەکانی سلێمانی دایانهێناوە، بەوەش ئەبوبەکر بەغدادی دەبێتە سۆپەر دیموکراتخواز، ئێ ئەو داماوەش چی بکات؟! حەز و خولیاکان لێک جیاوان، ئەویش حەزی لەوەیە خەڵک سەر ببڕێ و ژن و کچی خەڵک بە غەنیمەت بەرێ و بە ئارەزووی خۆی کڕن و فرۆشتنیان پێوە بکات.