دابەشکردنی کۆمەڵگا و مەترسیەکانی

دابەشکردنی کۆمەڵگا و مەترسیەکانی
هیچ شتێک ئەوەندەی دابەشکردنی کۆمەڵگا ترسناک نییە، بە تایبەتیش ئەگەر ئەو کۆمەڵگایە لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانیدا بێ، چونکە لەو دابەشکاریەدا دوژمنان زۆر بە ئاسانی دەتوانن دزە بکەنە ناو بزووتنەوەى رزگاریخوازی ئەو گەلە و بەشێکی بەلای خۆیاندا بەرن، ئەگەر ئاوڕکیش لە بزووتنەوەى رزگاریخوازی کورد بدەینەوە دەبینین کورد زۆرترین باجی ئەو دابەشکاریەی داوە.
لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوودا برایم ئەحمەد بەناوی پێشکەوتن و مارکسی بوونەوە شۆڕشی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد، ئەوەش دەرگای بە رووی دوژمناندا کردەوە و باڵی برایم ئەحمەد کەوتە ناو هەراجخانەی داگیرکاران و هەر رۆژە و داگیرکارێک بۆ خۆی دەبرد، تا سەرئەنجام خۆی و باڵەکەی بوونە بەشێک لە هێزی دوژمن و لەوانیش گەرمتر کەوتنە شەڕی پێشمەرگە و باڵی سەربەخۆخوازانی کوردستان.
لە ساڵی ٢٠٠٩ جارێکیتر نەوشیروان مستەفا بەناوی گەندەڵی و قوتی خەڵک کۆمەڵگای کوردی دابەش کرد، ئەو دابەشکاریە هیچی لە دابەشکاریەکەی برایم ئەحمەد کەومتر نەبوو، چونکە لە کوردستان بەناوی خۆپیشاندان و داواکاری خەڵک کەوتە ئاژاوەگێڕی و هاندانی مێرمنداڵان بۆ سووتاندن و هەڵکوتانە سەر نەیارەکانی، بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکیش هەندێ دەمشڕ و هەڵوەڕی ناردنە بەغدا و عێراقچێتیان پێش کوردایەتی خست و تەنانەت کوردایەتی و بەرگری کردن لە ماف و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانیان بە تاوان و خیانەت دەزانی.
دوای ئەو دوو شکست خواردنەی بەرەی دژە کوردایەتی و سەربەخۆیی کوردستان، ئێستا شاسوار عەبدولواحید بەناوی نەوەی نوێ و نەوەی کۆن هەوڵی دابەشکردنی کۆمەڵگا دەدات، ئەوەی جێگای پرسیارە هەموو ئەو کەس و دەستە و گرووپانەی هەوڵی دابەشکردنی کۆمەڵگای کوردەواری دەدەن سەر بە خێڵی فکری و سیاسی برایم ئەحمەدن، برایم ئەحمەد خۆی بە کردەوە دژی سەربەخۆیی کوردستان وەستا و شان بە شانی هێزی داگیرکاران دژ بە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان جەنگا، نەوشیروانیش دەیگوت: سیستەمێکی هاوشێوەی سیستەمی (بەغا)مان دەوێ و نوێنەرانیشیان لە بەغدا بوونە پارێزەری یەکپارچەیی خاکی عێراق و بۆ رێگری کردنیش لە سەربەخۆیی کوردستان ئەوەی پێیان کرا کردیان, شاسواریش لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەریخست کە وەجاخزادەی سیاسی برایم ئەحمەد و نەوشیروان مستەفایە.
بەو سێ دابەشکاریەی کۆمەڵگای کوردەواری و هەڵوێستی داگیرکارانی کوردستان، دەبێ هەموومان لەو راستییە بگەین کە ئێمەی کوردی خاک داگیرکراو و ژێردەستە بە چەپ و راستمانەوە، بە ژن و پیاومانەوە، بە نەوەی نوێ و کۆن و ناوەڕستمانەوە، یەک چارەنووسمان هەیە و لە کوشتوبڕیشدا جیاوازیمان پێ نەکراوە، دەبێ لەوەش بگەین کە تەنها کوردایەتی کردن و سەربەخۆیی کوردستان دەتوانێ برینەکانی مێژوو سارێژ بکا و داهاتوویەکی بێ دووبارە بوونەوەى کارەساتەکان مسۆگەر بکات، بۆیە پێویستە هەموومان دەست بە ئەڵقەی کوردایەتی و یەکڕیزی ناوماڵی کوردەوە بگرین.
Top