یاسای بەرەنگار بوونەوەى تیرۆر و چوار لایەنەکە

یاسای بەرەنگار بوونەوەى تیرۆر و چوار لایەنەکە
لە ماوەی چوار ساڵی رابردووی کاری پەرلەمانی کوردستان هەر پرسێک هاتبێتە پێشێ، چوار لایەنەکە گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی و یەکگرتوو دژ بە پارتی لە بەرەیەکدا بوون، بەلایانەوە گرنگ نەبووە ئەو پرسە تا کوێ خزمەت بە دۆزی کورد دەکات، ئەوەی بەلایانەوە گرنگ بووە دژایەتی کردنی پارتی بووە و پێیانوابووە خزمەتی دۆزی کورد لە دژایەتی کردنی پارتی دایە، بۆیە زۆر جاران دژایەتی کردنەکە بەسەر خۆیاندا شکاوەتەوە و زەرەرمەندی یەکەم خۆیان بوون، بەڵام ئەوان خۆیان بە سەرکەوتوو داناوە، چونکە ئامانجیان دژایەتی کردنی پارتی بووە و سەرکەوتنی خۆشیان لە دژایەتی کردنی پارتیدا بینیوەتەوە.
لە یاسای بەرەنگار بوونەوەی تیرۆردا جارێکی تریش چوار لایەن کەوتنە بەرەیەک و لایەنێکیش بە تەنیا کەوتە بەرەیەک، بەڵام بەرەبەندی ئەمجارە پێچەوانەی بەرەبەندی رابردووی لایەنەکان بوو، پارتی و گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو کەوتنە بەرەیەک و کۆمەڵی ئیسلامیش کەوتە بەرەیەک، هەڵوەشانی بەرەبەندی رابردووی چوار لایەنەکە لەسەر پرسێکی گرنگی وەک یاسای بەرەنگار بووەنەوەی تیرۆر و دەرچوونی کۆمەڵی ئیسلامی لە بەرەبەندیەکە وادەکات بپرسین: ئەو دەرچوونەی کۆمەڵی ئیسلامی لە بەرەندیەکە و تاقبوونەوەى چ مەرامێکی لە پشتە و چیمان پێدەڵێ؟
گومان لەوەدا نییە کە دەنگدان بە یاسای بەرەنگار بوونەوەى تیرۆر رەتکردنەوەى تیرۆرە و دەنگ نەدانیش پێی پشتیوانی کردنە لە تیرۆر، کۆمەڵی ئیسلامی بە گشتی و ئەمیرەکەشیان بە تایبەتی پێشینەیەکی تیرۆرخوازیان هەیە، هیچ پرسێکی پەرلەمانیش ئەوەندەی یاسای بەرەنگار بوونەوەى تیرۆر کۆمەڵی ئیسلامی تەنگاو نەکرد، کەواتە کۆمەڵی ئیسلامی و ئەمیرکەیان روون و ئاشکرا لەگەڵ تیرۆرن و بەو دەنگنەدانەش ویستیان تیرۆر بە یاسایی بکەن و وەک دەیانەوێ ئەسپی تیرۆریستی خۆیان لە کوردستان تاوبدەن.
Top