ڕەخنە لە پارتی بگرن

ڕەخنە لە پارتی بگرن
بە هۆی مانۆڕی سیاسیی لایەنەكان، دیوە شاراوەكەی رەخنەگرتن ئاشكرا بوو، دەركەوت رەخنەگرتن لە پێناوی خەڵك نییە، بەڵكو لە پێناوی حزبە، لێ بەناوی خەڵك رەخنەكە دەگرن، هەر كاتێ حزبەكان گفتوگۆ دەكەن، بە گوێرەی لێدوانەكانیان دەردەكەوێ كە كێشەی گەورەی حزبی رەخنەگر دەسكەوتی حزبییە، ئەو جۆرە حزبانە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیاریەتی، هەمیشە خۆیان وا پیشان دەدەن بەو رەخنانەیان دەچنە بەرەی گەل، ئەو حزبەی رەخنەشی لێ دەگیرێ دەیخەنە بەرەی دژە گەل، ئەوە لە خەیاڵێكی خۆش زیاتر نییە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆرترین رەخنەی لایەنەكانی بەردەكەوێ، تەنانەت وای لێهاتووە رەخنەگرتن لە پارتی، وەك چالاكی و چنینەوەی دەسكەوتی حزبی ببینن، ئەگەر دیقەت بدەین هەندێ لەو حزبانە، ئەو رەخنانەی دەمێكە لە پارتیی دەگرن، وردە وردە لە خۆیاندا دەردەكەوێ، كەچی رووبەرێكی بەرفراوانی چالاكییەكانیان كاركردنە لەسەر پارتی، لە شاشەی تەلەفزیۆنەكانەوە هەموو كێشەكان دەخەنە ئەستۆی پارتی، ئامادەش نین بەشی خۆیان بەرپرسیاریەتی بخەنە ئەستۆی خۆیان، زۆر بە ئاسانی گرێی پارتییان دروستكردووە، كێشەكان بە ئاقارێكدا براون، جۆرێك لە سەرلێشێواوییان بۆ خەڵك پەیدا كردووە، چونكە ئەو حزبانە كێشە و گرفتەكانی خۆیان دەكەنە كێشەی خەڵك، ئەمەش پێچەوانەی حزبایەتیی رەسەنە، راستییەكە ئەوەیە كێشەی خەڵك بە كێشەی حزب بزاندرێ، نەك سەرەڕای ئەوەی خەڵك كێشەی خۆی هەیە، كێشەی حزبەكانیش ببێتە سەربار.
لە هەمووی خراپتر ئەوەیە، ئەو حزبانەی گرێی پارتییان هەیە، لە رقی پارتی كاریان لەسەر رەشكردنی كوردستان و جوانكردنی حوكمڕانیی عێراق كرد، خەڵكی كوردستان لە خۆپیشاندانەكاندا داوای رەوای خۆیان بەرز دەكردەوە، بەڵام حزبەكان داوای خۆیان كە دژایەتیكردنی پارتی بوو دەخستە سەرشانی خەڵك، دەیانویست داوای سەقەتی حزبایەتی بكەنە داوایەكی جەماوەری، داوای مووچە داوای خەڵك بوو، بەڵام داواكردن لە عەبادی كە هێز بۆ كوردستان بجوڵێنێ داوای حزب بوو، لە ناو خەڵكدا بەرگریكاری جەماوەر بوون، بەڵام لە كۆبوونەوە و ژوورە تاریكەكاندا، باری خەڵكیان گران دەكرد و داوایان لە بەغدا دەكرد مووچە نەنێرێ.
رەخنەگرتن لە پارتی لە پێناوی كوردستان رەخنەیەكە لەجێی خۆی، بەڵام نابێ قازانجی رەخنەكە بچێتە گیرفانی بەغدا و پایتەختەكانی دەوروبەر، ئەرێ كاتێ تیری دوژمنان رووی لە بارزانی بوو، لوولەی دەبابەی حەشد و سوپای عێراق رووی لە هەولێر و دهۆك بوو، پیلانی دەوڵەتانی ئیقلیمی لە گەرمەیدا بوو و پێشمەرگە بەرگریی بێوێنەی كرد، رەوابوو داوا لە بەغدا بكرێ هێز بجوڵێنێ؟ ئاخر بەغدا چی لە دەست هات كردی، بەڵام پێشمەرگە نەیهێشت.
بۆیە روو لەو حزبانە دەكەم و دەڵێم: تا هێزتان تێدا هەیە رەخنە لە پارتی بگرن، بەڵام دان بەو هەڵە گەورەیەی خۆتاندا بنێن كە لەبەرامبەر بەرنامەی نەهێشتنی قەوارەی كوردستان بیدەنگ بوون، هێشتاش بەغداتان پێ ئاشتیخواز و هەولێریش شەڕفرۆش بوو، ئەوە راستبكەنەوە و رێگە راستەكە بگرنەبەر، رۆژێ سەدجار رەخنە لە پارتی بگرن.
Top