كورد دراوسێی باشن
July 31, 2018
وتار و بیروڕا
ئەوان كورد لە حاڵێكدا بەدراوسێی باش دەزانن، ئەگەر دراوسێیەكی بێدەنگ بێت و داوای مافی زەوتكراوی خۆی لەوان نەكات، واتە رازیبوون بە سیاسەتی داگیركەریی هەرسێ نەتەوە، ئەوان بۆ دژایەتیكردنی كورد هەموو كێشە مێژووییەكانی خۆیان بەلاوە دەنێن، هەرسێ نەتەوە هەموو وزە و توانای دەوڵەتەكانیان بۆ داگیركردن و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی كورد بەكارهێناوە، بەمەش خاكی كوردستانیان بەرتەسك كردۆتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەركاتێك كورد داوای سەربەخۆیی كردبێ وەك جیاخواز مامەڵەی لەگەڵ كراوە.
لە عێراقدا عەرەب بەسەر دوو مەزهەبی سوننە و شیعەدا دابەش بووە، كێشەی نێوانیان زۆر قووڵە، بەڵام هەردووكیان لەبەرامبەر كورددا وەك عەرەب ئامادە دەبن، دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 پارێزگاری كەركووك، بۆ دژایەتیكردنی كورد و دووبارە بەعەربكردنەوەی ئەو شارە و ناوچەكانی دیكەی سەر بە پارێزگای كەركووك، ئامادەبوونی سوننە و شیعەی عەرەب بۆ داگیركردنەوەی خاك بەكار دێنێت، ئەو عەرەبانەی بەهۆی ماددەی 140 پارەیان وەرگرتبوو و گەڕابوونەوە شوێنەكانی خۆیان، بەتایبەتیش بەغدا و ناوچەكانی دیكەی خوارووی عێراق، ئێستا پارێزگاری كەركووك كە عەرەبە بۆ بەعەرەبكردنەوەی كەركووك بەكاریان دێنێـتەوە و هەردوو مەزهەبیش هاوكاری بەعەرەبكردنەوەن.
لەبەرامبەردا، كورد دەیەوێ لە دراوسێیەتیش واوەتر بچێت، لێ هیچ یەكێ لەو نەتەوانە لێی وەرناگرن، لە هەمووی ناخۆشتر ئەوەیە، حزبی كوردی كار لەسەر ئەوە دەكات كورد لە سەر خاكی خۆیدا دراوسێیەكی گوێڕایەڵ بێت، مافیشی بخورێت داوای نەكات، ئێستا حزبی كوردی دوای رشتنی خوێنێكی زۆر، پێی وایە كورد هاوڵاتییەكی ئاسایی عێراقە، كەچی حكوومەتی نەتەوەكانی سەردەست، بەتایبەتیش لە عێراقدا ئامادە نییە گوێ لە كورد بگرێ و كات دەكوژێ، بەختی ئەوانە كورد لە هەموو پارچەكاندا پارچە پارچەیە، لەكاتێكدا وەك عەرەب كێشەی قووڵی مەزهەبیی نییە، كەچی عەرەب زۆر بە ئاسانی لەكاتی پێویستدا بەرووی كورد دەوەستێـتەوە، بەڵام حزبی كوردی ناكۆكیی ناوخۆی بەلاوە گرنگترە تا رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەی هەرسێ نەتەوەی سەردەست، بۆیە ئامادەیە لە رقەبەرایەتی ناوخۆدا پشتیوانی عەرەب بكات، بەڕاستی كورد بۆ وان دراوسێی باشن، ئەرێ دراوسێیەتی واتان دیوە؟