پیاو لە گوندیدا نەماون

پیاو لە گوندیدا نەماون
ئافرەتێک لە گوندێکی دوور لە گوندەکەی خۆیان شوو دەکات، دوای ماوەیەک دوو کەسی گوند رێیان دەکەوێتە ئەو گوندەی ئافرەتەکە شووی لێ کردووە، ئەوانیش بڕیار دەدەن سەردانی ئافرەتەکە بکەن و نان و چایەکیش لای ئەو بخۆن، کاێک ئافرەکە ئەو دوو کەسەی گوندەکەیا دەبینێ زۆر خۆشحاڵ دەبێ و بە گەرمی بەخێرهاتنیان دەکات، دوای خزمەت و حەسانەوە ئافرەتەکە دەڵێ: یاخوا بەخێر بێن، ئێ توخوا پێمبڵێن خەڵکی گوند چۆنن؟ کێ مردووە کێ ماوە؟
ئەوانیش دەڵێن: شوکر بۆ خوا کەس نەمردووە و خەڵکی گوندی زۆر باشن و (حەمەد)ی براشت بۆتە موختار، بە بیستنی ئەو هەواڵە ئافرەتەکە دەست دەکات بە گریان و لەخۆدان، پیاوەکانیش دەڵێن: بۆ دەگری؟ لەباتی ئەوەی پێت خۆش بێ کە حەمەدی برات بۆتە موختار، ئافرەتەکە دەڵێ: حەمەدی برام هی موختاری نییە، ئەگەر پیاو لە گوندیدا مابان حەمەدی برام نەدەبوو بە موختار، بۆیە دەزانم پیاو لە گوندیدا نەماون.
کاتێ ناوی سەرۆکی لیستەکانم خوێندەوە و دوو سەرۆک لیستم دیتن کە حزبەکەیان بەردەوام باسی چاکسازی و قوتی خەڵک دەکەن، لەوە گەیشتم کە ئەو دوو حزبە تووشی قەیرانی بێ پیاوی بوون، ئەگەرنا ئەو دوو کەسە هی ئەوە نین ببنە سەرۆکی لیست.
Top