نەوەی نوێ و نەوەی کۆن و نەوەی ناوەڕاست

نەوەی نوێ و نەوەی کۆن و نەوەی ناوەڕاست
شارسوار عەبدولواحید پێیوایە نەوەی کۆن هیچی نەکردووە، بۆیە نەوەی نوێی دامەزراندووە و دەڵێ: منی نەوەی نوێ هەمووو خەڵکی کوردستان وەک خۆم دەوڵەمەند و خۆشگوزەران دەکەم، سەیارەی کارەبایی دێنمە کوردستان، سکەی قیتار لەبەینی شارەکان درووست دەکەم و وادەکەم لە نێوان شار و شارۆچکەکان خەڵک بە فرۆکە هاتوچۆ بکەن، تەنانەت ژیان لە کوردستان وا دەگۆڕم کە خەڵکی کەرکوک بە کورد و عەرەب و تورکومانیەوە بێ رەزامەندی بەغدا بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.
شاسوار گوتەنی نەوەی کۆن هیچی نەکردووە و تەنانەت نەیتوانیوە چاڵە خەڵووزێک بۆ کەبابخانەکان دابین بکات، بەڵام هیچ گرەنتییەکیش نییە کە شاسوار و نەوەکەی ئەوە بۆ خەڵک بکەن کە باسی دەکەن، بۆیە پێویستە لەسەر مێژووی نەوەی کۆن نەژین و بە بەڵێنەکانی نەوەی نوێش بڕوا نەکەین و دەبێ بزانین ئێستا چی دەکەین.
لێرەوە بە هەموو خەڵکی کوردستانی رادەگەیەنم کە من نەوەی ناوەڕاست دادەمەزرێنم و بە نەوەی کۆن دەڵێم: ئێوە هیچتان نەکردووە و ئەوەی هەیە یان لە خۆوە هاتۆتەدی، یان دوژمنان بە خەڵات و بە حوشتیری خۆیان بۆیان هێناوین، بە نەوەی نوێش دەڵێم: بەڵێنەکانتان زۆر گەورەن و درۆ لەگەڵ خەڵک دەکەن، چونکە ئەوەی دەیڵێن بێ سەربەخۆیی کورستان نایەتدی و ئێوەش دژی سەربەخۆیی کوردستانن.
Top