ریفراندۆم DNA سیاسی بوو

ریفراندۆم DNA  سیاسی بوو
لەگەڵ بڕیاری ریفراندۆم عەرەب بە چەپ و راستیەوە، بە ئیسلامی و عەلمانیەوە، بە شیعە و سوننەوە، کێشە سیاسیەکانی نێوانیان و شەڕ و دوژمنایەتی و کوشتاری (١٤٠٠) خۆیان خەواند و لە سەنگەری عرووبە و بە چەکی جەهالەتەوە کەوتنە شەڕی بەرەی سەربەخۆیی و ئازادیخواوانی کورد، ئەوە ئاسایی و چاوەڕوانکراو بوو، چونکە هەر کاتێ گوڵ لەسەر زبڵدان ڕوا و هەڵۆ لە نزمی مرد، ئەوکاتەش عەرەب دەستبەرداری بیری عەرەبچێتی و هێزی شمشێر دەبێ و دەست لە کوشتوبڕی کورد هەڵدەگرێ.
ریفراندۆم ئەگەر هیچی بۆ کورد نەکردبێ پشکنینی (DNA) سیاسی بۆ سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کرد, بەر لە ریفراندۆم و پشکنینی (DNA) هەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لەسەر کوردایەتی و مافی سەربەخۆیی لە ململانێ و پێشبڕکێی سیاسی دابوون، بەڵام ریفراندۆم و پشکنینەکە کارتی موزایەدەی لە دەست موزایەدەچیان دەرهێنا و حزب لایەنەکانی کردن بە دوو بەشەوە، وەک لە پشکنینەکەدا دەرکەوت بەشێکیان تەنها لە وتار و بانگەشەدا کوردستانی بوون، لە کردار و ناخیشدا هەڵگری ڤایرۆسی عرووبە و عێراقچێتی بوون، بۆیە ئەو بەشەیان گەڕانەوە سەر بەرەبابی عرووبە و دەمامکی ساختەی کوردایەتیان لەسەر دەموچاو لادارا، دوای ئەوە لە کوردستان و لە بەغداش لە عەرەب عەربتر بوونە پارێزەری عێراقی یەکپارچە و شمشێری ژەنگنی عرووبەیان لە کوردایەتی و ئازادی کورد و سەربەخۆیی کوردستان هەڵکێشا، بەشەکەی تریش چۆن بە ژەکی کوردایەتی فرچک درابوون و بە لایەلایەی شۆڕشگێڕی پەروەردە کرابوون، وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان رێبازی کوردایەتیان گرتەبەرو خواستی سەربەخۆیی کوردستانیان بە دۆست و دوژمن گەیاند.
بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئەو بەشەی لە پشکنینی (DNA) سیاسی کورد دەرنەچوون و گەڕانەوە سەر بەرەبابی عرووبە، زیاتر لەو بەشەی لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان خەباتیان کردووە و رەنجیان داوە، شانازی بە عرووبە بوونی خۆیانەوە دەکەن و عێراقچێتی وەک خەمخۆری و پەرۆشی بە کوردی ژێردەستە و وڵات وێرانی چاو لە دووی سەربەخۆیی دەفرۆشنەوە, بەوەشەوە ناوەستن و بەرەی سەربەخۆخواز بەوە تاوانبار دەکەن کە پیلان دژی یەکپارچەیی خاکی عێراق دادەڕێژن.
Top