نەگبەتیی گەورە

نەگبەتیی گەورە
حزبایەتیی تەسكبین، ئەو حزبایەتییەی كوردستانی پێ دەناسرێتەوە، تا هێزی تێدایە بەربووەتە گیانی كۆمەڵگە، توانای خراپەكاریی ئەو حزبایەتییە، بەتایبەتی دوای رووداو و نەهامەتییەكانی ئەم سەرزەمینە زیاتر دەردەكەوێت، خۆی مەڵاس داوە هەر رووداوێك قەوما، دێت بۆ ویستی ناشرینی خۆی بەكاری دێنێ.
ئەم حزبایەتییە سەقەت و نەفرەتییە، باشترین ئامرازی دەستی دوژمنانە، بە جۆرێك وای لێهاتووە، رۆژانە و لە كاتی رووداویشدا ژەهری خۆی بڕێژێ، كار بۆ ئەوە دەكات خەڵكی كوردستان ئاگای لە راست و چەپی خۆی نەبێت، هەرچی كارەساتی بەسەردا دێت، حزبایەتی لێی ناگەڕێ بەرچاوی خۆی ببینێت، لە راستیدا ئەم دیمەنە تراژیدییە، ئەوەی لێ دەفامرێتەوە شەڕێكی گەورە لە نێوان كۆمەڵگە و حزبایەتیی بەرچاوتەنگ هەیە، بە هۆیەوە هەوڵی بە لاڕێدابردن دەدرێ، بۆ ئەوەی كۆمەڵگە دەرەتانی ئەوەی نەبێت، رووداوەكان لێكجیابكاتەوە و ناسنامەیان دیاری بكات، كامەیان ترسناكە و كامەیان جێی ترسێكی ئەوتۆ نییە؟ كارەسات بە كارەسات بزانێ و رووداوی بچووكیش بە بچووك.
ئەوەی رۆژی 23ی تەممووزی 2018 لە هەولێر روویدا، كاتێ سێ تیرۆریست هەڵیانكوتایە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، چەند سەعاتێك مانەوە و دواتر هەرسێكیان كوژران و كارمەندێكیش شەهید و پۆلیسێك بریندار بووە، ئەمە رووداوێكە روویدا، بەڵام ئەگەر بتەوێ لە سۆشیال میدیاوە سەیری كۆمەڵگەی كوردستان بكەی، بۆت دەردەكەوێ ئەو حزبایەتییە چۆن دەستی لە بیناقاقای خەڵك ناوە، رووداوەكە رووداوێكی تیرۆریستی بوو، كەچی بەپێی میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و لەوێشەوە بۆ تەواوی كۆمەڵگە، شەڕی لایەنەكان لەسەر ئەوەیە رووداوەكە شوێنبزر بكرێ و بەرگی تیرۆری لێ دابماڵرێ، بەتایبەتیش كە دەركەوت تیرۆریستەكان لە بەرەی لایەنە سیاسییە ئیسلامییەكانن، ئەم رووداوە دەمانباتەوە سەرەتای هاتنی داعش لە 2014 كاتێ هەندێ لایەن لە كوردستان هەبوون، دەیانگوت جارێ ناتوانین بڵێین ئاخۆ داعش لە ئیسلام لای داوە یان نا؟ ئەمە لە كاتێكدا بوو داعش سەری هەزارانی پەلدا بوو، بە سەدان ئافرەتیان بۆ خۆیان حەڵاڵ كردبوو و كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكردن.
هێشتا لە ناو باڵەخانەی پارێزگا هەر تەقە بوو و كۆنتڕۆڵ نەكرا بوو، بڵندگۆی حزبەكان دەیان شیكردنەوەیان بۆ كرد، هەیان بوو كۆمەڵێك سیناریۆی ریز كردبوو، بە جۆرێك هەموومان بڵێین ئەوە كردەوەیەكی تیرۆریستی نییە، بەڵكو دەنگی هەقە بە رووی ناهەقیدا، ئەرێ ئەگەر ئەو سێ هەرزەكارە گوێیان بە جیهاد نەئاخنرابێ، دەبێ چیدی پاڵی پێوەنابن ئەو كارە بكەن؟ دڵنیام ئەگەر بەخت یاوەریان بوایە و نەكوژرابان، دوای پازدە ساڵی دی تێدەگەیشتن كە ئەوان بە دەستی مامۆستاكانیان هەڵخەڵەتێندراون، ئەو مامۆستایانەی بۆ خۆیان نموونەی ئایەت و فەرموودەی ژیانی خۆش دەهێننەوە و بۆ ئەو منداڵ و هەرزەكارانەش نموونەی ئایەت و فەرموودەی جیهاد و بێ قیمەتكردنی ژیان، لە كۆتاییدا ئەوەی روویدا تیرۆرە و ئەنجامدەرانیشی خۆماڵی و مێد ئین كوردستان بوو.
Top