نامەیەک بۆ بارزانی نەمر
July 13, 2018
وتار و بیروڕا
بەڵێ جەنابی بارزانی.. چۆنت فەرموو، فەرموودەکەت وەک خۆی هاتۆتەدی و سەرکەوتین، وەک ئەوەش کە ترست لەوە پیشان دابوو کە ماندوو بووەکان و خەباتگێڕەکان لەبیر بکرێن، ئەویش چۆنت فەرمووە بە زیادەوە هاتۆتەدی و نەک هەر لەبیر کراون، بەڵکو لەلایەن ئەو دز و گەندەڵە گیرفان قوڵانەی بۆ مەبەستی تایبەتی، خۆیان خزاندۆتە ناو رێبازەکەت سووکایەتیشیان پێدەکرێ.
بەڵێ جەنابی بارزانی.. ئەوکاتە سەرکەوتنمان مسۆگەر بوو کە پێشمەرگە لە شاخ و رێکخستنەکانیش لە شار دەستیان بە رێبازە پرۆزەکەتەوە گرتبوو و بەرەو سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان وەک دەنکە تەسبێح لەناو رێبازە مەزنەکەتدا بە دوای یەکدا هۆنرابوونەوە، بەڵام ئێستا ئەوان وەلانراون و دز و گەندەڵەکان، ماستاوچی و ماستاو بۆ کراوەکان، لە شوێنیان وەک دەنکە تەسبێح هۆنراونەوە و بەرەو کۆکردنەوەی سەروەت و سامان لە پێشیڕکێ دان.
بەڵێ جەنابی بارزانی.. ئێستا ئەو رۆژەیە شوێنکەوتوانت بێ ماندوو بوون سەرکەوتن و دوای سەرکەوتن لەبیر کران، بەڵام لە بیرکراوان تا خاوەنی رێبازی تۆی دووربین بن، بێ ئومێد نابن و بڕوایان بە دوا سەرکەوتن هەیە، چۆن بەڕێزتان پشت ئەستوور بە دەرچووانی قوتابخانەکەت توانیت هەموو بەربەستە ناوخۆیی و دەرەکیەکان ببڕی و پیلانە یەک لە دوای یەکەکانی دوژمنان و نەیارەکانت پوچەڵ بکەیەوە، شوێنکەوتوانیشت پشت ئەستوور بە رێبازەکەت و بە هێز وەرگرتن لە فەرموودە و ئەزموونە شۆڕشگێڕیەکەت، دەتوانن ئەو بەربەستە ببڕن و خەون و خۆزگە نەتەوەییەکانت بێننەدی.