پیاوە مەردەکە و باوکی هەژاران

پیاوە مەردەکە و باوکی هەژاران
هەموومان لە بیرمانە لە کاتی ناشتنی جەنازەی نەوشیروان مستەفا، عەلی باپیر وێنەیەکی نەوشیروان مستەفای خستبووە سەر سینگە پڕ لە مەعریفەکەی و دەیگوت: کاک نەوشیروان لە دڵمان دایە و درێژە پێدەری رێبازەکەی دەبین، هەڵسووڕوانیش پڕ بە گەروویان دەیانشیڕاند و هاواریان دەکرد: پیاوە مەردەکە پیاوە مەردەکە...
ئەوکات ئەو هەڵوێستە دژە شەرعیەی عەلی باپیر و شیڕەشیڕی هەڵسووڕاوان ئەو پرسیارەی لەلا درووست کردم: ئەرێ چی نەوشیروانی کۆنە مارکسی و عەلی باپیری بەناو ئیسلامخواز و ئەمیری موسڵمانان بەیەکەوە دەبەستێتەوە؟
ئەوکات وەڵامی ئەو پرسیارە لای خەڵکی بە ئاگاو خاوەن ئەزموون روون بوو، خەڵک دەیزانی هەردوکیان هەڵگری ڤایرۆسی توندڕوەی ئایدۆلۆژین و بڕوایان بە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان نییە، پرسی ریفراندۆم و هاودەنگی فراکسیۆنەکانیان لە بەغدا و هەماهەنگیان لەگەڵ حزب و لایەنە عەرەبیەکان هەموو گومانەکانی لەسەر ئەو راستییەی رەواندنەوە.
لە پەرلەمانی کوردستانیش فراکسیۆنەکانیان وەک یەک دەدوان و ئەگەر یەکێکیان پژمیبا، ئەویتریان دەیگوت: چاک دەبێ انشااللە، بۆ راستی ئەو بۆچوونەش لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی کاری پەرلەمانیدا ئەو دوو حزبە ئایدۆلۆژیە هاوڕاو هاودەنگ بوون.
لە شەقامیش بەردەوام سواری شەپۆلی داخوازی خەڵک دەبوون و لە ئاخوڕی دەسەڵاتیش دەلەوەڕاون، سەری زمان و بنی زمانیان شەفافی و قوتی خەڵک و گێڕانەوەی داهاتی گشتی بووە، بە دزیشەوە پارەیان لە حزبەکانی دەسەڵات وەرگرتووە.
لە سەرووی ئەوانەشەوە سرووشتی ئایدۆلۆژی خوازەکان وایە هەموو پیرۆزی و راستییەکان لە خۆیاندا کۆدەکەنەوە و هەر بیروبۆچوونێکی دەرەوەی خۆیان رەت دەکەنەوە، ئەوەش وادەکات بڕوای تەواویان بە توندڕوی هەبێ و پاکتاوی جیاوازیەکان بە رەوا بزانن، هەر بۆیەش بەرپرسی یەکەمی هەردوو حزب لە کاری ئیرهابخوازیدا تەواوکەری یەکتری بوون، نەوشیروان مستەفا بە ئیرهابی فکری تەخوینی نەیارەکانی دەکرد، عەلی پاپیریش هەر کاتێک و لە هەر شوێنێک بۆی هەڵکەوتبێ بە ئیرهابی جەستەیی پەلاماری نەیارەکانی داوە، بۆیە پێویستە هەموو خەڵک ئەو راستییە بزانێ کە نەوشیروان مستەفا و عەلی پاپیر دووڕووی یەک دراو بوون و یەک ئامانجیش کۆی کردوونەوە، ئەویش برەودان بە کاری تیرۆریستی و دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان بووە.
Top