رێبازی بارزانی نەمر بۆ من و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ئێوە

رێبازی بارزانی نەمر بۆ من و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ ئێوە
رێبازی بارزانی نەمر واتا قوتابخانەی خۆشەویستی خاک و قوربانیدان لە پێناو پاراستنی ئەو خاکە، هەڵوێستی کوردانە و راهێنانی تاک و کۆمەڵ لەسە کوردایەتی کردن و هزر و بیری نەتەوەیی، پێدانی رەوشتی بەرزی شۆڕشگێڕی و خەباتی بەردەوام و نەپساوە، بەگژدا چوونەوەی زوڵم و ستەم و ژێردەستی و خەبات و قورباندان لە پێناو رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان، وەک پێشەوا قازیش لە کاتی دادگایی کردنیدا بە ئێرانیەکانی گوتووە، هەرچی راستگۆیی و خەسڵەتی جوان و رەوشتی بەرزی مرۆڤایەتی کە لە تاک بە تاکی مرۆڤە گەورەکانی جیهاندا هەن، هەموویان بە تەنیا لە مەلا مستەفای بارزانیدا کۆبوونەوە، بارزانی نەمریش لە دوای خۆی هەموو ئەوانەی لە چوارچێوەی رێبازێکدا بۆ ئێمەی شوێنکەوتوانی جێهێشتووە، جا کە دەڵێم رێبازی بارزانی نەمر بۆ من، هەموو ئەو خەسڵەتە بەرز و جوانانە دەگرێتەوە کە لە دوای خۆی بۆی بەجێ هێشتووین.
گەندەڵی و دزی، خزمخزمێنە و بەرژەواندخوازی، گەڕان بە دوای دەستکەوتی تایبەتیدا، وڵاتفرۆشی و جاشێتی و خیانەت و هەموو ئەو کارو کردەوە دزێوانەی دەکەونە دەرەوەی رێبازی بارزانی نەمر، لەو کار و کردەوە نەشیاو و نانەتەوەیی و نانیشتیمانیانەن کە لە لایەن بارزانی نەمر و رێبازەکەیەوە نەفرەتباران کراون، دەبنە بەشی ئەو کەس و دەستە و گرووپانەی کە بە ئاشکرا یان بە نهێنی دژایەتی رێبازەکەی دەکەن، یان بۆ مەرامێکی تایبەتی بەرگی پاکی ئەو رێبازەیان پۆشیوە، جا ئەوانە لەناو هەر حزب و رێکخراوێکی سیاسی دابن، بە وانەش کە لەناو پارتی دیموکراتی کوردستاندا خۆیان حەشار داوە.
Top