تانەوێ راستییەکان بزانن نامەیەک بۆ مەکتەبی سیاسی
July 16, 2018
وتار و بیروڕا
بۆ سەرووی خۆت راستییەکان وەک خۆی بگەیەنە و دوژمن لەوە بەهێزتر پیشان بدە کە هەیە، بۆ ئەوەی سەروو بە بەرنامەی رووبەڕوو بوونەوەی دوژمندا بچێتەوە و دەستنیشانی خاڵی بەهێزی دوژمن و خاڵی لاوازی رووبەڕوو بوونەوەکە بکات، چونکە ئەگەر دوژمن لاواز پیشان بدەی و واش نەبێ، ئەوا ئێمە لەسەر ئەو بەرنامەیە دەڕۆین کە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی دوژمن دامان ناوە و بەرنامەکەشمان لە ئاستی رووبوڕوو بوونەوەى دوژمندا نییە، بەڵام بۆ خوارووی خۆت دوژمن لەوە لاوازتر پیشان بدە کە هەیە، بۆ ئەوەی ورەو ئومێد بە خوار خۆت ببەخشی و لە هەموو قۆناغێکیشدا ورەو ئومێد سەرکەوتن مسۆگەر دەکات، لەو کاتەوە پەیڕوی ئەو ئامۆژگاریەی کاک ئیدریسم کردووە و باجیشم داوە، چونکە بەرپرسانی ئێستا نایانەوێ راستیەکان وەک خۆی بزانن و پێیانوایە زانینی راستیەکان بۆ ئەوان کەمییە و رەخنە گرتنە لە ئەدای کار و بەرنامەی ئەوان.
لێرەدا دێمە سەر کرۆکی باسەکەم و بە ئێوەی بەڕێز دەڵێم: ناتانەوێ راستییەکان بزانن و بە گوتنی راساییەکان ناڕەحت دەبن، ئێوە لە بەدوادا چوونتان بۆ گەیشتن بە راستییەکان تەنها لە بەرپرسە باڵاکانی دەزگا حزبییەکان دەپرسن، ئەوانیش تا ئەو شوێنە راستییەکانتان پێدەڵێن کە لە بەرژەوەندی خۆیان نەدرێ، بە واتایەکی تر بە درزی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و دابین کردنی بەرژەوەندی زیاتر راستییەکانتان پێدەگەن، لەوەش خراپتر پێچەوانەی ئامۆژگاریەکەی کاک ئیدریس بۆ ئێوە نەیارانی پارتی نابووت دەکەن و بۆ خوار خۆشیان نەیارن بە فیرعوەن دەردەخەن، بەوەش هەم فێڵ لە ئێوەی سەروو دەکەن و هەمیش ورەو ئومێدی خوار خۆیان بە سەرکەوتن لاواز دەکەن، ئەوەش وادەکات کارنامەی کارکردنتان لە ئاستی رووداوەکان نەبێ و پارتی لە جوغزێکی دیاریکراودا بسووڕتەوە، بۆیە بە راشکاوی پێتان دەڵێم: تا ئەوانە تاکە سەرچاوەی زانیاریەکانتان بن ناگەنە راستییەکان، بە نەگەیشتنی راستییەکانیش پێتانوایە کارنامەی کاری حزبیتان سەرکەوتووە، جا ئەگەر دەتانوێ راستییەکان وەک خۆی بزانن، پێویستە بۆ بگەڕێنەوە بۆ خوارترو هەوڵبدەن لە جەماوەر و دەنگدەری پارتی راستییەکان وەک خۆی وەربگرن، چونکە ئەوان لە گەیاندنی راستییەکان زەرەرمەند نابن و لە بەرژەوەندیان نادرێ، ئەوجار تێدەگەن کە راستییەکانتان چۆن لێ شاردراونەوە.